450378042_352412571259310_8793071022922746466_n

2024/03/07

لا یۆرۆنا و بەگژداچوونەوەی زێنۆفۆبیا

کامۆ ئاراز

پێشانگای کتێب و کۆمەڵەچیرۆکی لایۆرۆنا بە دەرفەت دەزانم تا کۆمەڵێک بیروبۆچوونی خۆم سەبارەت بە زمانی دایک و زمانی ‘بێگانە’ بخەمە ڕوو کە بە هەمان شێوە دەشێت بەشێک بێت لە تێما و پەیامی نێو چیرۆکەکان. گەر دەتویست بزانیت، بۆچی لە کوالیا وشەی ئینگلیزی زۆر تێدا بەکارهێنراوە یان لە چیرۆکەکانی دیکە بۆچی کەسایەتییەکان کورد نین یان بەڵێڵی کوردن، یان بۆچی شوێن و کاتەکان دیاریکراو نین، ڕەنگە ئەمانەی خوارەوە شتێک سەبارەت بەو ڵێڵیانە ڕوون بکەنەوە.
١
کاتێک بۆ بوون بە زمانەوان دەخوێنیت، ئاشنا دەبیت بە جیهانی زمانەکان. تێ دەگەیت زمانەکەی تۆ تاقە زمان نییە قسەی پێ بکرێت. تێ دەگەیت زمانی دایکت تاقە زمانی شیرین نییە. زەریایەک لە زمانی جیاواز و سەرنجڕاکێش دونیایان تەنیوە (ڕەنگە بەشەکانی دیکەی گەردوونیش). ناوی زۆرێک لەو زمانانەی پێیان ئاشنا دەبیت نەتبیستوون، هەرگیز چاوت بە ئاخێوەرانی ئەو زمانانەش نەکەوتووە، ڕەنگە ئەوانیش پەی بە بوونی زمانەکەی تۆ نەبەن و هەرگیز بەرکەوتنیان لەگەڵ ‘چۆنی باشی؟’ زمانەکەت نەبووبێت. بۆ هەندێک زمانی دیکە ئاگای هەبوونیان بوویت، ڕەنگە گوێت لە قسەکەرانیشیان بووبێت، بەڵام هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕوات نەبووە دەست بدەیتە فێربوونیان. دەشێت زمانەوانەکان لە نێو مرۆڤەکان زیاتر پەی ببەن بە سەیروسەمەرەیی ڕەفتار و ڕێکەوتی مرۆڤەکان.
٢
وەختێک فێری زمانی ئینگلیزی دەبووم، کوڕێکی خەڵکی سۆماڵی لاند لە نێوو گرووپێکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە ڤیێتنامییەکان و منی کورد و خەڵکی یەک دوو شوێنی دیکەی گوت کە زمانی عەرەبی دایکی زمانەکانی هەموو دونیایە، ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەموو بە عەرەبی قسەمان کردوە. وەختێک من هەرزەکار بووم، پێم وا بوو کیشوەرە ئەفسانەییەکەی ئەتڵانتس ڕاستییە و زمانی فەرمیشیان کوردی بووە (ئەڵێن دانپێدانان بە باوەڕ و ئیشە سەقەتەکانت قورسە جا بەڕاستی وایە). هەژار موکریانی لە هۆنراوەیەکیدا دژ بە فریشتەکان دەجەنگا و دەیگوت دەبێت بە کوردی تەڵقین بدرێم. دڵنیام لە زمانەکان و گەلەکانی دیکەشدا ململانێی زمانەوانی هاوشێوە دەدۆزینەوە، تاکی گەلێک پێی وایە زمانەکەی لە هی ئەوانی تر پایە بەرز و پیرۆزترە.
