وتاری خاتوو شاعیر و نووسەر نەزەند بەگیخانی
وتاری خاتوو شاعیر و نووسەر نەزەند بەگیخانی لە میانی دابەشکردنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٢
نەزەند بەگیخانی
دوێنێ وەک یەک لە دادوەرانی خەڵاتی ئەمساڵی نووسیار بۆ شیعر بەشداریم لە مەراسیمی پێدانی خەڵاتەکە کرد و ئەم کورتە گوتارەم پێشکەش کرد. خەڵاتەکە بە شاعیری لاو سۆران محەمەدەسوورە بەخشرا بۆ یەکەمین کۆمەڵەشیعری بەناوی ‘قوژبن’.
سەرەتا با بەوە دەست پێ بکەم بۆچی رازی بووم ببم بە ‘دادوەر’ی خەڵاتی شیعریی نووسیار؟ کاتێ لە بەهاری ئەمساڵ کاک ئالان پەری لە دەزگای نووسیارەوە پەیوەندی پێوە کردم و داوای کرد ببم بە دادوەر، دوو دڵ بووم، چونکە لە کاتی ساڵی ئەکادیمی و سەرقاڵیم بوو بە کۆرسەکانم لە ز انکۆ، جگە لە کار و چالاکییەکانی دیکەم. بەڵام دواجار رازی بووم، لەبەر دوو هۆکار: یەک بۆ هاوکاریکردنی دەزگای نووسیار کە گرنگی بە شیعر و شاعیرە گەنجەکان دەدات و یەکەمین دیوانیشیان بۆ چاپ دەکات. دوو: لەم سەردەمە تاکخوازییەدا، ویستم بە شاعیرە لاوەکان بڵێم ئێمە ئێوە دەبینین، دەتانخوێنینیەوە و دەقەکانتان هەڵدەسەنگێنین. نووسینی ئێوە بەلای ئێمەوە گرنگە.
من لەگەڵ ئەدۆرنۆ نیم کە دەڵێ کولتور لەبەرامبەر کارەساتی ئۆشڤیتز (قەتلوعامی جولەکەکان) شکستی هێنا. ئەوە فەرامۆشکردنی کولتور و بێبەهاکردنییەتی کە وا دەکات جیهانمان داڕمێ و مرۆڤایەتی بەرەو نغرۆبوون بچێت. بۆیە دەبێ بەردوام بین لە داهێنانی کولتوری و هونەری ، بەردوام بین لە نووسینی شیعر.
ریلکە لە نامەکانی بۆ شاعیرێکی لاو دەڵێ مەرجی سەرەکیی داهێنان تەنهاییە. لەوەشەوە لێژ دەبێتەوە ناو تێڕامانەکانی کافکا کە دەڵی ئارامگیریی کلیلی دۆخی داهێنانە، بەڵام نکوڵی لەوە ناکەن کە ئەم پرۆسەیە بەئازار و درێژخایەنە. درەخت لە سات و رۆژێکدا نەبووە بەو شتە جوانەی کە هەموومان سەرسام و شاگەشکە دەکات و بەرگەی وەرزە گەرم و ساردەکان دەگرێت. شاعیربوونیش وەک درەختە و لە نەمامەوە دەست پێدەکات، بە پراکتیزەکردنی رۆژانەی کردەی نووسین ، بە گوزەرکردن بەناو تەنهایی و لێژبوونەوە بۆ ناو خود و ئەزموونکردنی ئازادی و ژیان تا ترۆپکی چێژ و شۆڕبوونەوەی ناو ئازارەکانی ‘بوون’ دێتە دی.
ئەمڕۆ ئەمە بۆ ژینگەی قەرەباڵغ و جەنجاڵی ئێمە زۆر پێویستە، بەتایبەتی لەم سەردەمەی سۆشیەل میدیادا. ئەو تەنهاییە واتای سەپاندنی گۆشەگیری و دابڕان لە جیهانی دەرەوە نییە، بەڵکو بژاردەیە کە دەبێتە مایەی ئاشتیی ئاوەز و ئاسوودەیی ناوەکی؛ کردەی نووسین و داهێنانیش لەوێدا دەبێتە مایەی فراژووبوونی رۆح.
