جیاکردنەوەی ڕەنگەکانی خەمباریی
کیاکسار ئەحمەد
وادەزانم ئەم شیعرانە کۆڵانێکبن، بە رەنگ و تەنهایی و حیکات گەمارۆدارابن. کۆڵانێک، بە رەنگی ڕۆشن لە ڕۆحید، تەنهایییەک لەبەر پەنچەرەیەکی بێ چوارچێوەدا. هێڵی درەوشاوە لەم کتێبەدا گێڕانەوەیە، ئەو حیکایەتانەی وەک ئەوەی لە زمانی هەورییەکەوە بگێڕێتەوە؛ کە بەسەر تەنافەوە با بیانهێنێ و بیانبات، وەهایە!
لەناو ئەم شیعرانەدا ڕۆحێکی یاخی و ڕۆحێکی نۆستالژی، لە شەپۆلێکی هاڕمۆنیدان بۆ دەرکەوتن لەسەر پێستی شیعر. لە ڕووی تۆبۆگرافیای شیعرەکانەوە لە سەرەتای لاپەڕەکاندا دەبینین ڕستەکان کەم و شیعرەکان کورتن، وەک ئەوەی شاعیر لەگەڵ حەوسەڵە تیوارەکان تەبا نەبێت. هەتا خوێنەریش ئەم ڕۆحە سەنگین و بوداییە نەناسێت، ئۆتۆبایۆگرافی خۆی بەیان ناکات. ئیتر لەگەڵ پەیمانبەستن لەگەڵ خوێندنەوە و تێپەراندنی لاپەڕەکان، شاعیر وەک ئەوەی متمانەت پێبکات، خۆیت پێدەناسێنێت و موفرەداتەکانی ناو زەین و ڕۆحی خۆی وەک مەرجان و یاقوتی ناو سندوقێکی بوراق، دەهێنێت و لە ناو لەپی دەستیدا، درەوشانەوەکەیمان پیشاندەدات.
ئەم شیعرانە شایەنی خوێندنەوە و لێ ڕامانن؛ زمانێکی نەرم و بەچێژی هەیە.