گەر بە گوێرەی پێویست کات بۆ چوونە نێو مێژوو و نەخشەی خێزانەزمانەکان تەرخان بکەیت، دوور نییە زوو لەوە تێ بگەیت کە ئەوە زمانی دایک نییە پیرۆزە، ئەوە زمان خۆیەتی. چیتر پیرۆزی زمان گەلێک بە تەنها قۆرخی ناکات و گلی ناداتەوە، زمانی پیرۆز یەک ڕووی نییە، گەر ژمارەی زمانەکانی دونیا ٧٠٠٠ دانە بن، ئەوا پیرۆزیی زمان ٧٠٠٠ ڕووخساری هەیە.
٣
گەر خوێنەری ڕۆمانی ‘گەشتەکانی گەلیڤەر’ بوو بیت، دڵنیام سەرکێشی دۆزینەوەی جیهانەکانی دیکە مێشکی داگیر کردوویت و هەمیشە ویستووتە گەشتی جیهانگەل و شوێنگەلێک بکەیت کە مرۆڤایەتی بۆ یەکەم جارە پێی تێ دەخات. لەم سەردەمەی ئێستا و بەو تەمەنەمانەوە ئەفسوونەکانی هاوشێوەی گەشتەکانی گەلیڤەر، جیهانی ونبووی ئارسۆر کۆنان دۆیڵ، ڕۆبینسۆن کروسۆی دانیێڵ دێفۆ و چەندانی دیکە چیتر دادمان نادەن. مرۆڤی ئەمڕۆ ئەو هەستەی هەیە کە شوێن لەسەر زەوی نەماوە نەیپشکنی بێت، ناوی لێ نەنا بێت. هیچ قووشبنێکی زەوی نییە بتوانێت چاوشارکێ بکات لەگەڵ سەتەلایتەکانمان.
بەڵام بێهیوابوونی ناوێت، وەک چۆن لە ڕۆمانی جیهانی ونبووی کۆنان دۆیڵ وەختێک گرووپێک لە ڕۆژنامەنووس و زانا سەردانی ئەمازۆن دەکەن لووتیان بەر لووتی ئاژەڵانی سەیروسەمەرە و هی چاخەکانی پێشوو دەکەوێت، یان چۆن گەلیڤەری جۆناسان سویفت دەچێتە جیهانی کورتەبنە و دواتر زەبەلاحەکان و ئەوانی تر، زمانەوانی— زانستی توێژینەوە لە زمان و زمانەکان— دەتوانێت ئەو هەستەت بۆ بگەڕێنێتەوە بە خۆسەرقاڵکردن لە گەشتکردن بۆ جیهانی سەمەرەی زمانەکانی تر.
٤
مۆرکی زمانی دایک لە هی هیچ زمانێکی تر ناچێت. کاتێک گەورە دەبیت و فێری زمانێکی دیاریکراو بوویت، سەنگی ئەو زمانە مەحاڵە جارێکی دیکە لە کۆڵت بێتەوە. لەگەڵ گەورەبوونتدا ئەو زمانەی بە منداڵی دەیبیستیت پەیوەندییە نیورۆنییەکانی مێشکت دادەڕێژن، ئیدی کە گەورە دەبیت مەحاڵە بتوانیت ئەو ڕایەڵە نیورۆنییانە بەئاسانی هەڵبوەشێنیتەوە— تازە زمانی دایک تەڵیسمێکە و لە نێو مێشک و هۆشت هەڵکۆڵراوە. زمانی ڕەسەنی تۆ، نرخێکی نۆستاڵژیکی هەیە، لە هەر کوێیەکی دونیا بیت، هەمان ئەو ئەزموونەی لە نێو بێشکەکەت هەتبووە بە ساوایی، هەمان ئەو هەستەت پێ دەبەخشێتەوە. بۆیە زمانی دایک زمانێکە لە هەموو ڕوویەکەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕکابەری لەگەڵدا ناکرێت.
