451460521_1027341272294576_3429128957409148309_n

2023/05/18

چەند سەرەنجێک لەبارەی ڕۆمانی، گۆڕستانی سەگەکان

ئارام حاجی

هەمیشە مەیلم بەلای بەرهەمی گەنجەکانەوەیە، لەبەر ئەوەی هەم خۆم لەناو هەمان دەستەدام، وەکی تر زۆربەی دیدارەکانیشم لەگەڵ ئەو دەستەدایە. لێرەیشدا بە خێرایی چەند سەرەنجێک لەبارەی ڕۆمانەکەی کارۆ-وە دەدەم.
یەکەم/ زمان لەم ڕۆمانەدا زۆر چالاک و کارایەوە، ئەمەیش وای کردووە زوو زوو قسە لەدەمی کاراکتەرێکەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکێکی تر و ڕیتمێکی خێرای وەرگرتووە گێڕانەوەکە. وە پەڕەکان خێرا دەستاو دەستبکات. وە دێڕی سواویش نەبینیت. بە واتایەکی تر: دەستی بە وشەوەگرتووە و شوێن و لێکەوتی وشەی باش زانیوە و هەڵبژاردووە.
دووەم/ وەک تەکنیک، ڕۆمانەکە دابەشبووە بەسەر دوو هێڵدا. هێڵێ یەکەم دۆخی ئێستایە و بە دەمی ئێستایی گێڕدراوەتەوە، کە دەستپێکی ڕۆمانەکەیە و باس لە چارەنووسی کاراکتەری پەنا و هەروەها ماتڵبوونی خەزێ لە ماڵی خەسوویدا، بە دیار نەخۆشی مێردەکەیەوە دەکات.
هێڵی دووەم، گێڕانەوەی ژیانی کچێنی خەزێییە، تا ئەو جێگەی پەنا دەناسێت و کەوتنە ناو ژیانی پەناوە، ئەویش بە دەمی ڕابردوو نووسەر ئەم هێڵەیانی گێڕاوەتەوە، هاوپێچ لەگەڵ ماڵی “کەنی” و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیان. پاشان هەردوو هێڵەکە یەکدەگرن… وە لە کۆتایی ڕۆمانەکە نزیک دەبێتەوە، خۆشبەختانە تەکنیکێکی کۆن و مردوو نییە کە هەموو نووسەرێکی کەمئەزموون بەکاری هێنابێت، بەڵام بەتەنیشت کارۆـ وە، بەنموونە: هیوا مووسا لە ڕۆمانی کارگەی تەرمەکان و جەبار عوسمان لە ڕۆمانی سەمای یەسنا لە ئاگردا، بەکاریان بردووە.
سێییەم/ ئاماژە و پەیامەکان بەگشتی لەم ڕۆمانەدا نوێ نییە، نەختێک بەلای سواویشدا ڕۆشتووە، ئەویش ڕەخنەگرتنە لە کولتووری کۆمەڵێک کە حەقیقەتی خۆیان لەسەر وتی وتی بنیات ناوە، یان مرۆڤانێک کە ڕێگە بەخۆیان دەدن و لەناو ژیانی ئەوانی تردا ڕۆڵیان هەبێ و سنوور بۆ ئازادیان دانێن، لەبری ئەوەی سەرقاڵی ژیانی خۆیانبن. یان ئەو پیاوە ئاینیانەی بەناوی خوداوە بەهەشت و دۆزەخ بۆ خەڵکی هەڵدەبژێرن. یاخود ڕوانین بۆ کچ و بێوەژن و پرسی کوشتن لە کۆمەڵگەی نێرسالاریدا. یان کولتووڕێک کە هێندە ڕقی لە جوانییە، وەک ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ کراوە لە ڕۆمانەکەدا و کە بەلای منەوە نووسەر گوزارشتێکی زۆر جوانی بۆ هەڵبژاردووە ( باخچەیەکی پڕگوڵ دەکەن بە توالێت). یاخود ڕەخنەگرتن لە جیهانی سەرمایەداری و تەکنەلۆژیا و شاشە کە لە بچووکترین خاڵدا لەوەی کردووین لە خەمی یەکتردابین،هەست بە ئازاری ئەوەی تەنیشتمان بکەین. دووروونزیک ئەشێ ئەمانە هەموو نووسەرێک درکی پێبکات و بەم هۆیەشەوە نوێ نین پەیامەکان( چۆن گێڕانەوەیان شتێکی ترە).
چوارەم/ پاش ونبوونی خەزێ ( بە هۆکارێک کەنامەوێ ئاشکرای بکەم لەبەر ئەوانەی ڕۆمانەکە دەخوێننەوە)، خەسووی خەزێ ( هەوری ) ئاستی قسەکانی وەک بڵێی هی بیرمەندێکە نەک بێوەژنێکی قوڕبەسەری بێبەختی چارەڕەش، بەشێوەیەک قسان دەکات ئەڵێی خوێنەرێکی بەزموونە، بە واتایەکی تر: ئاستی قسەکردنی لەپێی پلەکۆمەڵایەتییەکەی نییە، ئەمەیش لە دوو شوێندا، لە پەڕەی حەفتاو سێ و نەودو یەك. لە کاتێکدا کارۆ لە پاژەکانی سەرەتادا لێهاتووانە کەسایەت هەوری و قسەکانی لەپێی یەکتر بەرجەستەکردووە.
پێنجەم/ کۆتایی ڕۆمانەکە بەلای منەوە بەهێزترین جوانترین بەشی ڕۆمانەکەیە و توانایی نووسەری دەرخستووە. چونکە نووسەر ئیشی بنیاتنانەوەی حەقیقەت نییە لەسەر پەڕواو، وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو درووستکردنی گۆشەنیگای جودایە بۆ خوێنەر، گۆڕینی حەقیقەتە لەسەر پەڕاو.
گۆڕستان لە کوردستاندا لە حەقیقەتدا سومبولی بێدەنگی و تازێباری و دوور لە زیندووێتییە، بەڵام کارۆ کارامەیانە و لێهاتوانە گۆڕستانی کردووە بە دیووە جوانەکەی ژیان کە کۆتر و گوڵ و پەپولە و بەسەرکردنەوە و گفتووگۆی مردووان و ئەویندار و بۆنی خۆش…
هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم کارۆ گیان، بەم پێییەبێ، گەشبینم بە کاری داهاتووت.