بەرەواژ بێ بۆنە
نارین ڕۆستەم
نامەوێت وەک ئەو دوکاندارە وا بم، کە بە عەترپرشێنی دوکانەکەی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت.
من دەمەوێت خوێنەر بە خواستی خۆی بۆ بینینی وشە و دێڕەکانم ڕێگە ببڕێت. بۆ ئەوە نا، کە بیستوویەتی: جوانن! بەڵکو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تەماشایان بکات، دەستیان لێ بدات و لە کۆپی و ڕەنگیان دڵنیا ببێتەوە. خوێنەری بەئاگا دەزانێت، ناوبانگی ئەدەبیاتی کۆپیکراو پڕفرۆشترینیش بێت، کاتییە.
قەینا دوور لە وەھمی خۆبەگەورەزانین با شتێکی دیکەیش بڵێم: دەرگای شیعری من کراوەیە، ڕەخنەگر و خوێنەر لێی دەچنە ژوورەوە و دێنە دەرەوە. من ھیچ کات بە پێشنیازکردنی شیعری تازە و دێڕی سەرنجڕاکێش خوێنەر ناچار بە مانەوە ناکەم. کەی ویستیی، با بڕوات. پێچەوانەی شیعرەکەی (حاجی قادری کۆیی) من ناترسم لە ڕزین و خورانی شیعرەکانم.