نەمرەڕێ وەک مانیفێستێک بۆ تۆخکردنەوەی بەهاکان!
خدر ئیبراهیم خدر
[ لە گزنگەوە بۆ گزنگ
دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،
خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،
ئەم دەنگە
هەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و
داڕمانی شاخ و
رۆچوونی زەوی نییە،
داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە
دهستی ناوەتە بینی سرووشت و بەرد دەهاڕێ! ]
دەشێت هەر بنیادەمێکی خاوەن ئەقڵ و ئاوەز درک بە ئەلف و بێی جوانیەکان و، دیوە بینراو و نەبینراوەکانی مەحەببەت و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بکات، بەڵام ناشێت هەمووان بتوانن لەفەزای ژیانی فیزیکی خۆیاندا پراکتیزەی بکەن و، وەک چەند دەستکەوتێکی بە بەها و زیندوو لە کایەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، تێپەڕاندنی ساتەکانی تەمەندا سوودی ئەرێنییان لێ وەربگرن. چونکە وەختێک بنیادەم دەتوانێت دەرەقەتی مومارەسەکردنی ئەو چەمکانە بێت کە لە جەوهەردا پاکژ و، لە بیروئایدیاشدا خودادۆست و جواندۆست و بەهادۆست و مرۆڤدۆست بێت. ئەگەر وا نەبووایە، دونیای ئەمڕۆ، بەو رادەیە نووقمی دزێوی و ناشیرینییەکان نەدەبوو. بەو هێندە کێبەرکێی چەک و سوپاسالاری و، مۆتەکەی شەڕ و کوشتار و ئازاردان و ونکردن و سووکایەتیپێکردن و راگواستن و ئاوارەکردنی زۆرەملێش بوونی نەدەبوو.
رەنگەکانی مرۆڤبوونی تیادا دەبریسکێتەوە
پێشەوا کاکەیی یەکێکە لەو دەنگ و رەنگانەی ساڵانێکە بەو نەفەسە، هەناسە دەدات کە کانیاوی جوانییەکانی لێوە هەڵدەقوڵێت و، لەو گۆشەنیگایەشەوە، بیردەکاتەوە و پیت دەخاتە سەر کاغەز، کە رەنگەکانی مرۆڤبوونی تیادا دەبریسکێتەوە. ئەو، موسافیرێکی ماندوون و بەسەر چوارڕێیانی هەڵوێستەکانەوە راوەستاوە و، ئەو ئاڕاستەیە بۆ ئەوانی دی دەستنیشان دەکات کە لێیەوە، جارێکی تر لەگەڵ مەعریفەی خودناسین و ژیانناسیندا ئاشتببنەوە.
پێشەوا کاکەیی، وەستایەکی کارامەی پانتایی وشە و نووسینە، مەبەستییەتی کۆی مرۆڤەکان بە جیاوازی بیر و ئایدیا و رەنگ و رەگەز و باوەڕەوە، ، لە ژێر هەژموونی بێئاگایی و رەشبینی و نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژێر هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری و بەماددەبوونی پێدراوەکان، بهێنێتەدەرەوە و، دەستێپکێکی نوێ لەبەرچاو بگرن کە ببێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە لەسەر گۆی زەوی بۆ هەمووان کە تیایدا دڵۆپە ئەڵماسییەکانی مەحەببەت و پێکەوەژیان و سروشت پارێزی، ببنە پنتێکی کۆکەرەوە بۆ پێکەوەگرێدانی چارەنووس و، باشترکردنی چلۆنایەتی ژیانی ئیستا و داهاتوویان. بۆ ئەوەی بتوانن ئاسوودەییەک تام بکەن، زۆر لەو ئاسوودەییە واوەتر بچێت کە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان و، پارتە بنەماڵەیی و ئایدۆلۆژ ژەهراوییەکان، لە فۆرمێکی دەستکرددا، دەرخواردیان دەدەن.
ئەو، پێیوایە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی خەون و ئایدیا جوانییەکان بۆ ناو دونیای واقیع، نیازی بە هەبوونی بوێری و ئیرادە و جوان بیرکردنەوە و جوان بینین و هەڵبژاردنی ڕاستەڕێ هەیە، نەک لەپەنای ترس و بی ئیرادەیی و، روانینی راگوزار و، ئومێدی بێ کرداردا، عەوداڵی بیت و، هەر رێگری و بەربەستێک وابکات دابنیشیت و ئەژنۆی دەستەوەستانی و دۆڕان لە ئامێز بگریت.
تەواوی هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە
نەمرە ڕێ، یەکێکە لەو دەستکەوتە وشەییانەی پێشەوا کاکەیی لە فۆرمی وتن و وشەدا، بە ئاڕاستەی تۆخکردنەوەی دیوە خوازراوەکەی مرۆڤ و گۆی زەوی، بەکاری بردووە. ئەو لە نەمرە ڕێ دا، تەنها نایەوێت بگەرێت بە دوای سەبەبکارانی بینراو و نەبینراوی پشت هەڵایسانی جەنگ و ناشیرینکردنی جەوهەری مرۆڤ و، زەقکردنەوەی داتاکانی مەرگدۆستیدا و، پەنجەی تاوانباریان بۆ رابدێرێت، بەڵکو دەیەوێت ئەلتەرناتیڤێکێش بخاتە روو لە مەودای نزیک یان دووردا، مرۆڤ لە هەیمەنەی ماددەپەرستی کوێرانە قوتار بکات و، ماڵی سەرمایەداری و ستەمکاری بەسەریەکدا بڕمێنێت و، تەواوی هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە.
