نووسین به تیشكی ئه‌ستێره
(خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی “كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق”)
سەردار قادر
2-1
یه‌كێك له سه‌ركێشییه‌كانی به‌شێك له شاعیرانی كوردستانی باشوور، له ڕووی بیر و خەیاڵ و ڕۆشنبیری و مەعریفە و ته‌نانه‌ت ئهكادیمییشەوە ئه‌وه‌یه، ده‌یانه‌وێت به‌رگێكی نوێ بكه‌ن به به‌ژن و باڵای شیعری كوردیدا، یاخود به فۆرمێكی نوێوه شانبه‌شانی شاعیرانی وڵاتانی جیهان بنووسن.
خۆشبه‌ختانه وێژه‌ی کوردی به‌گشتی و شیعری کوردی به‌تایبه‌تی، له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، لەگەڵ گۆڕانکارییه‌کانی جیهانی سه‌رده‌م، به‌رده‌وام له تاقیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وته جۆراوجۆره‌کانی دنیای وێژه و ئه‌ده‌بدا بووە. هەروەها هەر لە سەرەتای سەدەی (٢١)ـەمیشەوە، نەوەیەکی تر لە نێو شیعر و ئەدەبی کوردییدا هاتنە ناوەندە ئەدەبییەکەوە و بەرهەمەکانیان بڵاوکردەوە. بەشێکی ئەو نەوەیەش تا ئێستا بە چەند ئەزموونێکی جیاجیادا تێپەڕبوونە و هێشتایش هەر لە ڕێگای ئەزموونی جیاوازتردان. هه‌ر لەم سۆنگەیەوە “سه‌ردار نۆڕێ” له ساڵی ٢٠١٩دا به بڵاوکردنەوەی كتێبی (كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق) كه (٦٠٠) دەقی هایکو لەخۆدەگرێت، وەک دووهەمین بەرهەمی ئەدەبیی/شیعریی هاته نێو ناوەندی ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی کوردییەوە. ئەم کتێبە سەرنجی به‌شێك له خوێنه‌رانی خستۆته سه‌ر توانای و چه‌مه‌وازی زمانی کوردی، تا جیهانێکی به‌رفراوان و نوێتر له دنیای مه‌عریفی و ئه‌ندێشه‌یی ئه‌ده‌بی کوردی دەستەبەر بکات. هه‌رچه‌ند نۆڕێ به‌هۆی گۆڕانكارییەکانی كوردستان و ناوچه‌كه‌وە، ڕووبه‌ڕووی گه‌لێ گرفت و ئاڵۆزیی دژوار بۆته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌وڵی باشی داوه به سوودوه‌رگرتن له ئەندێشە و بیر و ئەدەب و هونەر، هەندێ لە ئاواته‌كانی لەم پێناوەدا بێنته دی.
لێره‌دا مەبەست و ئامانجی من ئه‌وه‌یه، باسێك له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م، چۆن شیعری هایكو گه‌ییشته كوردستان؟ چۆن له‌لایه‌ن هه‌ندێ شاعیره‌وه كه به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، بیر له هۆنینه‌وه‌ی كرا؟ هەروەها لەسەر کتێبی (کەوتنەخوارەوەی مەراق) کە دیوانی هایکوەکانی “سەردار نۆڕێ”یە، زیاتر بوەستم و خوێندنەوەیش بۆ هەندێک لە هایکوەکانی ناو کتێبەکە بکەم.
له‌ڕاستیدا له هه‌ر كوێیه‌ك باسی شیعری هایكو بكرایە، بێ قه‌یدوشه‌رت ده‌مانزانی زێد‌و نیشتمانی هایكو وڵاتی یابان (ژاپۆن)ـە. به‌ڵام ئێستا شیعری هایکو لە سنووری یابان دەرچووە و بۆته دیاردەیەکی شیعریی جیهانی و بە هەموو دنیادا بڵاوبۆته‌وه.
ئه‌گه‌رچی مێژووی شیعری هایكو لای ئێمه تەمەنێکی كه‌می هه‌یه، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی جوان و بایه‌خدار هاتووه‌ته ناو دنیای ئه‌ده‌ب و وێژەمانەوە.