بەڵام— وا دیارە بۆ هەموو دیاردەیەکی ناوازە بەڵامێک هەیە— ئەمە واتای ئەوە نییە زمانی دایک بۆ هەتا هەتا وەک زمانی دڵ دەمێنێتەوە. زمانی دڵ ئەو بیرۆکەیەی لە توێژینەوەی فرەزمانی و سۆزەکاندا هەیە و لای وایە گەر چەند زمانێک بزانین یەکێکیان، کە بە زۆری زمانی ڕەسەنی ئاخێوەرە، ئەو زمانەیە ئەرکی هەستوسۆزەکان دەگرێتە ئەستۆ. بە مانایەکی دیکە ئەو زمانەیە کە لەگەڵی ئازار دەچێژین، دەگرین، پێدەکەنین، هەست بە بەپرسیارێتی دەکەین، خەجاڵەت دەبین و، هتد.
٥
فێربوون خۆی لە خۆیدا ئازارچەشتنە، بەتایبەتی فێربوونی زمانێک جیا لە زمانی دایکت. فێربوونی زمانی دیکەش ڕایەڵە نیورۆنەکانی مێشكت دادەڕێژنەوە، بەڵام بە هەمان ئەندازەی زمانی دایکت نا. وەلێ، ئەو زامە بەچێژانەی زمانی بێگانەش لە نێو مێشکتدا دەیانهێنێتە ئاراوە، ڕەنگە بە هەمان ئەندازەی زامەکانی فێربوونی زمانی دایک چێژت پێ ببەخشن. نابێت هەست بە تاوان بکەیت کە هێندەی زمانی دایکت چێژ لە زمانی دووەم و سێیەم و Xـت ببینیت. دواجار کە زمانێکی دیکە لە پاڵ زمانی دایکتدا گۆ دەکەیت بەشێکە لە مۆرک و شوناست. وەک چۆن زمانی دایکت لە کۆڵ نابێتەوە، ناشتوانیت ئەوەی لە زمانی دووەم فێری بوویت بە ڕۆژێک لە بیرت بچێتەوە. دەتوانیت، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت، سانسۆر بخەیتە سەر هەر کام لەو زمانانەی دەیانزانیت، بەڵام خۆفریودانە گەر باوەڕت وا بێت لە نێو مێشکتدا کاڵبوونەتەوە. بەڵام هێشتا چ لە ماوەدرێژی کاڵبوونەوە یان دەسبەرداربوون لە زمانێک کە دواتر لە تەمەندا فێری بوویت ناتوانێت بەربەرەکانێی زمانی دایک بکات.
٦
ئیدی ئاساییە ئەو نۆستالژیایەی زمانی دایکت پێت دەبەخشێت، زمانەکانی دیکەش بە بەش و پارچەی جیاواز پشکیان هەبێت. بۆ من، شۆگانای کە دەستەواژەیەکی ژاپۆنییە، یەکێکە لەو دەستەواژانەی بە هەمان وشەکانی نێو فەرهەنگی زمانی دایکم دەملاوێنێتەوە.
ڕاستی توێژینەوە دەریان خستووە کە گەر تۆ کەسێکی فرەزمان بیت، ڕەنگە ئەرکی بیرەوەرییە ئۆتۆبایۆگرافییەکان دابەش ببن بەسەر زمانەکاندا. بۆ نموونە گەر بیرەوەرییەکت بە زمانی دایکت خوڵقاند بێت باشتر بەو زمانە دێتەوە یادت، گەر بیرەوەرییەکەت بە ئینگلیزی ئافراند بێت، وەختێک بە ئینگلیزی قسان دەکەیت باشتر دەتوانیت ئەو یادەوەرییە بگەڕێنیتەوە نێو ئەندێشەت.
٧
هاروکی موراکامی دەیویست بە ئینگلیزی ڕۆمان و چیرۆکەکانی بنووسێت، بۆی دەرکەوت هێندە باش نییە لێی، ویستی بە ژاپۆنی بنووسێت کە زمانی دایکەیەتی، ئەو زمانەش دونیابینین و هەست و خرۆشانی ئەوی تێر نەدەکرد، وا هەستی دەکرد شتێک هێشتا کەمە و ناتوانێت بەتەواوەی ئەوەی دەیەوێت لە نێو مێشکی بیخاتە سەر پەڕەکان. دواجار زمانێکی تایبەت بە خۆی درووست کرد، تێکەڵەیەک لە ژاۆنی و ئینگلیزی و دوور نییە زمانەکانی دیکەش.
