لەبارەی ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەکان
گۆڕستانی سەگەکان
یەکەم ڕۆمانی ڕۆماننوسی لاو `کارۆ حسێن`ە لە سەدوو دوو لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن دەزگای نووسیارەوە لەساڵی ٢٠٢٣ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گێڕانەوە و خوێندنەوەیەکی نوێی واقیعی ئاینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیییە. لێرەوە بە باشی دەزانم چەند سەرنجێک دەبارەی ئەم ڕۆمانە بخەمە دیدی خوێنەران.
١
بەبۆچوونی من خاڵی سەرنجڕاکێش لەم ڕۆمانەدا بەپلەی یەکەم بەرزی ئاستی مەعریفی ژنە، کاراکتەری ڕۆمانەکە ژنێکی هۆشیارە کە ڕوو دەکاتە ئاسمان و پرسیارو گومان دەکات. لێرەوە ئەوەی یاخی دەبێت و پرسیار دژی کولتوری ئایینمان دەکات پیاو نییە؛ بەڵکو ژنـە… ئەمەش خاڵی بەهێزی ڕۆمانەکەیە. ئیدی ئەو زەمەنە بەسەرچوو تەنها پیاوان گومان لە خوا و یاساو پیاوەکانی بکەن و ژنانیش وەک بەندەیەکی زەلیل و نەخوێندەوارێکی گوێڕایەڵ بەرگری لە ئاسمان بکەن. ئەو قۆناغە تێپەڕی پیاوان نوێنەری خواستەکانی ژنان و بڕیاردەری چارەنووسیان بن. لەم ڕۆمانەدا بێباکانە ژنێک دەبینین جیاواز لە ژنانی سەدەکانیتر، جگە لە ئیرادەی خۆی مل بۆ هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک کەچ ناکات.
٢
ئەگەر بە وردی تەماشای ڕۆمانەکە بکەین دەبینین گێڕانەوەی جیاوازی دوو زەمەنی ئایینی- کۆمەڵایەتییە؛ ئایینی ئیسلام لە چەند سەدەو ساڵی ڕابوردوودا کاریگەرییەکی هێجگار زۆری هەبووە بەسەر چۆنێتی ژیان و بیرکردنەوەمان. باوانی ئێمە زیاتر بە ئایین کاریگەرتربوون و هەمیشە لە ئاستیدا ملکەچ و بێ دەسەڵات بوون، بەڵام بە پێچەوانەوە نەوەی ئێستە بەتایبەت [ژنان] نەک هەر پرسیار و گومان دەکەن بەڵکو دژی خوا و ئاینین، چونکە ئاین لەدواجاردا گوتارێکی نێرگەرایە . لێرەوە دەنگی ژن لەم چیرۆکەدا بڵندە و ئێمە ڕووبەڕووی ژنێکی نوێ و بیرکەرەوە دەبینەوە کە نایەوێت بەراورد بە ژنانی دوێنێ تەسلیمی ئایین ببێت”من ڕقم لە ئایین و لە ئەوانەشە کە بڵاوی دەکەنەوە، چونکە خودا کە ئایینەکانی داهێنا، مردنیشی داهێنا تا باوەڕی پێبکەین….”
خەزێ کارەکتەری ڕۆمانەکە بەو شێوەیە وەڵامی مەلای گەڕەکەکەیان دەداتەوە کاتێک مەلا داوای لێدەکات مێردەکەی بنێژن[ل 65].
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە گوزارشتە واقعییەکانی ئەم ڕۆمانە توندڕەوی موسوڵمانانە، کە لەم چەند ساڵەی دوایدا بەهۆی بەهێزی هەژموونی سەلەفییەکانەوە زیاتربووە، کە دەست بۆ هەموو سووچێکی ژیانمان دەبەن و بەمردوویش وازمان لێناهێنن. ئەگەرچی کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕابردوودا دینداربوون و ئەرکە دینییەکانیشیان جێبەجێ کردووە، بەڵام هەرگیز توندڕەوی بەم ڕێژەیەو بە ئاشکرا نەهاتۆتە ناو ماڵەکانمانەوە، و بەم شێوەیە گەشەی نەکردووە. کێشەی ئیسلامیستەکان لەم چیرۆکەدا ئەوەیە تەنها ئایینی ئیسلام و کولتورەکەی بەهەق دەزانن و پێیانوایە هەموو بۆچوون و ڕێگەکانیتر جگە لەوەی هەڵە و گومڕاکەرن، بێگومان مەترسیشن بۆ سەر ئایینەکەشیان. ئەمە ئەوپەڕی چەقبەستوویی بیرکردنەوەی ئاینییە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی توندڕەوی ئایینی و کوشتن و کپکردنی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
بە تێگەشتنی من ئەم ڕۆمانە ئیش لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوەی ستوونی ئێمە دەکات بۆئاین، کە هاوکات لە ناوبردنی توندڕەوی ئایینیشە و دەپرسێت؛ بۆچی دەبێت بەو شێوەیە بژیم و بمرم کە ئایین لێم دەخوازێت؟ بۆچی یەک جۆر ڕفتارو بیرکردنەوەمان هەبێت؟ بۆ ناکرێت بەڕێگەیترو بەشێوازیتر بژین و بمرین؟ ئەوەی لەم چیرۆکەدا دەبێتە ڕێبەر و ئەم قەفەسە ئاسنینە کۆنە دەشکێنێت ژنە؛ژنی نوێ نەک پیاو.
لەڕاستیدا جوانی هەر چیرۆکێک وەک کایەیەکی ئەدەبی بریتییە لە دروستکردنی پرسیار و شڵەژاندنی بیرکردنەوەمان، بە بۆچوونی من هەر ئەم هۆکارەشە لە بەرامبەر زانستەکانی تردا ڕۆمانی بە زیندویتی هێشتۆتەوە وەک ژانرێکی ئەدەبی مۆدێرن.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەوەی بۆ من لەم ڕۆمانەدا گرنگ و هەنووکەییە نیشاندانی خێزانی نوێیە وەک شکستی مۆدێرنە. ئەگەرچی لە ڕابوردوودا خێزانەکان یەکگرتوو بوون و وەک ئەندامەکانی جەستە پێکەوە و پتەوبوون، بەڵام بەهۆی سیستەمی سەرمایەداری و خۆپەرستی `ئیگۆسێنتریک`ی زیاتری مرۆڤەکانەوە، وا خەریکە لە ژیانی واقیعی کۆمەڵایەتیماندا خێزانەکان لەیەک دادەبڕێن و هیچ هەستێکی وەک خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و بەرپرسیارێتی نامانبەستێت بەیەکەوە. بۆ نیشاندانی ئەم دۆخە ڕۆماننووس وێنەیەکما دەداتێ و دەڵێت؛
“ کاتێک کەنی دەستی خۆی دەبڕێت، باوکی بێباکانە دەڵێت”نا هیچی وا نییە، تەنیا کەمێک خوێنی لێ ڕۆشتووە”هەمیشە”بیانوویەک دەبینیتەوە بۆ ئەوەی کارەکانت نەکەیت”[ل 40].
بەبڕوای من ئەم دابڕان و پەرتەوازەبوونی خێزانە هێشتا لەسەرەتادایەو بەو قووڵییە ڕۆنەچووەتە ناو خێزانەکانمانەوە.
٣
کۆتا خاڵی ئەم ڕۆمانە کە بە بڕوای من دەکرێت ئایدیا و پشتە وێنەی، کۆی گرێچینی ڕۆمانەکە، لەخۆبگرێت هاواری خۆشەویستی و پێکەوە ژیانە؛ خۆشەویستی نێو خێزانەکان، یان ئەو کچەی لە دڵماندایە، یان ئەویتری دیندار و بێ دین، کە بیرکردنەوەیان لەگەڵ ئێمەدا جیاوازە. ئەمە شەڕی پێشگرتنە بە توندوتیژی و پاراستنی جیاوازییەکانە وەک `پێشمەرجی بوون`.
دواجار بە بڕوای من خۆشەویستی لە نێوان دوو کەسدا بە دوو ڕێگە دەگاتە ترۆپک و بەردەوام دەبێت، یان لەڕێگەی سێکسەوە، یان ئەوەی لەم ڕۆمانەدا پێی دەگەین ئەویش مەرگی ئاشقانەیە. لەم چیرۆکەدا مەرگی کەسی ئاشق لەداخ و مەراقی یاردا نییە بەڵکو لە خۆشەویستن و ڕێزگرتنی ئەو جیاوازیانەیە کە مەئشوق باوەڕی پێیەتی، و ئیدی ڕۆمانەکە دەچێتە نێو کایەی ئەشقێکی پلاتۆنییەوە.