وەك ده‌زانین له نێوان ئێمه و شارستانیه‌تی یاباندا جیاوازییه‌كی زۆر مهودافراوان هه‌یه، كه ناتوانین دانی پیانهنێین. ئه‌مه و جگه له زمان و ژینگه و گشت بۆچوون و نووسینهكانیشمان. به‌ڵام به بۆچوونی من، زمانی كوردی به‌هۆی شیرینییه‌كه‌یه‌وه، توانیویه‌تی ئه‌م فۆرمه قبووڵ بكات و بەجوانییش لەناو خۆیدا کاری لەسەر بکات. هه‌رچه‌ندە كه‌م تا زۆر هه‌ندێ نووسه‌ر ناكۆكن له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ی مندا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه سروشتی کوردستان و ڕه‌وتی ژیان، وه‌ك وتم “زمانی شیرینی كوردی” له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکەشه‌وه ئه‌و ئیلهامه‌ی كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که نۆڕێ (سنریۆ و هایکو) به زمانی کوردی بنووسێت، ئەوەیە کە به‌رده‌وام سوود له مه‌شقکردن لەسەر هایکونووسین وه‌رده‌گرێت، تا ده‌ربڕین و داڕشتنی سهرلهنوێتر و مۆدێرنانه‌تر، به دیدگا و بیر و ئەندێشەیەکی جوانه‌وه بهێنێته بەرهەم. تا له‌م شێوە/فۆرمـە شیعرەدا باشتر بنووسێت. هۆگریی نۆڕێ بۆ وه‌رزی سه‌وزی به‌هار و جوانیی و سروشتی کوردستان، وای لێ ده‌کات بە ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ هایکو و سروشت، بێته گۆڕه‌پانی هۆنینه‌وه‌ی هایکو…
“سەردار نۆڕێ” كێیه؟
-ناوی سیانی (سەردار حەمید خورشید)ە.
-١/ ٥/ ١٩٨٥ لە شاری کەلار لەدایک بووە.
-دەرچووی بەشی شێوەکاری (نیگارکێشان)ی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی خانەقینە (٢٠٠٨-٢٠٠٩). هەموو قۆناغەکان بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پەیمانگە دەرچووە. ساڵانە خەڵاتی یەکەمی پەیمانگەی وەرگرتووە. هەموو ساڵێك بەشداریی پێشانگا و چالاکیی ساڵانەی پەیمانگای کردووە. -سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەریی لە (سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار)ەوە بووە.
-ئێستا مامۆستای نیگارکێشانە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کفری.
-لە دەیان پیشانگای هاوبەشدا بەشداربووه، لە (کەلار و کفری و خانەقین و هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دهۆک، سنە و تاران و…هتد).
-لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە شیعر دەنووسێت.
-لە هەندێ ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەکاندا شیعر و نووسینەکانی بڵاوکراونه‌ته‌وه.
-ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵەشیعرێکی چاپکردووە بە ناونیشانی (پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین).
-لە چەندان فیستیڤاڵی شیعریدا خەڵاتی وەرگرتووە. لە هەژدەهەمین (فیستیڤاڵی گەلاوێژ) بە قەسیدەشیعرێك بەشدار بووه.
كوده‌تای وشه و شۆڕشی هایكو.
