جۆلانێ لە نێوان ڕۆمان و فیلم‌دا: پیاوی ناو تاریکی یان پیاوی ناو چیرۆکەکان؟
ئارام محه‌مه‌د
یەک:
لە بارەی وەرگێڕانەکەوە: لەکاتی خوێندنەوەدا، من هەردوو کۆپی(پیاوی ناو تاریكی) ئینگلیزی و کوردیەکەم لابوو، بەڵام پاش خوێندنەوەی چەند پەڕەیەک، دڵنیابوومەوە و سەرسامبووم بەو کوردییە پوخت و دەقیق و جوانە. وەرگێرانەکە وای کرد بە دڵخۆشییەوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە بەردەوام بم. ئەگەرچی وەرگێر ئەزموونی وەرگێڕانی ئه‌ده‌بیی کەمە، بەڵام کاریکی کردووە، بە راستی جێی پێ‌زانین و ستایشە. سوپاسی تایبەتش بۆ وه‌شانی نووسیار، ڕۆمانی ئه‌و نووسه‌ره جیاواز و گرنگه بووه جێی سه‌رنجیان و به زمانی كوردی بڵاویان كرده‌وه.
دوو:
ڕۆمانەکە لەفۆڕمدا، پۆست مۆدێرنە. ڕەنگە هەمووان چێژی لێ وەرنەگرن. ئۆسته‌ر خۆی بە تەکنیکە ئاڵۆز و ئایدیا فەلسەفییەکانی ناسراوە. چیرۆکەکان بەناویەکدا درێژ بوونەتەوە. یارییەک یان ململانێیەک لە نێوان واقیع و خەیاڵ، یان خەون و ڕاستیدا هەیە. پرسوباسی چارەنووس، یادەوەری، مەرگ، شووناس، سیاسەت، چڤات، کەلتوور و جەنگ بە درێژایی گێڕانەوەکە درێژەی هەیە. کۆکردنەوەی هەموو ئەم بابەتانە لەناو گێڕانەوەیەکی کۆنکرێتیدا، کارێکە ئۆسته‌ر كردوویه‌تی و سه‌رسامت دەكات. ئۆسته‌ر له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نانه‌یه، كاتێ ده‌نووسێت ئاگای له‌وه‌یه چۆن گێڕانه‌وه‌كه هه‌م ڕۆمان بێت و هه‌م گونجاو و ئاسانیش بێت بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته سیناریۆی فیلم. به مانایه‌كی دی، نووسه‌ر لای ڕوونه كه به ئه‌گه‌رێكی زۆر ڕۆمانه‌كه ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی سینه‌مایی. له ڕابردوودا هه‌ر خۆی كاری له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كانی خۆی كردووه و كردوونی به فیلم. ناكرێت له كاتی نووسینی هه‌ر ڕۆمانێكدا، یان بڵێین له كاتی نووسینی هه‌ر ڕسته و دیالۆگێكدا، ئۆسته‌ر بیری لای سینه‌ما نه‌بێت، به‌ڵام زۆر به ئاگاییشه‌وه كاره‌كه ده‌كات و ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت ڕۆمانه نه‌ك سیناریۆی فیلم.
