471190693_1115833020544508_1282334608184995348_n

2024/12/20

ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەكان

نەجات نوری

ڕۆمانی 1880 ی فریاد یاسین و ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەكانی كارۆحسین، ئەو دوو دەقەبوون لەم ماوەیەدا خوێندمنەوە، دەقی دوولاو كە هەر یەكەیان لە تێڕوانین و بیری خۆیانەوە دەستیان بردووە بۆ دوو بیرۆكەی جودا لە ناو ئەم ڕۆمانانەیاندا و توانیوویشیانە زۆر بە ئاگایانەوە كار بۆ نووسینی دەقەكانیان بكەن و زۆر پرسیار لەلای خوێنەران بەجێبهێڵن، لەوەشدا سەركەوتووبوون كە بیرۆكەی ڕۆمانەكانیان ئاسان و سادانە نەدەنە دەست خوێنەران و گرنگی بدەن بە لایەنی تەكنیك و وێنە و لایەنە شاراوەكانی دەقەكانیان وەها بخەنەڕوو تا خوێنەران و لە زۆر شوێن دا ڕایابگرن و تووشی گەلێك پرسیاریان بكەن، لەگەڵ هەڵبژاردنی بیرۆكە و فیكر و پاڵەوان و كات و شوێن و فۆرمی دا تا گرنگی دان بە زمان بۆ نووسینی دەقی ئەدەبی، وشیارانە دەستیان كردووە بە نووسینی دەقەكانیان، دەقی ئەدەبی درێژەپێدەری قۆناغێكی دوورودرێژی ناوكایەی ئەدەبیاتە جۆرە بە جۆرەكانە و لەسەر هیچ كەسێك ڕاناوەستێت و زوو زوو بەدەیان ئەدیبی نوێ لێرە و لەوێ بە دەقە نوێیەكانیان دەبنە تەواوكەری ڕێگای ئەدەب، بۆ ناوكایەی ئەدەبیاتی ئێمەش ڕەنگە ئەم دوولاوە بەم دوو ڕۆمانەیان وەكو سەرەتایی نووسین لە ئایندا بتوانن دەقی باشتر بنووسن و لە ڕوانگە و بیری خۆیانەوە دەیان وێنە و بیرۆكە و كەسایەتی جودا جودا پەی پێبەرن و دەقەكانیان پێ دەوڵەمەنتربكەن.
* ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەكانی كارۆ حسین، لە نێوان 102 لاپەڕەدا، بە گیان و دۆستایەتی مردووەكان، خۆشەویستی درۆزنانەی ئەو دیوی ئامێرەكان تاكی كوردمان لە نێوان وێنە جۆرە بەجۆرەكانەدا پێ دەناسێنێت، ژیان لەم دەقەدا ژیانێكی مردووئاسا و پووچە، گۆڕستانێكە كە یەك یەك وەكو تاكەكان و خێزانەكان هەر بە زیندووی تێیدا خۆمان لە گۆڕناو، دەقەكە لەو وێنەیەدا ڕامان دەگرێت و دەبێتە وێنەیەكی گەورە بۆ ناونیشانی ژیانمان كە لەناو ماڵباتی هەریەكێكماندا مردوویەك هەیە و نامانەوێت وابەزووی لە دەستی ڕزگارمان ببێت، ڕەنگە ئەم مردووانەی ناومان ڕۆحی خۆمان بێت، مرۆڤ كە نەیتوانی لەی ژێر هەژمنی نائاگای ئامێرەكان و خۆخەڵەتاندنی ئەو وێنە ساختانەی ئەودیوی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان خۆی ڕزگاربكات ئیتر ئەو تاكانە دەمرن و هەر لە ژیاندا دەبنە كەسانی بێ بەرهەم و ساختە، دوو وێنە لەم دەقەدا دەبنە هەڵگری دوو پرسیاری گرنگ: وێنەی یەكەم خۆشەویشتی بۆ كەسانێك كە نامانەوێت دوای مردنیان وا زوو لە گۆڕیان بنێن و لێیان داببڕێن و هەست بە بوون و بە بۆن و مانەوەی لاشە بێ گیانەكانیان دەكەین، ئەم پرسە ڕەنگە پرسی تاك بە تاكی ئێمەبێت و زۆرمان خۆشەویستی مردووەكان نایەڵن بیر لە هیچی تربكەینەوە و دوای ئەوان وەكو ڕۆحێكی ئازاد بژین و بمێنینەوە، مردوو پەرستن بۆ ئێمە بەردەوامی هەیە و هۆكارێكە بۆ داڕزان و دواكەوتووی تاكەكان كە ئەمەش دەكاتە ئەوپەڕی بێ ئاگای… دووەم وێنە لەم دەقەدا كە ئەو پرسە دەخاتەڕوو ئێمەی تاك ڕۆحمان دەبێتە ئامێر و وێنەیەكی ساختە، ئەم ئامێرانە كە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بۆ ئێمە دەگوازنەوە، تاك و خێزانەكان لەیەك دادەبڕن و یەك یەك دەبنە ئامێری ساختە و بێ ڕۆح و سەرگەردان، وێنەكانی ناو ئەم دەقە دەكرێ پرسی ئامێر و مردن پێكەوە كۆبكاتەوە و لەو خاڵەدا ڕامانبگرێت كە ئێمە ئیتر ئەو زیندەوەرەنین بۆ ئەوەی بیر لە ژیان بكەنەوە و پێكەوە بژین و لەلای یەكتری خۆشەویست ببین بەڵكو یەك یەك بووینەتە ئامێرێكی كۆن و هەر یەكەمان لە گۆشەیەكەوە مردووین و دواتر وەكو ئامێرێكی كۆن نەك وەكو لاشەیەك لە چاڵێكی دوورەدەستمان دەنێن و كەس ئیتر بیری یاد و یادگاریەكانمان ناكات.
مردوو و گۆڕ و گۆڕستان، ئامێر، سەگ، خێزان، ئەو وێنە لێكدراوانەن كە دەقەكەی پێ نووسراوە و خۆشەویستی و ڕۆح و ئایندەی ئێمەی خستۆتە ژێر پرسێكی نادیارە و كۆتایی تاكی ئێمەی پێ ڕاگەیەندراوە و ئیتر گۆڕستانی مرۆڤ بوونی نامێنێت و وەكو سەگ یەك یەك دەخرێینە گۆڕەوە.