سەردەمانێك وا باو بوو شیعری درێژ بنووسین. زۆر جار تا دواچۆڕی مه‌ره‌كه‌ب له شیعر لێ نه‌ده‌بووینه‌وه. ئه‌مه‌و جگه له شلبوونی په‌نجه‌كانمان به هۆی زۆر نووسینه‌وه، به‌مه‌ش دەیان و سەدان لاپه‌ڕه‌مان ده‌نووسی، كه پێمان وابوو ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌مانه‌وێت بیگهیەنین، هێشتا نه‌مانتوانیوه بیگهیەنن به خوێنه‌ران. گه‌رچی هه‌ندێ كه‌س ئه‌م سه‌رده‌مه به مه‌رگی نووسین ده‌زانن، به‌ڵام به بۆچوونی من ئێستا له‌چاو جاراندا، هه‌زاران هەنگاو چووینەتە پێشه‌وه. تەنانەت له‌ئێستادا ده‌توانرێت به حه‌ڤده بڕگه و کەمتر و زیاتریش، په‌یام وه‌ك تیشكی گزنگ بنێردرێت به‌ره‌و ئاسمانه‌كان. وه‌ك وتم ئه‌م بزاڤه (هایکونووسین) مه‌رگی قه‌ڵه‌م و نووسین نییه، به‌ڵكو ژیانه‌وه و كوده‌تایه‌كی سپییه به‌سه‌ر درێژداڕییهوه.
كوده‌تاكه هه‌ر گۆڕانی ئامڕازی نووسین نییه به ته‌نها، به‌ڵكو كوده‌تاكه ئه‌وه‌یه خودی پرۆسه‌ی شیعر و نووسینی به‌ره‌و باڵاتر بردووه. ئه‌و هزره گه‌شه‌ی مرۆڤ له‌ناو هایكودا هه‌یه‌تی، قووڵتر و وردتر، جوانترین شاكار به به‌رهه‌م دێنێن. هه‌ر بۆیه ده‌قی (هایكو) جۆره دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی گه‌شتر و پیرۆزییه‌كی بڵندی له خوێندنه‌وه‌دا له‌خۆگرتووه بۆنمونه وه‌ك ئه‌م هایكویهی خواره‌وه كه نوسه‌ر سروشتی پایزی ڕاكیشاوهتهوه ناو ووشهكانیهوه بایه‌خی به‌جوانیه‌كانی پایزداوه
پایزنیگاركێشه
به‌ڕه‌نگه گه‌رمه‌كان ،
تابلۆی ئیرۆتیك ده‌كێشێت !
-ئه‌ڵبه‌ت نوسینی (هایكو) هه‌روائاسان نیه یاخود به‌جۆرێكی تر بێ یاسا‌و ڕێسا نییه. هایكوجۆرە شیعرێكی ئه‌فسووناوییه، به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی، موچڕكێكی ئه‌وینی تێدایه، هەموو کەس ناتوانێت خۆی لە قەرەی بدات. هەربۆیە نووسەرەکانی ناو ئه‌م ژانره، ژمارەیان سنوردارە. ئەوانه‌شی جوان دەنووسن له په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خوێنه‌ری باڵا دەیانخوێنێتەوە و به‌مه‌ش ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌وادارێكی زۆر ئالووده‌ی هایكوكان ده‌بن. لێره خه‌ریكه خه‌ڵك و خوێنه‌ر زۆر به‌گه‌رمی گرنگیی بده‌ن به‌م ژانره. بەمەش نوخبەیەکی باش له‌ئێستادا ده‌ركه‌وتون. یه‌كێك له‌و نموونه جوانانه‌ی سه‌رده‌م كه هایكو ده‌نووسێت، مامۆستا (سه‌ردار نۆڕێ)یه. كه به كۆڵێك عه‌شق و به دڵێكی سپییه‌وه، موسافیرێكه به‌رده‌وام به ناو گوڵجاڕی هایكودا ده‌ڕوات بێ هیلاك بوون، ئاوێته‌ی له‌نجه‌ی سهرمهستانهی شنه‌ی بایه و له‌گه‌ڵ هه‌رچوار وه‌رزی ژیاندا ده‌بێته هاوسه‌فه‌ر.