سێیەم:
پرسی ڕۆمان و سینەما قسەی زۆر هەڵدەگرێ. فیلم هەیە لە ڕۆمانەکە جوانترە، زۆرجاریش ڕۆمان هەیە بەهۆی فیلمەکەوە سەنگ و سەرنجی لەسەر کەم بووەتەوە. كاتی خۆی (ستیڤن كینگ)، (ستانلی كوبریك)ی ده‌رهێنه‌ری شه‌رمه‌زار كرد و له‌باره‌یه‌وه نووسی، كه ڕۆمانه‌كه‌ی شێواندووه و له بایه‌خی ڕۆمانه‌كه كه‌م كراوه‌ته‌وه و ئاراسته‌یه‌كی جیاواز له مانا گشتییه‌كانی ڕۆمانه‌كه، پێشان دراوه. ئەم ترسە لای بەشێ لە ڕۆماننووسان هەبووە و هەیە. کاتی خۆی (سالنجەر) و (هارپەر لیی) تا مردن نەیانهێشت ڕۆمانەکانیان بکرێنە فیلم. باسەکە دیالۆگێکی کراوەی لە پشتەوەیە. ئایا کۆدەکانی نووسین لە فیلم‌دا تێکدەشکێن؟ مانا سیمبوڵییەکان چیان بەسەر دێت. وەسف و ئیستاتیکا چۆن لە وشەوە دەبنە وێنە و جووڵە؟ ئایا فیلم وا ده‌كات وه‌ك دوا مانا و دوا خوێندنه‌وه له‌و ڕۆمانه بڕوانین كه ده‌كرێـته فیلم؟ بۆچوونێك هه‌یه، كه تاڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر ڕۆمانه‌كه به لاوه ده‌نێت و ئه‌وه‌ی ده‌یبنێت، ده‌بێته كۆتا فۆڕمی مانا و ڕاڤه. جار هه‌بووه یه‌ك ڕۆمان زیاد له ده‌رهێنه‌رێك كاریان تێدا كردووه. بۆ نموونه (به‌دگۆڕان)ی كافكا، به‌ڵام هیچ ده‌رهێنه‌رێك ڕه‌نگه نه‌توانیت ته‌واو ئه‌و هه‌سته‌ی گریگۆری سامسا بكاته وێنه و جووڵه.
ڕۆڵان بارت وتارێکی هەیە بەناوی مانای سێیەم(The Third meaning)، بارت هەوڵ دەدات قسە لەسەر ئەو پنتە هەستیارە بکات و ئەو گاپە پڕ بکاتەوە، کە گوایە وێنە و فیلم زۆرتر کاریگەرییان هەستەکییە. وه‌ك ده‌زانین به پله‌ی یه‌كه‌م بینین و بیستن به‌شدارن. جا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا مانا سێیەمیەکان تەنیا لەناو زماندان؟ یان دەکرێ لە دەرەوەی چیرۆکی فیلمەکان، ئاماژە و ماناکان درێژ ببنەوە. هەڵبەت بەهەمان شێوە، وەک چۆن ئاستی ئاگایی خوێنەر بۆ تێكست گرنگە، ئاستی ئاگایی بینەریش بۆ سینه‌ما گرنگە. مانای سێیەم، دژ بە تێگەیشتنە نەریتیەکانە بەرانبەر بە فیلم و وێنە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەوەی لەناو گێڕانەوەدا هەیە، بۆ هەڵکۆڵین لە سیمبۆڵ و ئاماژەکان، لە فیلم و فۆتۆدا نییە؟
کاتێ ئۆسته‌ر دەخوێنینەوە، تێدەگەین لەبەردەم تێکەڵەیەکن لە سینەما و گێڕانەوە. دەکرێت ئەزموون و شارەزایی ئۆسته‌ر لە سینەما و ئەدەبی گێڕانەوە، وا‌بکات زۆر جیاواز و تایبەت ئەم دوو ڕووبەرە هونەرییە بەیەکەوە ببینین. دۆخە گشتیەکە ئەوەیە سینەما سوود لە ڕۆمانەکان وه‌ردەگرێت. (ئادۆرنۆ) دژ بەم پرسە توند هێرش دەکاتە سەر سینەما و لە کتێبی (مۆڕاڵی بچووک) لە ئەفۆریسمی94، باس لە ڕۆمان و فیلم و فۆتۆگرافی دەکات. ئادۆرنۆ پێی وایە، پیشەسازی فیلم مشەخۆرانە(parasitically) لە پشت ئەزموونی ڕۆمانە مەزنەکانەوە گەشەی کردووە.
جا ئۆسته‌ر وەک ئەوەی ناڕاسته‌وخۆ وەڵامی ئادۆرنۆ بداتەوە، لە (پیاوی ناو تاریکی) هاتووە، چیرۆکی فیلمە بەناوبانگەکانی گێڕاوەتەوە. واتا ئەرکەکان هەڵگەڕاونەتەوە، لە جیاتی ئەوەی فیلم سوود له ڕۆمان ببینێت، ئه‌مجاره ڕۆمان سوود لە گێڕانەوەی فیلم دەبینێت.