لە چیرۆکی لا یۆرۆناش کاتاشی کە خاوەنی باوانی جودایە، ڕکی لە هیچ کام لەو کولتوورانە نابێتەوە، بگرە ئەو مۆرکە جیاوازانەی هەینی دەشێت هاوکاری بکەن لە هەڵهێنانی دۆسییە تاوانکارییەکان. وەلێ، ئەویش بۆ خۆی کولتوورێکی تایبەت بە خۆی درووست دەکات.
٨
وەختێک قوتابی زمانەوانی و زمانی ئینگلیزی بووم، لە پاڵ ئەو وانانەی لەسەرم بوو بیانخوێنم هاوشێوەی جیاوازی زمانی مرۆڤ و پێوەندی ئاژەڵان، دەنگسازی، دەنگناسی، سێمانتیک، پراگماتیک، وێڕای ئەمانەش وێژەی ئینگلیزی، لە کاتە بەتاڵەکانمدا گەشتم دەکرد بە نێو خێزانەزمانە جیهانییەکان. دەمویست بزانم ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکە چۆن قسە دەکەن، بۆ زمانیان وایە، دەبێت چۆن لەگەڵ زمانی دایکم بەراورد بکرێن، ئیدی ئەم جۆرە پرسیارانە. ڕاستییەکەی بەر لەوەی زمانەوانی بخوێنم، زمانە ئاسیاوییەکان، بەتایبەتی زمان و کولتووری ژاپۆنی، سەرنجیان ڕاکێشاوم. نازانم بۆ ئەو هەستەم هەبووە، ئیدی وا هەڵکەوت بوو (دەشێت زمانەوانەکان لە نێو مرۆڤەکان زیاتر پەی ببەن بە سەیروسەمەرەیی ڕێکەوتی مرۆڤەکان.)
٩
دەمزانی کە ساڵێک لە ساڵەکانی زانکۆ قوتابیانی بەشی زمانی ئینگلیزی دەبوو زمانی فەڕەنسیش بخوێنن، بەڵام من ویستم لە پاڵ ئەو دوو زمانە سەرنج بخەمە سەر زمانێکی دیکەش کە هەرگیز بیرم لە فێرکردنی نەکرد بووەوە. هەرچەندە ئێستا کە لەو مێژووە دەڕوانم، وا هەست دەکەم باشتر بوو خۆم بە ژاپۆنییەوە نوساند با، بەڵام ئیدی ئەو کاتەی لاویت وا دەزانیت هەرگیز سەرقاڵی ژیان وەکوو مشەخۆرێک بە بێدەنگی ئیشی خۆی لەسەرت ناکات، هەر بۆیە لە مێشکی خۆمدا دەمگوت ”نا، با جارێ زمانێکی دیکە فێر ببم، کە دوای ئەم ماوە کورتە فێری بووم، ئینجا دەچمەوە سەر زمانە دڵخوازەکەم کە ژاپۆنییە.” سا بۆیە بڕیارمدا دەست بکەم بە فێربوون و تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردن و پێکهاتەی زمانی ڤیێتنامی. بڕیارەکە هەروا بە هەڕەمەکی نەبوو، ئەو کات بۆ ڕاهاتن و باشترکردنی زمانی ئینگلیزی، لە چەندان ماڵپەڕی قسەکردن و دۆزینەوەی فێرخوازی زمانی هاوتا دەگەڕام، ئەو ماڵپەڕانەش پڕ بوون لە مرۆڤانی چەندان گەل و کولتووری جیاواز، ڤیێتنامییزمانێکی زۆریش لەو پلاتفۆڕمانە هەبوون.