ئه‌گه‌ر هه‌ر هایكویهكی ئه‌م نووسه‌ره (هایکیستە) بخوێنینه‌وه، له كتێبی (كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق)دا، تێده‌گه‌ین مه‌راق چۆن وه‌ك گه‌ڵا و گوڵی لاولاو، هه‌ڵكشاوه به‌سه‌ر ڕۆحی “نۆڕێ”دا. ئه‌و به‌رده‌وام عه‌وداڵه و به خه‌یاڵێكی ناسكه‌وه
به قه‌ڵه‌مێكی سووره‌وه خۆی ده‌كات به كووچه‌ی پڕ له به‌رامه‌ی وه‌رزی باراندا و بۆ شه‌وێك ته‌نیایی خۆی ده‌كات به میوانی تریفه و جارێكی تر سه‌ر ده‌داته‌وه له مه‌راقه سوورباوهكانی و له ژێر ڕه‌هێڵه‌ی وشه‌دا.. تا ترۆپكی هه‌ست شه‌یدایانه هه‌ستی خۆی درێژ ده‌كاته‌وه، به‌رامبه‌ر جریوه‌ی ئه‌ستێره و خه‌رمانه‌ی مانگ،
دره‌وشانه‌وه‌ی شه‌ونم، له‌گه‌ڵ سروشتدا عاشقانه ده‌كه‌وێته‌وه گفتوگۆ، ئه‌مما چۆن گفتوگۆیه‌ك! كه هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ ڕۆحی نادیاری خۆیدا، به زمانی شاعیرێكی عاشق و به‌ده‌ست و په‌نجه‌یه‌كی نه‌رمه‌وه، فه‌نتازیا تێكه‌ڵ به گۆرانییه كورته‌كانی خۆی ده‌كات.
بۆنمونه وه‌ك ئه‌م هایكویه كهشاعیرچهند عاشقانه ده‌ڵێت
چه‌ند تینیووتم ؟
هێزو ڕوناكی ڕێم به ،
ئه‌ی تریفه ژن!
کەوتنەخوارەوەی مەراق؛ سه‌دان ئه‌فسانه و هه‌زاران ئاواز.
(كـەوتنەخوارەوەی مەراق) دیوانێکی هایکوە، لە نووسینی (سەردار نۆڕێ)یە. نامه كورته‌كانی ناو ئه‌م كتێبه، خۆی لە شەش سەد نامه‌ی “هایكو”ی عه‌تراوی و چوار “تانكا” و دوو “هایبوون” دەدا. کەوتنەخوارەوەی مەراق سێ كتێبە له ناو یه‌ك دیواندا. به‌ڵام هه‌ر كتێبێكی به‌درێژایی په‌لكه‌زێرینه پڕن له ڕه‌نگ. لەگەڵ سەد لاپەڕەی تری سەرەتای کتێبەکەدا، کە باسێکی چڕوپڕە لە سەر هایکو، بۆ گشت خوێنەرێک کە بیەوێ شارەزایی هەبێت لەبارەی هایکو، پێویستە بیخوێنێتەوە.
(پژمینی گوڵ) وه‌ك یه‌كه‌مین گوڵزاری هایكو؛ وه‌ك زنه‌ی ڕوون په‌ل ده‌كوتێ به‌ره‌و شه‌پۆله یاخییه‌كانی ده‌ریا و سروشت ده‌خاته پێكه‌نین. له باترزای ڕازاوه‌ی خه‌یاڵدا، ده‌ست ده‌خاته په‌ناگوێی و بهسۆزهوە هۆره ده‌كا. په‌یتا په‌یتا ستران ده‌نێرێت به‌ره‌و شكۆفه‌ی گوڵاڵهسوورهكان.
مانا و پێناسه‌ی (پژمینی گوڵ)؛
عهتربارانێكه پڕپڕه له هه‌ناسه‌ی گوڵه كێوییه‌كان، هه‌ر هایكویه‌ك گوڵێكه و به‌پێی جۆر و ڕه‌نگی خۆی، بۆنی خۆش ده‌به‌خشێت به ده‌شت و دۆڵ و بنار و قه‌دپاڵ و كانیاوه‌كان. تا ده‌گاته ده‌ستی دڵداره‌كان، ئه‌وسا چه‌پك چه‌پك خۆیان ده‌ڕازێننه‌وه بۆ مه‌ستبوونی په‌پووله و سه‌مای هه‌نگه زێڕینه‌كان.
