b95d32b1-e913-40fc-92c2-df100d3368eb

2025/04/17

ژنەکان درێژە بەو تراژیدیایە دەدەن

ئارام محەمەد

ڕەنگە ئەمە گونجاوبێت ئەم ڕۆمانە ناو بنێم، ڕۆمانێکی قەرەباڵەغ. دیارە قەرەباڵەغ بەو واتایە نا نووسەر هەرچی بەدەستدا هاتبێت فڕێیدابێتە ناو ڕۆمانەکەوە، بەڵکو مەبەستمە بێژم: خاوەنی ڕستەی کورت کورت و خێرایە، گۆڕانی چیرۆک بۆ چیرۆکێکی دیکە بە خێرایی، کات و بۆ کاتێکی دیکە و شوێن بۆ شوێنێکی دیکە، دیالۆگ بۆ دیالۆگی دیکە. هەموو ئەمانە جۆرێک لە قەرەباڵغی درووستکردووە و ناهێڵێ نا، بەڵکو خوێنەر ناتوانێت داببڕێت و تاوێک لەگەڵ چیرۆکێک یان ڕووداوێکی ناو ڕۆمانەکە بمێنێتەوە، بە جۆرێک ڕووداوەکان ئەوەندە خێرا زەمینەسازیان بۆ کراوە و ڕوو دەدەن، لە نموونەی ژیانی (کامیار) بە باشی ڕۆشن بووەتەوە، لە چوار پەڕەدا کامیار دێتە ناو ڕۆمانەکە و بە خێراییش کۆتایی بە ژیانی دێت. زۆرجار لە کۆدێڕ(پەرەگرافێک)دا، لە ڕووداوێکەوە بۆ ڕووداوێکی تر دەپەڕێتەوە، گەربێتوو خاڵبەندی لەبەرچاو نەگریت ئەشێ بەسەر شپرزەییدا بڕۆیت. هەموو ئەم هۆیانە وای کردووە خاوەنی زمانێکی چڕ و خێرا، هاوکات زمانێکی ژنانەیشبێت، چوونکە ئەوە ڕوونە جەنگەکان زیاتر پیاوەکان دەکاتە خۆراکی خۆی، بۆیە لێرەشدا ژنەکان درێژە بەو تراژیدیایە دەدەن.
چۆن بتوانین یەکە کولتوورکان بپارێزین لە ڕێگەی ڕۆمانەوە؟
گرنگە ڕۆمان بۆ هەر زمانێک وەرگێڕدرا شووناسی زاگەی خۆی لەدەست نەدا، لەم ڕۆمانەدا ئارام محەمەد ئەو شووناسەی بە باشی پاراستووە و کاری لەسەر کولتووری ناولێنان کردووە لەناو خێزانی کورد دا. بۆ نموونە تا ئێستەیش لە کولتووری ئێمەدا هەموو ماڵێک ناوی منداڵەکانی لەسەر یەک ڕیتم ناو دەنێت یانیش چەند پیتێکی هاوبەش لەنێوان ناوی منداڵەکانیدا هەیە، نموونە وەک( ئازاد و نەزاد و شێرزاد. یاخود لانە و جوانە و بانە). لەم ڕۆمانەیشدا زۆر جەخت لەسەر پاراستنی ئەم یەکە کولتورییە کراوەتەوە، بنۆڕە ناوی ئەم کاراکتەرانە لەناو ئەم خێزانانەدا: ( هێلان و ژیلان و لەیلان. یاخود کاژین و کاڕۆژ. یاخود تابان و تریفە و تووران). زیاتر گرنگی ئەم لایەنە لە دەمی وەرگێڕاندا دەردەکەوێت، هاوکات لە زەمەنێکی دوورتر لە نەوەی داهاتوودا.
تەکنیک و تێما: کۆی ڕۆمانەکە پێکهاتووە لە سێکوچکەیەک، ئەوانیش: (ماڵباتی تابان، ماڵباتی مستەفا، ماڵباتی کاژین)، ئەم سێکوچکەیە هەریەکەیان بەسەر سێ هێڵدا لێک نزیک دەبنەوە و لە چەقێکدا یەکدەگرن کە ئازارێکی هاوبەشە، بریتییە لە نەبوونی باوک، یان (بنەچە)، کە بەهۆیی کارەساتی ئەنفالەوە سەرنگون بوون. بۆیە دەتوانین نەبوونی باوک دیسانەوە بە نەبوونی شووناس دابنەین بەڵام لە پانتاییەکی بچووکتردا. بەو پێیەیی لە کولتووری ئێمە و بگرە جیهانیش مرۆڤ بەناوی باوکییەوە تۆمار دەکرێت. هەروەكچۆن ناولێنان لەسەر هەمان ڕیتم کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، ئەویش هەر پرسی شووناس و کولتوورە بەڵام لە پانتاییەکی گەورەتردا. دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم نووسەر ئەو هەستەی چ خۆشی یان ناخۆشی یان بێ هیوایی یان تووڕەبوون کە لەناو تێکستدا ڕوودەدات زۆر بەباشی گواستوویەتییەوە بۆ ئەوی دی خوێنەر. بەتایبەت لە کۆتاییەکانی ژیانی کاژین و بووشرا خوێنەر تەواو ئەو هەستە خەمگینی و بێ هێواییە دایدەگرێت. بەجۆرێک دۆخەت بۆ باس ناکات، بەڵکو دەتخاتە هەمان دۆخ یان نیشانت دەدات.