395901076_818249420302871_5831132206686930777_n

2023/10/26

شیعرییەتی بە هەڵمکردنی ڕاستیی

هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (ئاژاوەی بێدەنگ) لە نووسینی ڕاهۆز کامەران

هەندرێن

لە کن من شیعر لەوەتەی هەیە، ئەزموونی ڕاستیی ژیانێکی شیعرییانە دەگێڕێتەوە. مەبەست لە شیعرییانە، کردەی چڕی گوتن و وێنەکردنێکی سرک و سیحراندنی ڕاستیی ئەمدیوی ئەم ژیانە یان واقیعەیە کە شاعیر یان ئەزموونی کردوە یان دەکرێ  ئەزموون بکرێت. ئەرکی رەخنەی ئەدەبیش تاووتوێکردنی چۆنییەتی گێڕانەوە و نواندنی ئەو ڕاستییانەیە کە لە دەقێکی شیعرییدا ئەزموون دەکرێن.

ڕۆژگاری ئەمڕۆی کوردیش، بە کۆمەڵ ئاڵوودەی ئەو ڕاستییە ڕەهایانەی ژیانی ئەم واقیعە داهێزاراوەمانە کە ئاوابوونە یان خەریکە ئاوا دەبن. لێ لە هەمان کاتدا هێشتا بە کۆمەڵ ئاوێزانی ئەو ڕاستییانەین، چونکە هێشتا ژینگەی بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئامادەیی لە بەرهەمهێنانی ڕاستیی نوێ نییە. دۆخی ئەدەبی ئێستایشمان بە هەمان ساتەوە وەخت دەگوزەرێت.

هەر چۆنێک بێت، ئەو بابەتە هاوبەشەی کە هەر هەموو کۆشیعرەکانی کە هاتبوون بە یەکەوە کۆدەکاتەوە، ڕەشبینی یان  نیشاندانی هەستی ئەو ژیان و واقیعە سەرگەردانە یان بێهوودەیە کە بە گشتیی خەڵک ڕۆژانە بە دەربڕینی جیاواز دەریدەبڕن.

 دواجار ئەرکی من ئەوە بوو سەرنج لەوە بدەم،  کە کامە لەو کۆشیعرانە بە زمانێکی ئێستێتیکییانە هەستی یادەوەریی ڕاستیی ئەمدیوی دیمەنی ئەو ژیان و واقیعە تژی لە نیگەرانی و بێهوودەمان بۆ بەرجەستە دەکەنەوە.

کۆشعری (ئاژاوەی بێدەنگ)، باشترین کۆشیعر بوو، کە بە بەشێکی زۆر لەو مەرجانەی شیعری لە کۆی شیعرەکاندا بەرجەستە کردۆتەوە. ئەو کۆشیعرە ئەگەرچی لە ژێر کۆمەڵێک ناودا نووسراون، لێ کۆی شیعرەکان، یەکێتییەکی تۆکمەی ڕیتمی زمان و بابەت و شێواز بەیەکەوە پێکدەهێنن.

“ئاژاوەی بێدەنگ” لە شیعرێکی درێژ یان چامەیەک دەچێت کە بە ئاوازی زمانێکی چڕگۆ، مینیماڵیی، لێ ویستخوازانەی شیعریی هەستی یادەوەریی ڕاستیی ئەزموونی وەگێڕی شیعریی ئەو ژیانە لە مانا داماڵراو و پەرتەوازەیە دەگێڕێتەوە.

شاعیر تەنێ هەستەکان سەبارەت بە یادەوەریی ئەزموونی ئەم ژیانە هەلا هەلابووەدا، بە زمانێکی چڕگۆ و وێنە شیعرییە ئێستێتیکیی و خۆڕسکەکانییەوە ناگێڕێتەوە، بەڵکە بە هۆی دەنگە ناوەکییەکانی زمانە شیعرییەکەیەوە یادەوەریی ئەو هەستەی ژیان و نۆستالیژییە خاکەسارەکەی بۆ ڕاستییەکانی ئەو ژیانە ئەزموونکراوانەیش دەگێڕێتەوە. گیڕانەوەی یادەوەریی ئەو هەستانەی ئەزموونی ژیان بە زمانێکی ژانگرتوو، لێ کورتبڕ، بە وێنگەلی سەرنجڕاکێش و ورد، لێ دیمەنی ئاشنا بە هەموومان، بە ئاوازی دەنگگەلێکی ناوەکیی هۆگرانە، خۆزاڵکردنی هەستی شاعیرەوە، وامان لێ دەکات بەهایەکی شعریی ئاخێنراو لە (ئاژاوەی بێدەنگ)دا ببینین.