ئەگەر چی به بۆچوونی هه‌ندێ كه‌س، (نۆڕێ) ماوەیەكی كەم بە هایكو ئاشنا بووە، بەڵام به‌دیدی من مادام نۆڕێ له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك پیشه له‌گه‌ڵ ڕه‌نگدا ئاوێزان بووه، ده‌توانم بڵێم له‌و ساته‌وه ئه‌و و هایكو دوانه‌ی یه‌ك ژانرن. چونكه هه‌ر نیگارێك یاخود هه‌ر تابلۆیه‌ك كه كێشابێتی، بۆ خۆی هایكویهكی جوان و ناسك بووه. پێده‌چێت نۆڕێ ئیلهامی زیاتر له‌و ڕه‌نگانه وه‌رگرتبێت، بۆیه له‌ئێستادا بووه به هه‌وێنی گشت هایكویهكانی، ئه‌م مرۆڤه ناسكبینه كه به‌ئاشكرا له ده‌قه جوانه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، وێنه و مۆسیقا و گشت جوانییه‌كانی له سروشت دزیوه، كاسه‌ی خه‌یاڵێك مه‌راق له‌سه‌ر مه‌راقی خواردبێته‌وه، وه‌ك خاك ماچه‌كانی بارانی له گیرفانی هه‌وردا شاردبێته‌وه. ئه‌وتا به زمانێكی شیرین له “پژمینی گوڵ”دا نۆڕێ له لاپه‌ڕه (137) ده‌فه‌رموێ:
(ههڵاڵهباران،
باخچه‌ی پڕ له شیله و بۆن
پژمینی گوڵ!)
نۆڕێ؛ پژمینی گوڵ به ههڵاڵهباران وێنا ده‌كات.
وه‌ك شووشه‌یه‌ك پڕ له بۆنی ئه‌ڤینداری ده‌یبه‌خشێت به ئێمه، كه ده‌مێكه دووكه‌ڵی جه‌نگ و بارووت هه‌راسانی كردووین!
هه‌رچه‌ند پژمین دهرهاویشتهكی بێزاركه‌ره لای مرۆڤ، به‌ڵام نووسه‌ر لێره‌دا هێنده وشه و ناوی پژمین جوان ده‌هێنت، كه مرۆڤ سه‌رسام ده‌كات! خۆزگه ده‌خوازێ ئه‌ویش وه‌ك گوڵ بپژمیایه، نه‌ك وه‌ك مرۆڤێك كه ده‌وروپشتی لێی بترسن. لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌وردی دیقه‌ت بده‌ین؛ نۆڕێ زۆر به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه وشه‌ی پژمینی ئارایشت كردوه.
نۆڕێ پێی وایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له كاتی پژمیندا ئه‌ستێره‌ش ببینێت، ئه‌وا بێ شك گوڵ هه‌موو عه‌رشی خودا ده‌بینێت.
هایكو؛ به كێشی قهڵەمباز، كتێبی دووهه‌م؛
(عاشقێك میزەلان دەفرۆشێت)؛ “هایكو مرۆییەكان”
نۆڕێ له لاپه‌ڕه (235)دا ده‌فه‌رموێ:
(عاشقێك میزه‌ڵان ده‌فرۆشێت
به فووتێكراویی لێیدهكڕم
ده‌بمه هه‌ڵگری حه‌سره‌ته‌كانی!)
لێره‌دا “نۆڕێ” به‌هۆی گه‌شه‌ی خه‌یاڵ و ڕوئیاكانییهوه خۆی ده‌كا به بوونێكی ڕه‌ها و عاشقانه ئیلهام له بیرۆكه‌كانی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وسا به یه‌ك قه‌ڵه‌مباز به سه‌ر سنووره چهقبهستووكاندا ده‌په‌ڕێته‌وه. كاتێ ئاوڕ ده‌داته‌وه، گه‌شتۆته ناو سنووری مرۆڤبوونه‌وه. به‌م سهركێشییهشی، ده‌یه‌وێت بگات به‌و ڕه‌هابوونه مرۆییه‌ی كه له مێژه مرۆڤ ئاواتی پێ ده‌خوازێت.
