وێژان، دنیایەکی تازە بە ڕوویی شیعری کوردییەوە
موراد عەلی
لەسەرەتاوە دەمەوێ باس لە گرنگی قسەکردن لەسەر شیعر و بوونی کتێبگەلێکی لەم شێوەیە بکەم کە چەند گرنگە بۆ نەوەی ئێمە، دواتریش کە ئاشنای بەرهەمی ئەدەبی و ئەدەبیاتی خۆی بێت لەم سەردەمە خێراتێپەڕ و دنیا ئاوەژووبووەدا کە هەر شتێک چەند جوانبێ، بە ڕێژەی جوانییەکەی زیانی بەردەکەوێت. شیعر یەکێکە لەو جوانیانە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و کەمترین هۆگر و خوێنەری ڕژدی ماوە، لەوەیش سەریر تر نەبوونی دەزگە و میدیایەکی پتەو و جێمتمانەیە کە شاعیر و نووسەران تێیدا قسە لەسەر دەق و ئەزموونەکانیان بکەن، بەجۆرێک لە هەندێک لەتیڤی و ڕادیۆکانەوە دەیبیستین. کاتێک نووسەرێک بانگێشت دەکرێێ. چەند پرسیاری مناڵآنە و دوور لە ئەدەب و گرنگی ئەدەبی لێدەکرێ، دواتر پەشیمانی کە کاتت بەفیڕۆ چووە.
خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵێک گەنجی چاڵاک و خەمخۆر هەن کە بە شێوەی دیدارسازی ئەدەبیی، بۆ سەلماندنی گرنگی ئەدەب و بەتایبەت شیعر
گفتوگۆی چر و گرنگ دەکەن لەگەڵ شاعران.
ئارام حاجی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی، کۆتا بەرهەمیی دیدارسازی، لە ماوەی پێشوو بڵاوکردەوە کە کتێبێکی دیدارسازی گرنگە لەگەڵ ٤٥ لە ئاخێوەری ئەدەبی بەم جۆرە
١٥ لێکۆلەر ١٥ وەرگێر ١٥ شاعیر لەژێر ناونیشانی ( وێژان)دا.
دەکرێ بپرسین کە گرنگی جۆرە کتێبێکی لەم چەشنە چییە؟
لەدوای خوێندنەوە ئەو کتێبە خوێنەر نەک هەر هەست بە گرنگی شیعر وەک ژانەرێکی نەمر و هەمیشە زیندوو دەکا، بەڵکو هەست بە گرنگی ژیانکردن پێبەپێ لەتەک شیعر دەکات، بەجۆرێک بۆ هەر نووسینێک.
نووسین و بڵاوکردنەوە و قسە لەبارەوە کردن(ڕەخنەی ئەدەبی) و دواجار وەرگێران، گرنگییەکی باشی دەردەخەن.
لەم کتێبە قسە لەبارەی هەموو ئەوانەوە کراوە
یەکێکی تر لە گرنگییەکانی کتێبەکە فرە دەنگی و فرە ڕەهەندییە کە هەر یەک لە بەژداربووان لە دنیابینی و چاوی خۆیەوە لە شیعر و وەرگێرانی شیعر دەڕوانێ، بەجۆرێک بەشێک لە وەڵامەکان تەنانەت دژیەکیشن، دژیەک بەمانای دنیابینی جیاواز کە خودی ئەو دژیەکانە بەشێکن لە گرنگی
نووسین و شیعر و قسەکردن لەبارەی شیعرەوە، لەم کتێبەدا.
وێژان یەکێکە لەو کتێبانەی خوێنەر ناتوانێ کە تەواوی کرد بیخاتەوە ڕەفەی کتێبخانەکەی و بڵێ ئەمەیش تەواو، بێ هیچ هەڵوێستەکردن و قسەکردنێک. بە گرنگی دەزانم هەموو کوردزمانێک کە لە خەمی کولتوور و ئەدەبی وڵاتەکەیەتی. کتێبی وێژان و هەرکتێبێک لەو چەشنە هەبوو بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت و بە ڕژدی لەسەری بوەستێت.