گەڕان بە شوێن دەنگی خۆیدا
بەختیار حەمەسوور
بێهوودە
لە پەنجەرەوە دەڕوانمە دەرەوە
-دڵنیام هیچ شاعیرێک
هێندەی ژنی چاوەڕێ لە پەنجەرەوە نەیڕوانیوە-
(کۆپلەیەک لە شیعری “زۆر پیر و زۆر پێکراو”: ڕاهۆز کامەران)
*
وەک ئێستا لە بیرمە: ڕێک دوازدە ساڵ لەمەبەر ڕاهۆز کامەران شیعرێکی بۆ خوێندمەوە و گریا، لە دڵی خۆما گوتم بڵێیت ئەم کوڕە بەڕاستی بێت!؟ دواتر ناوبەناو کە یەکمان دەبینی، شیعرێکی نوێی خۆی بۆ دەخوێندمەوە، یان دەینارد و دەیگوت سەرنجی خۆتم پێ بڵێ. ئەم ئێوارەیە کە شیعرەکانیم لە کتێبێکدا بینی و دەمخوێندەوە، زۆرێک لەو ڕۆژانەم بیر هاتنەوە، نایشارمەوە دڵخۆش بووم، لە ناخەوە دڵخۆش بووم. بۆ من کتێب هەمیشە قسەی کۆتایی نووسەرە. ڕاهۆز لەم ساڵانەدا چەند جار کەڵکەڵەی چاپ و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی کەوتووەتە سەر و پەشیمان بووەتەوە، دواجار کە بڕیاری دا پێی گوتم، بەیانییەک لە دەزگای سەردەم، لە ڕاڕەوەکەدا، بەدەم پیاسەوە، گوتی تەواو دەینێرم. لە درێژەی ئەم ساڵانەدا دوورونزیک ئاگاداری تەجرووبەکەی ڕاهۆز بووم، تەنانەت ڕەنگە یەکەم کەس بووبم لەسەر شیعریم نووسیێبت؛ دەمدی ڕۆژانە لە دنیاکەی پێشووی دوور و دوورتر دەکەوێتەوە، بە شوێن دەنگی خۆیدا دەگەڕێت، خوێندنەوەکانی هەمەلایەنتر دەبن، ئەمە بە دوایین دەقەکانیەوە دیار بوو. ئەگەرچی هێشتا ڕەنگە ئەم دەنگە ئەو دەنگە نەبێت کە ئەو و منیش دەمانەوێت، بەڵام جوانە، من خۆشم دەوێت.