نۆڕێ له‌م گه‌شته‌دا به هه‌زاران ڕه‌نگ ده‌نوێنێت، هێورهێور نزیك ده‌بێته‌وه له ئازاره‌كانی مرۆڤ. حه‌زده‌كات به دڵێكی سپییه‌وه كڕنووش ببا و یه‌ك یه‌ك برینه‌كانیان ماچ بكات. بۆیه ئه‌و هه‌میشه له بیری ئه‌وه‌دایه، بێ سنوور جیهانێك بۆ سۆزه‌كانی خۆی بکێشیت، له‌گه‌ڵ ئاوێته‌بوونی گشت ترپه‌كانی هه‌ستیدا، فێنكایی گشت خه‌یاڵه ڕه‌نگینه‌كانی بكات به دیاری، بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی. نۆڕێ له‌م ژانره‌دا زیاتر له هه‌موو چه‌مكه مه‌عریفییه‌کانی تر، به ناو رۆحی مرۆڤدا شۆڕده‌بێته‌وه. ئه‌و وه‌ك مامهخهمهیهك، دڵه ناسكه‌كه‌ی پڕپڕه له زه‌مزه‌مه‌ی ئه‌و چرپه شیرینانه‌ی، كه له شۆڕشی شیعره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا كڵپه‌و بڵێسه‌ی هایكو، هه‌موو مێژووی داگیركردوه. به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه هیچ شتێک به قه‌د ئه‌م هایكو برۆنزییانه به‌ناو ڕۆحی پڕ له ئازاری مرۆڤدا سه‌فه‌ریان نه‌كردوه.. به‌ناو ژیاندا.
بۆیه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، به‌رده‌وام به وشه‌ی زێرین ئازاره‌كانی گشت مرۆڤایه‌تی بپشکنێت. چیتر وه‌ك شاعیرێكی بێ هیوا فرمێسك نه‌ڕێژێت بۆ ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤه‌كان!
(ئه‌وین و ئیرۆتیك. نۆڕێ و ڕۆمانسییه‌ت.)
ده‌توانم بڵێم: كوردستان به نیشتمان و دایكی شیعری ئیرۆتیك ناسراوه.
ئه‌گه‌ر به‌خێرایی ئاوڕێك له هونه‌ر و شیعری كوردی بده‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تی هونه‌ر و شیعری فۆلكلۆری كوردی، ده‌بینین زۆر به فراوانی پیاوان به‌بێ هیچ سانسۆرێك به زمانێكی ڕووت و ئیرۆتیكانه شیعر به سه‌ر بهژنوباڵای ژن‌دا ده‌ڵێن. ئه‌ویش وه‌ك خۆشه‌ویستیی ده‌ربڕینێك له قوڵایی هه‌ست و نهستیانهوه.
بۆ نمونه.. وه‌ك:
(ده‌مه‌كه‌ت كانی ئاو لێ بخواردا
سینه‌ت باغی به‌ی سه‌یرت بكردا)
یان
(هه‌رمێ، ئه‌ی وه‌ی هه‌رمێ
سینگۆڵه‌ت باغی ورمێ)
یاخود ده‌ڵێ:
(سۆیبه باڵابه‌رز، هه‌سته به‌یانه
ده‌م له‌ناوی ده‌م، ده‌ست له‌ملانه)
به‌مه‌ش غه‌ریزه جووڵاوه، بۆته هۆی وروژاندنی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
لە سترانه كورته‌كانی (هایکوکانی) “نۆڕێ”دا پڕپڕه له عه‌تری وشه و ئیرۆتیك، له‌گه‌ڵ بزه و خه‌نده‌ی كچانی عازه‌ب ده‌ست بازی ده‌كات. نۆڕێ؛ هه‌ر جوانییه‌ك ده‌بینێ په‌نجه‌ره به ڕوویدا واڵا ده‌كات، وه‌ك عاشقێكی مه‌ست وازی به وشه ده‌كات. جارجار به موزیكی زۆرباوه، نه‌ریتی ڕۆژهه‌ڵات ده‌به‌زێنێت و وه‌ك ده‌نگێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ژێر پرووشه‌ی باراندا سه‌ماده‌كات. كاتێ شكۆفه‌ی گوڵێك ده‌بینێت، خۆی لێ ده‌بێته هه‌نگێكی سه‌رخۆش و په‌رده‌ی شه‌رم ده‌دڕێنێت و ده‌ڵێت:
“ههنگێكم له‌كاتی پێوه‌دان”
هه‌موو ده‌زانین هه‌نگ هێنده میهره‌بانه، به هه‌ر كه‌سه‌وه بدات، خۆی ده‌مرێت.
