هارمۆنی، نەک ململانێ
کامۆ ئاراز
جۆن کیتس، هۆنەری جوانەمەرگی ئینگلیز، وەلەو قوتابی زانستی پزیشکی بوو، کەچی لە شعرێکیدا وەڕەسی خۆی لە زانست دەردەبڕێت و بە گژ نیوتندا دەچێتەوە. کیتس ڕەخنەی ئەوە لە نیوتن دەگرێت کە بە داهێنانی ئاوێزە و شیتەڵکردنی ڕەنگەکان شعریەتی پەلکەزێڕینەی شێوازندوە و ئەفسوونی ئەو دیاردە ناوازەیەی بە ڕاڤەیەکی میکانیکییانە لە ناو بردوە. واڵت ویتمانی هۆنەری مەزنی وێژەی ئەمەریکیش، جارێک بە بیستن و بینینی گەردوونناسێک قەڵس دەبێت کە وانەگوتارێک سەبارەت بە ئەستێرەکان دەڵێتەوە و هۆڵەکە جێ دەهێڵێت، ئاخر ئەمیش وەک کیتس نەیدەویست زانست تام و دڵگیریی ئەستێرەکانی لێ زەوت بکەن. ویتمان لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا بە ناوی “کاتێک گوێم لە گەردوونناسە داناکە بوو” [When I Heard the Learn’d Astronomer] ئەم ڕووداوەی تۆمار کردوە. ئێدگار ئالان پۆش چەند جارێک تەشقەڵەی بە زانست و زاناکان کردوە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی زانستیی هەڵبەستراو لە ڕۆژنامەکان.
بەڵام شاعیران و وێژەدۆستانێکی زۆریشمان هەن کە ململانێیەکی وایان لە نێوان وێژە و زانستدا نەبینیوە و هەردوو کایەکەیان بە پێویست داناوە. دواجار زانست و وێژە هەڵقوڵاو و ئافرێنراوی مێشکی مرۆڤن، بەبێ دانەیەکیان دەستمان بە سەراپای سرووشتی مرۆڤ ناگات. پێشەوا کاکەیی لە گەردووننامەکەیدا، نە دڵی وێژەدۆستان دەشکێنێت، نە دڵی زانستدۆستانیش دەرەنجێنێت. نیشانیشمان دەدات کە هارمۆنی، نەک ململانێ، لە نێوان ئەو دوو کایەیەی مرۆڤایەتیدا هەیە.
ئەم کۆمەڵەشعرە جوانە خۆشبەختانە ناچاری کردم کە هۆنراوەیەکی ئاڵدۆوس هەکسڵیم بێتەوە یاد و وەریبگێڕم بۆ کوردی:
“گۆرانی پێنجەم فەیلەسوف”
ئاڵدۆوس هەکسڵی
ملیۆنان ملیۆنان سپێرم
هەر هەموویان لە ژیاندان؛
دەرپەڕیون بەڵام دانە نوحێکیان
بوێری ئەوەی هەیە هیوای دەربازبوون بخوازێت.
لە نێو ئەم ملیۆنانە کەم یەکەش
چانسی ئەوەیان هەیە ببنە
شەیکسپیر، نیوتنێکی دیکە، دۆنێکی نوێ—
بەڵام ئەو یەکەیان من دەرچووم.
شەرمەزار بیت کە باشترەکانی خۆتت وەدەرنا،
کەشتیەکەت گرتە دەست و ئەوانی تر لە دەرەوە بەجێمان!
بۆ هەموومان باشتر دەبوو، ئەی گرگنی بێگوێ،
گەر بە هێمنی بمردبایت!