ئەمەیش بڕوامان لە لا دروست دەکات کە ئەو شاعیرە، دەخوازێت خاوەن زمانی خۆی بێت، واتە بە زمانێکی هونەری تایبەتەوە، یادەوەریی ئەو هەستەی کە لەو ژیانەدا خۆی مەلاس داوە دەچنێتەوە. لێ زمانی (ئاژاوەی بێدەنگ) تا سەرنجمان بۆ زمان ڕابکێشێت، ناخوازێ گەمە بە وشە و ڕستە و دەربڕینی نوێ بکات، بەڵکە بە زمانێکی ڕەوانی ئاشنا بە خوێنەر، هەستی یادەوەریی ئەم ژیانەمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو لە بری ئەوە دەخوازێت، مانا بێمانایەکانی ئەم ژیانەی تێیدا ئەزموونی کردووە، بە شیعریی بکات.

“ئاژاوەی بێدەنگ” دەنگی هەستەکانی ڕاستیی ئەو ژیان و واقیعەیە کە لەگەڵیدا لە ململانێ دایە. ئەم کۆشیعرە هەوڵدەدات لەناو ژاوەژاوی ئەم ژیانە دڵڕەق و خاکەساردەدا، کەمترین دەربڕین لە کەسایەتی خۆی نیشانبدات، لێ هاوکاتیش ژیاننامەی خۆی و ئەوانیتر بنووسێتەوە، بۆیە لە یەک کاتدا کە باسی ئەزموونی خۆی دەکات، باسی ڕاستیی ژیانی ئەوانیتریش: خێزان، کە دەیەوێ لێیان هەڵبگەڕێتەوە؛ مامۆستای وانەکانی مەکتەبە، کە پێی وایە ئەوەی دەیڵێن خواستی ئەو تێر ناکەن، پۆلیس، کە لێی دەخوازێت، مرۆڤ بێت، سەرباز، کورد، کە “خودا لە ئەنفال” بە تەنیا بەجێی هێشتووە، یان کورد لە “وان لەبەر کوردبوون دەکوژێت”، خۆشەویستەکەی، کە دوای نەمانی، دەستەکانی هەتیو ماوەنەتەوە و بەس گیرفانەکان ماون حەشاری بدەن،  چەترەکەی، کە هەمیشە لەبەر باران و خۆریشدا پیاسەی لەگەڵ دەکات و جاریش داوا لە خەڵک دەکات بێنە ژێرییەوە و… تاد.

هەموو ئەوانە بە زمانێکی سادە، لێ بزۆک، وێنە دەکێشێتەوە. هەروا بە جوانیش ئەزموونی شاعیرگەلێکی بیانی و هێماگەلێک لە ژیانی کورد و دونیا، بە لێزانانە لەناو بۆتەی بیرکردنەوەکانی خۆیدا دەخەملێنێت.

ئەم شاعیرە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەردە لەسەر کەسایەتیی و ڕووداوەکانی ناو دەقەکانیدا هەڵدەماڵێت. بەمەیش حەز دەکات ئەو مانایانەی کە هەن وا نیشانبدات کە کەڵکی مانەوەیان نەماوە یان بۆ تێگەیشتن بەسەرچوونە.

(ئاژاوەی بێدەنگ) پێمان دەڵێت، واقیعی ژیان بێمانا بووە و لەوەدەچێت مەحاڵیش بێت بتوانرێت مانای نوێ بۆ ئەو بێمانابوونەی، ڕاستییەکان بدزۆرێتەوە.

ڕوانینی ئەم کۆشیعرە بۆ یادەوەریی هەستەکانی ئەم ژیانە، هەندێک بەدکارانەیە، چونکە وەک دەنگێکی شیعری پۆستمۆدێرن، هیچ تشتێک لەم ڕاستییانەی ژیان کە ئەزموونی کردوون بەها و ڕەوایەتییان نەماوە. هەموو بەهاکان هەڵوەشاوندۆتەوە و زۆرجاریش دەخوازێت بەهای ئەم بوونە، بە هەموو دیوەکانییەوە پووچ نیشان بدات.

ئەو هەستی پووچی و ئاوابوونی ڕاستییانەیش، لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستاندا بە زەقی ئەزمووون دەکرێن.

ماوەتەوە بڵێم ئەو شاعیرە لەمدیوی زمانی شیعرەکانیدا، ئاگای لە ئەزموونی شیعری کوردیی، بیانیی و بابەتە فەلسەفیی و سیاسییەکانیش هەیە، کە ئەمانەیش مەرجگەلێکن بۆ شاعیرێک کە دەنگی ڕۆژگارەکەی خۆی بێت. هەروەک وامان لێدەکات سەرنج بدەین لەوەی، کە بە ئاگایە لەوەی کە بۆمان دەگێڕێتەوە.