هاوارێک لە هەناوی کارمەندەکاندا
کارزان عەلی
خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی (کارمەندەکان)
لە ڕاستیدا بە هۆی تێمای نوسینی ڕۆمانەکەوە، دەکرێت بە سەر چەند ئاستێکی خوێندنەوەدا دابەشی بکەین، کە لای منی خوێنەر لە سێ ئاستی سەرەکیدا دەیبینمەوە.
یەکەم: ئاستی ئابووری کۆمەڵایەتی
دووەم: ئاستی پۆست سەرمایەداری
سێیەم: ئاستی خەیاڵی زانستی.
هەر سێ ئاستی خوێندنەوەکە دەکرێت بە خاتری شێواز یان ستایڵی نوسینی ڕۆمانەکە لە بەستێنی دەقەکەدا خۆی بەیان بکات، چونکە شێوازی نوسینی ڕۆمانەکە، کە تەواو سەر بە شێوازی گێڕانەوەی پۆست مۆدێرنە، لەگەڵ ئەوەشدا دابەشکاری ئاستەکانی گێڕانەوە، وا دەکات زیاد لە خوێندنەوەیەک هەڵبگرێت.
بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەم لە میانی خوێندنەوەیەکی گشتیدا، هەر سێ ئاستی خوێندنەوەکە تێکەڵ بکەم.
هێڵی سەرەکی ڕۆمانەکە، گێڕانەوەی بچڕ بچڕی مرۆڤێکە لە ناو کەشتییەکی بۆشایی ئاسماندا، کە بەرەو (هەسارەیەک) بەناوی (کەشفی نوێ) دەڕۆن. بەکارهێنانی چەندین تێرم و دەستەواژەی زانستی ــ کۆمپیوتەری، ڕاستیەک لای خوێنەر دەسەلمێنێت کە ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەستێنی گێڕانەوەی خەیاڵی زانستیدا جێ دەگرؽت. بە مانایەک کە ئەم تێمایە، لە شێوەی گشتیدا وەک خەیاڵی زانستی دەردەکەوێت، بە تایبەتی کە نوسەر لە هەندێ جێگەیدا بە شایەتیەکانی (مرۆڤە ئامێر) ئەم وابینە (تصور ) تۆختر دەکاتەوە.
بەڵام تا زیاتر بەرەو قووڵایی ڕۆمانەکە ڕۆبچین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە دەکرێت (کەشتی ژمارە شەش هەزار) یەکێک بێت لەو هەزاران کارگەیەی کە سەدان فەرمانبەر یان کارمەند، کاری تێدا دەکەن.
لە دووتوێی ڕۆمانەکەوە، دەیان شایەتی (گەواهی) دەخوێنینەوە کە باس لە هەمان هەستی مرۆڤ دەکەن، مرۆڤێکی دروستکراو لە گۆشت و خوێن، تەژی لە هەستەکانی وەکو برسێتی و تینوێتی و سۆز و بیرکردنەوە، مرۆڤێک وەک ئەوەی دابڕابێت لە کۆمەڵگە و لە یەکێک لە کەشتییە ئاسمانییەکاندا کە سیمبوڵی هەمان کارگە گەورەکانە، بە دەست ئیشکردن و ماندووبوون و بێ خەوی و بێ پشوودانەوە دەناڵێنێت. مرۆڤێک کە سیستەمی پۆست سەرمایەداری وەک ئامێر یان (مرۆڤە ئامێر) سەیری دەکات. دەیان کاتژمێر لە خێزان و کۆمەڵگە دایدەبڕێت، کاری پێ دەکات، ماندووی دەکات، تەواو وەک ئەوەی لە کەشتییەکی ئاسمانی دەرەوەی گۆی زەویدا بێت.
هەموو ئەو شایەتی یان گەواهییانەی نوسەر لەم ڕۆمانەدا دەیانگێڕێتەوە، تەنیا چەند شایەتییەکی کەم نەبێت، هەموو ئەوانیتر شایەتین لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی ــ ئابووری ئەو کۆمەڵگەیەی لێشاوی سەرمایەداری و پۆست سەرمایەداری لە ڕۆژئاوادا دروستی کردوون.
کاتێک خوێنەر بە قووڵی نێوان دێڕەکانی ئەم ڕۆمانە کەشف دەکات، قەبارەی ئەو دابڕان و دوورکەوتنەوە و لەقاڵبدانەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە سیستەمی سەرمایەداری دەیسەپێنێت بە سەر ئەندامانی کۆمەڵگەدا. بە شێوەیەک کە تەنانەت شێواز یان ستایڵی ڕۆمانەکەش (هەرچەندە گێڕانەوەی پۆست مۆدێرنە) ملکەچی ئەو دابڕین و پاژ پاژ بوونەیە کە کارەکتەری سەرەکی دەیگێڕێتەوە، وەک ئەوەی نوسەر پێمان بڵێ لە ژیانی پۆست سەرمایەداریدا، ژیانی سارد و سڕی ناو کارگە و دامەزراوە زەبەلاحەکانی سەرمایەداری، تەنانەت چێژی ئەوەی لێ سەندووین کە بە یەک ڕیتم و یەک شێوازی ئاسایی گێڕانەوە، بەردەوام بین. شێوازی نوسینی ڕۆمانەکە کرۆنۆلۆژی نییە، بەڵکو تەواو وەک مرۆڤی سەردەمی کارخانە گەورەکان، هەرجارە و پاژێک، پارچەیەک دەگێڕێتەوە، شایەتی لەسەر دۆخێک دەدا کە بچڕ بچڕ و تەواو نەکراوە، دابڕینی مرۆڤە لە یادگەکانی خۆی، کەرت کردنێتی بە ئەندازەی کۆی پاژەکانی ڕۆمانەکە.
ئەوەی کە دەکرێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بەستنەوە و گرێدانەوەی هەموو ئەو حیکایەتە بچڕانەی مرۆڤە لەم سەردەمە پەرتەوازەیەدا، وەک پێکەوە لکاندنەوەی یارییەک (پەزڵ) کە دواجات بتوانین وێنەکە تەواوەکەمان بۆ ڕوون ببێتەوە. بە شێوەیەک لە کۆی هەموو ئەو شایەتیانە، بتوانین ئازاری دەروونیی ئەو کارمەندانە بخوێنینەوە کە وەک ئەوەی لە کەشتییەکدا بن، کەس نازانێت چارەنووسیان بەرەو چ ئاراستەیەکیان دەبات.
دوواین قسە بکرێت، دەستخۆشی و هەڵبژاردنی ئەم دەقە زیندووەیە لە لایەن وەرگێڕەوە کە بە توانا و سەلیقەیەکی ئەدەبی ناوازە، توانیویەتی هەمان هەستی نوسەری دەقەکەمان بۆ بگوێزێتەوە بۆ سەر زمانی کوردی، کە لە ڕاستیدا شایانی پێزانینە.
ئەم ڕۆمانە لە لایەن وەشانی نوسیار لە ساڵی 2025 دا بڵاو کراوەتەوە. ڕۆمانەکە لە نوسینی (ئۆڵگا براون) کە شاعیر و ڕۆماننوسێکی دانیمارکییە، نوسراوە. و لە زمانی یەکەمەوە لە لایەن وەرگێڕی بە توانا (ئالان پەری) یەوە کراوەتە کوردی.