كه‌واته “نۆڕێ” هه‌زار هێنده‌ی هه‌نگ، دڵ میهره‌بانتره بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری. تا سه‌ر ئێسك ئاماده‌یه له‌پێناو خه‌نده‌ی گوڵێكدا، عاشقانه خۆی شه‌هید بكات، تا گوڵ بژی.
نۆڕێ له‌لاپه‌ڕه (152)دا ده‌ڵێت
(كازیوه ده‌ڕژێ،
به ڕووتی ده‌چمه حه‌وشه
جریوه ده‌مپۆشێ!)
كاتێ دڵی شاعیرێك به‌ڕاستی دێته‌گۆ، ئیدی سروشت پڕ ده‌بێت له شه‌كانه‌وه‌ی وشه. وه‌ك چۆن دارستان باڵنده‌ی خۆشده‌وێت، وه‌ك چۆن خاكوخۆڵ كانی و ڕووباریان خۆشده‌وێ، شاعیرش وایه. كاتێ دڵی وه‌ك كازیوه تیرێژی لێ ده‌ڕژێ، گزنگ و كازیوه و جریوه‌ی چۆله‌كه و گمه‌ی كۆتری خۆشده‌وێ.
“نۆڕێ” به‌جۆرێک له ئه‌فسوون و ڕاپه‌ڕینی كازیوه‌دا سه‌رسام و حه‌یرانه، ئیتر به‌جۆرێک مه‌ست ده‌بێ، یاخی ده‌بێت له گشت نه‌ریت و باوه‌كان و سه‌ركێشانه به گژ كولتوورێكی چه‌قبه‌ستودا ده‌چێته‌وه و ئیدی به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه، وه‌ك ئاونگ جله‌كانی فڕێ ده‌دات و خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه له ناو حه‌وشه‌كه‌یدا، ئه‌وسا به چۆله‌كه زێڕینه‌كانی سه‌رده‌می كازیوه ده‌ڵێت:
وەرن، چۆله‌كه زێڕینه‌كانی سه‌رده‌می كازیوه، پێش پێكه‌نینی هه‌نار، پێش مه‌ستبوونی ڕه‌نگ، پێش سترانی شنه‌ی با، وه‌رن به جریوه‌ی خۆتان دامپۆشن، تا شه‌به‌نگ شه‌به‌نگ داگیرسێم، به سه‌ر ئه‌م شاره تاریكه‌دا.
ده‌ی وه‌رن، به‌هێمنی دامپۆشن، تا ئه‌و شه‌وانه‌ی بوون به شۆڕه‌بیی ژوورسه‌رم، تێكه‌ڵ به ڕه‌نگی گزنگیان بكه‌م.
به‌ڵێ، وادیاره شاعیرێك تاریكیی نیشتمان له مێژه‌وه كپكپی كردوه،
بۆیه وه‌ك پرووشه‌ی به‌فر، به ئه‌فسانه‌ی كازیوه‌دا، جانتایه‌كی سپی به بادا هه‌ڵده‌گرێ و له بناری شاخ، گوڵه‌شلێره فێری پێكه‌نین ده‌كات.
نۆڕێ وه‌ك دێڕێكی سپی بۆ خه‌ونی نیشتمان، وه‌ك بارانی ڕووت، وه‌ك سه‌ره‌تای شیعرێكی بزێو، وێنه‌یه‌ك به ڕووتی ده‌گرێت له باوه‌شی كازیوه‌دا، له‌ته‌ك كۆڕاڵی بادا .ده‌ستله‌ملانی یه‌كترده‌بن