22222

2025/01/08

سەرنجێکی زۆر کورت

فەرهاد چۆمانی

ڕەنگە یەکێک لە زەبرەکانی سەردەم بەر شیعر کەوتبێت، شیعر هەر وەک داڕشتەیەکی خەیاڵکرد نا، بەڵکو ڕوانگە و تێڕامانی شیعری مرۆڤ بۆ دەوروبەر، وێناندنی ئەو جوڵە و بزاوتانەی دەوروبەرمان بە دیدگایەکی شیعرییەوە. وەک دڵۆپاندنی ترێ بۆ دەرهێنانی شەراب لە خڵتە.
کاتێک دنیای دەوروبەرمان پڕە لەو خڵتەیەی خۆشاوی تێڕامانمان پێ نادات، شاعیر دەگەڕێتەوە نێو خۆی بۆ نیشاندانەوەی ئەو وێنە شیعریانە بە خۆی، لە بەردەم ئاوێنەدا، لە تەنیاییەکدا کە نایەوێ بۆی ببێتە ئازار. تەنیا وەک کوانوویەک بێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر بەشیعرکردنی دەرگای داخراو، چوارچێوەی بەتاڵ… بێدەنگی، دووری. بۆ هەموو مردووەکانی ناو خۆی دەگری، ژوورەکەی وەک ناخی ناڕێکوپێکە، هەوا ساردە، دنیای خەونی بێسەروبەرە.
شیعر ئاوڕدانەوەیەکی ڕووت نییە لە دنیای دەرەوە وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو ڕامانە لەو ماک و ئیماژانەی دنیای دەرەوە لە رۆحی شاعیردا نەخشاندوونی. واتە شیعر سەرنجدان و بە دەرەوەبەخشینەوەی ئەو ئیماژانەن کە هاتوونەتە ناوەوە. بۆیە شاعیر ناچێتە نێو دنیای دەرەوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە لای ئەو ئیماژانەی دنیای دەرەوە لە ناخیدا شێوەیەکی تریان وەرگرتووە و لەبەر ئەو ئیماژانەوە دنیای خۆی و دنیای دەرەوە دەکاتە وێنەی شیعری.
بۆیە، شاعیر لەنێو دنیای خۆیدا، لەنێو سەری خۆیدا پاڵەوانە. موخاتەب بەردەوام «ئەو»ی نێو ئاوێنەیە، کە هەموو جار لەباتی خۆی، لەباتی «ئەو»ی کەسی دووەمی تاک، مەعشووق، یادەوەری زەمەنێکی بەجێماوی نیشان دەداتەوە.
زمان لێرەدا دەخرێتە خزمەت وێنەسازییەوە، چوونە پاڵ یەکی وشەکان کیمیایەکی تریان هەیە، کە لە مانای سواو جیا دەبنەوە. دەچنەوە خزمەت ئەو وێنەیەی مەبەستە دروست بێت.
لێرەدا شێوازی خودی و تایبەتی سەرهەڵدەدات، چۆنیەتی ئەم شێوازە شتێکی ترە و قسە هەڵدەگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەزموونی خودیە، هەر ئەمە وادەکات جیاببێتەوە.
شاعیربوون لەوێدا ڕاستگۆیانەیە کاتێک شاعیر لە ڕوانگەی خۆیەوە دەڕوانێت، بە مانایەکی تر ئەو وێنانەمان نیشان دەداتەوە کە جلبە جیاواز لە هەر کەسێکی تر، خۆی ئەزموونی کردوون.
هەر مرۆڤێک گەردوونێکە، ئەو گەردوونە کاتێک فێڵ لە خەیاڵ و وێنای نێو سەری خۆی ناکات، بەرامەیەکی جیاوازی دەبێت.