ئێستاش ئەو ساتەم لە یادە کە تێیدا بڕیارم دا دەست بکەم بە فێربوون سەبارەت بە زمان و کولتووری ڤیێتنامی. ئەو ساتەش ئەوە بوو، لەگەڵ ڤیێتنامییەک بە ناوی هوا (هوا بە ڤیێتنامی واتە گوڵ) قسەم دەکرد، بڕوا ناتێگەیشتوویییەکەی ئەو کاتەم لەگەڵدا باس کرد کە بریتی بوو لەوەی ڤیێتنامییەکان هێشتا بە نووسینی چینی دەنووسن، بگرە ئاسیای دوور هەموو بە ڕەچەڵەک چینین. وەلێ، ئەو بە خەمخۆرییەوە هەڵەتێگەیشتنەکانمی بۆ ڕاست کردمەوە. هەر ئەو ڕۆژە بۆم دەرکەوت، ڤیێتنامییەکان بە چەشنێک لە نووسینی ڕۆمانی دەنووسن (ئەمەش مێژوویەکی سەرنجڕاکێشی هەیە!)، زمانەکەشیان سەر بەو خێزانە زمانییە نییە کە زمانی چینی (یان زمانە چینییەکان) تێیدا ئەندامە، تێشگەیشتم کە هەموو ئاسیانشینەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دوور لە باوانێکی چینیەوە نەهاتوون، بەڵکوو بە سەدان گەل و کولتووری جیاواز هەن، تەنانەت لە خودی ڤیێتنام، کە وڵاتێکی ٨٠ ملیۆن کەسییە، زیاد لە ٥٠ گەل و ئێتنیکی جیاواز هەن کە هەندێکیان بە زمانگەلێک قسە دەکەن زۆ لە ڤیێتنامی جیاوازە (یەکێک لەو زمانانە همۆنگە، کە دواتر بەو جیهانەش ئاشنا بووم!).
١٠
بە کوردی وەختێک کەسێک ئاماژە دەکات بۆ هاوژینەکەی دەڵێت ‘ماڵەوەمان’، لە ڤیێتنامی هەمان دەستەواژە هەیە ‘نیا تۆی’ واتە ماڵەوەم یان ماڵەوەمان.
وەک چۆن لە کوردی -ئاوا یان کانی دەبنە بەشێک لە ناوی دەڤەرێک: ئەحمەدئاوا، کانی گۆمە. کاوا و گاوا [واتە ڕووبار] لە ژاپۆنی هاوشانی ئەوانەی کوردین: شیناگاوا، ئاساکاوا.
١١
هێندەی جیاوازییەکان لە زمانەکاندا سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێنەر و ئەفسووناوین، هێندە لێکچوونەکان وا نین (هەڵبەت مەبەستم نییە بڵێم لێکچوونەکانیش سەرنجڕاکێش نین). زمانی ڤێیتنامی سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزی بۆ جێناوەکان هەیە بەتایبەتی بۆ من و تۆ یان ئێمە و ئێوە. هەر لە کوردی تەنها بڵێین من یان تۆ، لە ڤیێتنامی دەیان وشە بۆ من و دەیان وشە بۆ تۆ هەن. واتە دەربڕینی ‘من تۆم خۆش دەوێت’ لە ڤیێتنامیدا بە سەدان جۆر دەردەبڕێت و هەر دانەیەکیشیان بۆ کات و شوێن و ئەو کەسەی قسەی لەگەل دەکەیت گونجاوە.
١٢
دواجار، تا زمانێکی دیکە جیا لە زمانی خۆشەویست و شیرینی دایکت فێر نەبیت، هێشتا بە زمانی دایکت ئاشنا نیت. (لە ئاشنایەتی ئەم ڕستەیە مەبەستم لە زانینی وشەکاری جوان و سنتاکس و ڕێزمان و خاڵبەندی و زمانپاراوی نییە، ئەو هەستەیە کە تۆ بەڕاستی زمانی دایکت خۆش دەوێت).
پاشکۆ:
*زێنۆفۆبیا [یان بێگانەترسی] بریتییە لەو ترس، ڕک، بێمتمانەیی و ناحاڵیبوونە نائەقڵانییەی هەمانە بەرانبەر بە کەسانێک کە سەر بە گرووپ، نەتەوە، کولتوور، خێزانەزمان یان ئێتنیکی جیاوازن و سەر بە ئێمە نین.