پێشەوا کاکەیی وای دەبینێت، ئێستا نەک تەنها دێوێکی ترسناک، بەڵکو دەیان دیوی بکوژ لە پانتایی شار و، نیشتمان و، سەر زەمینی مرۆڤدا، بەری کانیاوەکانی مەحەببەت و ئاشتەوایی و پێکدی ژیانیان گرتووە و، بۆ وەلانانیان، لەجێی تاکە (ئەحمەد پاڵەوان)ێک، نیازمان بە دەیان و سەدان (ئەحمەد پاڵەوان) هەیە لە بەرامبەریاندا ڕاستببنەوە و، ڕێڕەوی کانیاوەکان واڵابکەنەوە…
ئەو، لەیەک کاتدا هەم وەک وشەساز و، هەم وەک رێنوێنیکار و، هەم وەک عاریف و، هەم وەک مژدەدەری سبەینێ دەدوێت و، بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەو دونیایە، بۆتە مامەخەمەی مرۆڤایەتی !
وشەکانی (نەمرەڕێ ) پێماندەڵێن تا بنیادەم لە دەرووندا هەست بە جوانی و شکۆی دەروونی خۆی نەکات و، بە چاوی دڵ نێرگزەجاڕ نەبینیت، ناتوانێت لە دەرەوەی بونیادی خۆیدا، شوێن پێی جوانی و بەها باڵاکان هەڵبگرێت و، بۆن و بەرامەی نێرگزەجاڕ هەڵبمژێت. دروست هاوشێوەی یەعقووبی نێردراوی خودا، کە ئەوەڵجار لە غیابی ناکامڵی رۆحی ئەو و، ئاوێتەنەبوونی تەواوەتی لەگەڵ ویست و حیکمەتی خودادا، نەیتوانی هەست بە بوونی یوسف بکات لەناو بیردا لەکاتێکدا چەند هەنگاوێک لێی دووربوو. کەچی دواتر، وەختێک بووە یەعقبووێکی تر لە ئیمان و بڕوادا، لەدووری دە رۆژە رێ، لە دەروازەکانی میسرەوە، لەڕێی شنەی شەماڵەوە، بۆنی کراسەکەی یوسفی کرد…
هەوڵێکی جوانە لەپێناو دووبارە سەرکەوتن
(نەمرەڕێ) تەنها وشەگەلێکی ئەبستراکت نییە کە بێ قسە و وتن، راگوزەر بەلایدا تێبپەڕیت، بەڵکو هەوڵێکی جوانە لەپێناو دووبارە سەرکەوتن بەسەر هەورازدا، لە نزمایی دزێوییەکانی سیاسەت و سەرمایەدارییەوە بەرەو ترۆپکی یەکسانی و ڕێزگرتن لە سروشت و مرۆڤ و بەها باڵاکان. دنەدەرێکی پۆزەتیڤە بۆ رەواندنەوەی تەمی ئەو دڵشکان و بێزاری و دڕندۆنگییەی مرۆڤەکانی لە سپێدەیەکی جیاواز لە ئەمڕۆ بێبەشکردووە.
تەنها ئەوەندە بەسە بۆ (پێشەوا کاکەیی) کە لە (نەمرەڕێ) دا، بەگژ ستەمکاری و تاریکی و رەشبینیدا چۆتەوە و، پێماندەڵێت ئەوەی جوان بیربکاتەوە و جوان ببیینیت، جوانیش دەژی. ئەگەر بە وشەکانی، نەتوانێت پەرچوویەک دروستبکات و، بە دەربڕینەکانی، دەرەقەتی هوشیارکردنەوەی زۆرینەی عەوامیش بێت کە مەخابن پڕییەتی لە بنیادەمی خەواڵوو و بێ ئاگا و دووڕو و لاڕێ و ترسنۆک، دەتوانێت وەک دەنگێکی تووڕە و بێزار (کە هەقیقەتی) وشەی (نا) لەبەرامبەر لەشکری تاریکی و ستەمکاریدا دەرببڕێت کە بە ئەنقەست و بە مەبەست شکۆی مرۆڤی هێناوەتە خوارەوە. هەروەها ببێتە سەرمەشقێک بۆ ئەو خوێنەرانەی ئولفەتیان بە وشەکانی ئەوەوە گرتووە. ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنێکی مەعنەوی و کردەییە، چونکە هیچ نەبێت دەتوانێت ئەو بەشە لەخوێنەر و هەوادارەکانی، لە فۆرمی ئیرادە و گەشبینیدا بهێڵێتەوە کە ئولفەتیان پێوەگرتووە و، هانیان بدات لەو هەڵدێرە نزیک نەکەونەوە کە مەرگی مەعنەوی سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکات…