زمان زیندووترین ڕەگەزی ناو شیعرەکانی کێڵگەی بەتاڵ
ئارام حاجی
کاک سروشت سڵاو.
من و تۆ نە یەکدەناسین نە یەکمان دیوە، پێدەچێ تەنیا لێرە و لەوێ تەنێ ناوی یەکمان بیستبێ یان دەقی یەکترمان دیبێت، تەنانەت هاوڕێیش نین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
دوێنێ شەو دەستم بەخوێندنەوەی کتێبەکەتکرد و ئەمڕۆ تەواوبووم. لەمیانی خوێندنەوەی کتێبە شیعرییەکەتدا، گوتم: پاش تەواوبوونی ڕەگەزێک هەڵدەبژێرم و بەکورتی لەسەری دەئاخفم، بۆیە زمانم هەڵبژارد.
زمان زیندووترین ڕەگەزی ناو شیعرەکانتە. لەم کتێبەدا زمانێکی سرک و هاوکات چڕت بەکاربردووە، بەڕادەیەک زمانت چڕکردووە خوێنەر دەبێ بۆساتێکیش ئاگایی لە دێرەکان نەخافڵێ، ئەگینا ڕیسەکەی لێدەبێتەوە بەخووری. خوێنەر بەر زمانێکی نامۆ دەکەوێ، هەرگیز ناتوانی پێشبینی مەدلول بکەی کە دال دەخوێنیتەوە، پێشبینییەکانی خوێنەر وەڕاست ناگەڕێ لەبەر نامۆیی دێڕەکان. ئەوەی ئاماژەی پێدەدەم زمانێکە هێشتان گشتی و باو نەبووەتەوە لای سرووشت. پێشبینیکردن، وەک پەرچەکردار لای خوێنەری وشیار هەمیشە ئامادەیی هەیە، بەڵام لەم کتێبەدا خوێنەر ئەو هەلەیشی لێسەندراوەتەوە. هاوکات ئەوەیش کارەکەی لا سەخترکردووین ئەمە یەکەم بەرهەمی شاعیرە وەگەرنا دەمانتوانی سەرەداوێک لە تکنیک و فۆڕمی سروشت لە بەرهەمی پێشوتری( گەر هەیبوایە) وەدەستبخەین. بۆیە ئەمە سەرەتای زمانێکی نوێیەو دەبێ لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبەکەدا زانیاری کۆبکەیتەوە لەسەر زمانی سروشت، بۆ ئەوەی لە مەبەستی نووسەر لانەدەی.
(کتێبە باشەکان موڵکی خوێنەرن، کتێبە خراپەکانیش نووسەر خۆی بەرگریی لێدەکات)