کاتێ ئێمە دەگەڕێینەوە لای خۆمان و لە ژینگەی قەڵەباڵغ و جەنجاڵی دەرەوە، لە سۆشیەل میدیا و لە چاوەڕوانییەکانی گروپ/کۆمەڵگە خۆمان رزگار دەکەین، ئەوە چیتر بۆ زەوقی ئەوانیتر نانووسین، وتە و شتە باوەکان دووپات ناکەینەوە و بە ئاوازی کۆمەڵ و گروپ ناکەوینە جووڵە و سەما. بەڵکو تەنها و ئازاد لێژ دەبینەوە ناو خود و فەزای ناوەوە تەی دەکەین؛ پێویستیی نووسین وەک تەزوویەکی ناوەکییە، بە وتەی ڤیرجینیا وولف، بە قووڵاییەکانماندا گوزەر دەکات و رامان دەچڵەکێنێ. ڤیرجینیا وولف دەڵێ ئەمە لە دۆخێکدا روودەدات کە لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستیمان بە جیهانی دەرەوە هەیە، هۆشیارین بەرامبەری و لێی دانەبڕاوین، بەڵکو درک بە نهێنیی و نادیار و نائاسییەکان دەکەین.
بۆ گەیشتن بەم دۆخە، دەبێ نەترسین، نەترسین لە لە گوزارشکردن لە خۆمان، لە دەربڕینی گومان و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانمان، بە متمانەیەکی رەهاوە نەچینە ناو قالبی نووسین، هەمیشە جێگایەک جێ بهێڵین بۆ گومان و وەک خودێکی ئازاد و کامڵ سەما لەگەڵ هەموو ئەمانە بکەن، سەما لەگەڵ نیگەرانییەکانمان، لەگەڵ ناسکی و شکان و کەوتن و گریان و ئازارەکانمان بکەن. ئێمە نانووسین بۆ نمایشکردنی خود، بەڵکو خودی پارچە پارچەبوومان کۆ دەکەینەوە. لەم پرۆسەیەشدا بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ و بە هێمنی، نەک بە دروشم و هات و هاوار، جیهانی تێکشکاو بنیات دەنێتەوە.
کۆمەڵە شیعری ‘قوژبن ‘ ی سۆران محەمەدەسوورە کە وەک کۆدی ژمارەی 037 بۆ من نێردرابوو، بە بەراورد لەگەڵ شەش کۆمەڵە شیعرەکەی دیکە، جوان و پوخت نووسراوە. وێنەی شیعریی تازە و نایابی تێدایە و لە پشت وێنەکانیش قووڵی و جۆرێک لە غموز هەیە کە روویەکی دیکەی بوون و واقیعی مەلموس پێشنیار دەکات.
بەکارهێنانی توخمی ئەفسانە و تێکەڵکردنی بە جیهانی شیعری خاسییەتێکی دیکە و گرنگی ئەو کۆمەڵە شیعرەیە، چونکە واتای بوونی خەیاڵێکی ئێستێکی و پاشخانێکی فەرهەنگی و میتۆلۆژی دەگەیەنێ. خەیاڵی شیعری لێرەدا وەک سیمبۆل گوزارش لە نادیارەکان، لەودیوی رووکەش و نهێنییەکان دەکات کە خەیاڵی ئاسایی درکی پێنابات. هەر ئەمەشە زمان فراژوو دەکات، تێکەڵ بە خەیاڵی خوێنەر دەبێت بە جۆرێک کە روئیای فراوان دەکات و دەیگوازێتەوە و دەیبات بۆ دەرەوەی ‘دیار’ و ئاساییەکان.
لە چاو کۆمەڵە شیعرەکانی دیکە کە شەقڵی باو و زمانێکی سواو و وێنەی شیعری کاڵ و کرچ زاڵە تێیاندا، ئەم کۆمەڵە شیعرە تازەتر و نوێترە. بۆیە من پێشنیارم کرد خەڵاتی ئەمساڵی نووسیاری پێبەخشرێت.
پیرۆزبایی لە کاک سۆران دەکەم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم.