پێکەوەژیانی ئایینەکان
کارۆ حسێن
ناوەرۆک لە پاڵ تەکنیک و هەر بنەمایەکی تری ڕۆماننووسیندا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ناوەرۆکە نیشانی دەدات ڕۆمان کۆکەرەوەی هەموو زانست و هونەرەکانە لە خۆیدا. کە گوترا ڕۆمان واتە تۆ لەبەردەم هونەرێکدایت کە بە توندی باوەشی بە فەلسەفە، کۆمەڵناسی و دەرونشیکاری و دەروونناسی و… تد، دا کردووە، لەبەردەم هونەرێکدایت بیری ڕەخنەیی و ڕەتکردنەوەی نەریتی باو و تێکشکاندنی ئایدۆلۆژیای بە ئەرکی خۆی زانیوە!
ئەمەی خوارەوە، پاژێکە لە (گۆڕستانی سەگەکان) و لەو بەشەدایە کە (پەنا) گێڕەرەوەیە. هەر کات باسی پێکەوەژیانی ئایینەکان بکرێت، جا لە ڕابوردوودا بێت یان ئێستا، بەتایبەت لەم بەشەی باشوور، منیش هاوڕام و هەمان چیرۆک دەگێڕمەوە!
سوپاس بۆ برادەرانی نووسیار و هاوکارانم، کاتێک گوتم؛ با ئەو پاژە بخرێتە سەر بەرگی دواوەی کتێبەکە، زوو لێم تێگەیشتن.
……
ئەی بیرتە ڕۆژێک، هێواشهێواش بەناو گەڕەکێکی کۆنی تا ڕادەیەک چۆڵبوودا دەڕۆیشتین؟ دەستمان بە دیوارەکاندا دەخشاند و پەنجەکانمان بەر ئایینە جیاوازەکان دەکەوتن. لە تاقە داری ناو هەر حەوشەیەکەوە گوێمان لە دارستانێک پاڕانەوە دەبوو ”ئێمەش لە ئێوەین، ونمان مەکەن.“ ون کران و بۆ هەمیشە هەندێک لە دەرگاکان نیوەکراوە چاوەڕێی گەڕانەوەیانن.