بەرەواژ-م خوێندەوە
خەبات عارف
دیوانی (بەرەواژ)م خوێندەوە و خوێندەوە و خوێندەوە. هەستم ئاوهایە ئێستا و زۆر پێی دڵخۆشم:(لەوە دەچێت نارین تا شیعر نەیتەقێنێتەوە، نەینووسێت!) ئەمە من دڵخۆش دەکات. زۆریش. ئێمە تا کەم و چڕ و پڕ بنووسین، باش دەکەین. تا لە خۆمان بچین و لەوان نەچین، باشتر دەکەین و جوانتر دەژین.
ئەمانەی من دڵخۆش دەکەن:
– شیعرەکان لە شیعری کەسی تر ناچن، ئەمەیش جوانییەکی تایبەتیان پێ دەبەخشن و بۆ منیش بەتایبەت، گرنگن.
– وێناکان هەم هیی ئەم (واقیع)ە ڕەق و تاڵەن و هەم هیی ئێرەیش نین و پێکەوە جوانییەکی تایبەت بە خۆیانیان پێ دەدەن کە زادەی بیر و خەون و خەیاڵە باڵاکانی شاعیرن.
– تا ڕادەیەکی باش زمان و جوانییەکانی زمانی تێدا تەوزیف کردوون و وا هەست دەکەم، تا ئەو جێیەی کە پێی دەکرێت، ئاگای لە زمان و گرنگیی زمان هەیە و بۆ خۆیشی لە من باشتر دەزانێت شیعر بەر لە هەرچییەکی تر زمانە و هەر ئەویش کەرەستەی سەرەکیی من و تۆ و هەموومانە بۆ شیعرنووسین.