405210705_10229116424548931_4407123647599507599_n

2023/12/01

وێژان ــەکەی ئارام حاجی

ئالان پەری

پار لە پێشانگای کتێبی سلیمانی لە ژووری نووسیار زۆر لە سەردانیکەران، نووسەر و وەرگێڕ بوون و زۆربەیان بە هەوڵی نووسیار دڵخۆش بوون. یەکێک لە سەردانییەکان ئارام حاجی بوو. زۆر بە تامەزرۆوە باسی پڕۆژەکەی کرد و ئێمەش وەک هەمیشە لە پێشوازی پڕۆژەی نوێ و دانسقە گوێگر و هاودەنگ بووین. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم پرۆژەیە لەوێوە چەکەرەی کرد و وردە وردە لەگەڵی ڕۆیشتین و تا توانیمان بەو ئەزموونەی هەمانە سەرنج و ڕای خۆمان هەبێت لەسەر تەواوی پڕۆژەکە. بێگومان وەک پڕۆژەی کتێبێکی تایبەت پەسەندمان کرد.
یەکەمین کتێبە بەشێوازێکی کۆکراوە دید و بۆچوونی نەوەی نوێی نووسینی شیعر و لێکۆڵەر و وەرگێڕی بەسەرکردۆتەوە، کە دەتوانین بڵێین یەکەم هەوڵە لەو بارەیەوە بەو چڕییە وەک کتێب بە چاپ بگەێنرێت. بە خۆشحاڵییە نووسیار ئەم کتێبەی گرتەوە خۆی و هەر لەسەرەتاوە لەکاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەکە بە نووسیار بەردەوام ئیشمان تیا کردووە و بەردەوام ئیدیتۆر و کاری پیشەیی خۆمانمان بۆ تەرخان کردووە. هەر لە چۆنییەتی داڕشتنی تەواوی کتێبەکە تا دەگاتە بابەتی دیزاین و چاپ و بڵاوکردنەوە.
ناونیشان:
ناوی وێژان بەهۆی فرە ڕەهەندییەکەیەوە هەڵبژێردراوە، هاوکات لەبەر نزیکایەتی لە چۆنێتیی و چییەتی و پێکهاتەی کتێبەکەوە هەڵبژێردراوە کە بەواتای گوتن و لە بێژنگدان دێت و دەکرێت لە ساتی گەردانکردندا کۆمەڵێک واتای تری وەک وشە یان کۆمەڵێک وشە بدات.
بەرگ و ناوەڕۆک:
ئەگەر باسی بەرگ بکەیەن ئەوا شێوەی قەلەڕەشێکی گەورە لە سەر بەرگ و لەهەر بەشێکی کتێبەکە ١٥ قەلەڕەشی شێوە جیاواز هەیە کە دواتر دەبنە کۆکراوەی ٤٥ بەشداربووی ئەم کتێبە. بەوپێیەی هێمای قەلەڕەش وەک بابەتێکی شاعییریانە بە هەند وەرگیراوە. بێجگە لەوەی کتێبەکە چاپێکی بەرگ ڕەق و بوونی چەندین پرسیار و وەڵامی تایبەت لەمەڕ پرسی شیعر و وەرگێڕانی شیعر و لێکۆڵینەوە لەبارەی شیعرەوە کە سەرجەم بەشدار بووان لە پاش دوو هەزار چالاکەنە هەر یەکەو لەو سێ بوارانە چالاکن و دید و داهێنانی خۆیان سەلماندووە.
ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە سێ کتێب و هەر بەشێک بۆ وتووێژی شاعیران و لێکۆڵەران و وەرگێڕەکانی پاش دووهەزار تەرخان کراوە. دەستنیشانکردنی بەشداربووان هەڕەمەکیانە نەبووە بەڵکو بە پێی بوونی ئەزموون و چالاکی و ئامادەبوونی ئەو نەوەیە سەرچاوەی گرتووە. دید و وەڵامەکان هێندە بە پێز و بەسودن تەواو لە ئاست پرسیارەکانی ئارام حاجی یەک دەگرنەوە.
لەبارەی وێژان:
وێژان پێک هاتووە لە چل و پێنج دیدار، لەبارەی شیعرەوە لەگەڵ پازدە لێکۆڵەر، پازدە وەرگێڕ، پازدە شاعیری پاش دووهەزار، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارن تێیدا.
نوێترین بەرهەمی دیدارسازی ئەدەبیی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی ئارام حاجی ییە. وێژان پێک هاتووە لە چل و پێنج دیدار، لەبارەی شیعرەوە لەگەڵ پازدە لێکۆڵەر، پازدە وەرگێڕ، پازدە شاعیری پاش دووهەزار، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارن تێیدا.
ئیمەی کورد لەسەر ئاستی جیهان، لە هەر کایەیەکدا شتێکمان پێ نەبێ بۆ بەخۆنازین، ئەوا لە شیعردا بەردمان خستووەتە سەر بەرد؛ وەک شیعر بەشێکین لە ڕۆشنبیریی جیهان. خەتام نەگوتووە گەر بێژم: پشکێک لە بزاوت و بەرەوپێشچوون و داهێنان لە شیعردا، لە ئەستۆی ئێمەدا بووە. کەوایە ئێمەی کورد خاوەنی شاعیری باشین، بەڵام ئەوەی کە نەختێک هەژارین تێیدا، بەشداریکردنە بە قسەکردنێکی ڕژد لەبارەی شیعرەوە لەسەر ئاستی نێوخۆ و جیهانیش، بۆیە لەم بەرهەمەمدا ئیشم لەسەر ئەوە کردووە کە شیعربینیی شاعیران و وەرگێڕەرانی شیعر و لێکۆڵەرانی شیعر لەبارەی شیعرەوە، لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەی وتووێژ لە سێ بەرگدا کۆ بکەمەوە.
هەروەتر ئەم سێ دەستە، کەسانێکن کە بەرهەمەکانیان کەوتووەتە پاش ساڵی دووهەزار، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا نەک مێژوو، بەڵکوو شتێکمان لە شێوەی مێژووی ئەدەبی پاش دووهەزار بۆ ڕۆشن ببێتەوە.
وێنە: #وێژان– سروشتی جوانی گەرمیان