453639269_1141307143633680_7407732433870975177_n

2022/09/02

سەبارەت بە سیانەی تارماییەکانی بیابان: شەوانی فرانکشتاین

 بەختیار حەمەسوور

بە گشتی هێڵێک لە کارەکانی عومەر سەیددا درێژبوونەوەی هەیە و ڕەنگە بۆ داهاتووش هەر بیبێت، ئەویش ئەنفال و بیابانە. لەم کارە نوێیەشدا “شەوانی فرانکشتاین” هەمان تێما خۆی دووبارە دەکاتەوە، هەرچەن من لەسەر کارەکانی پێشوو تێبینی و سەرنجم هەبووە و بۆ ئەم کارەش هەروا، بەڵام دەتوانم بڵێم لەم سێیەنەیەدا سەید هەم لە باری گێڕانەوە و هەم شێوازیشەوە، بەراورد بە ئەزموونەکانی پێشووی، جیاوازتر و سەرکەوتووترە.
گرفتێک کە زۆر جار لەم کارانەدا دەبێتە پاژنەی ئاخێلی دەق و ڕەخنەلێگرتنی، مەبەستم لەو دەقانەیە کە لەناو جەرگەی کارەساتدا هەڵدەسووڕێن، بە تایبەت ئەنفال، دەرخستن و سەرخستنی کەسێتیی کورد و کێشەکەیەتی وەک قوربانییەک، وەک ژێرچەپۆکە و چەوساوەیەک، کە ئەمەش وێڕای هەناسەلێبڕینی تاکێتییەکەی، چەن گرفتی تریش بە شوێن خۆیدا دەهێنێت، لەوانە؛ یەک: توخکردنەوەی هەمان گوتاری قوربانیکراو، دوو: لێکەوتەی ئەدەبێکی ئایدۆلۆژیک، سێ: دابەشکارییەک بە ناوی جەللاد و قوربانی، یاخود ڕەش و سپی و… ئەمەش یانی کوشتنی دیموکراسی کە یەک لە خەسڵەتە بنچینەییەکانی ئەدەبی گێڕانەوە و ڕۆمانە. لەم سێینەیەدا هەوڵدراوە ئەم قەیران و بەقوربانیکردنە کاڵتر دەربکەون بەراورد بە کارەکانی دیکەی نووسەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەیە و ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەزموونی تیاژیاوی خێزان و خودی نووسەرەکەی بگەڕێتەوە کە نەتوانە لەوەی بێلایەن بێت.
ئەگەر بە دیدێکی فراوان بڕوانین، دەتوانین بڵێین ئەم سێینەیە سێینەی بانگهێشتکردنەوەی مردووەکانە بۆ سەر تەختەی ژیان، مردووەکان لە هەموو کونوقوژبن و جێیەکەوە، لە بیابانەوە بۆ بنی دەریا و شار و گوند و سەرجەم چوار پارچەی کوردستان، دێنەوە تا ببینین کە بە مردنیان چیی لە ڕەوتی ژیان و شێوازی پێکەوەیی هاوڕەگەز و هاونیشتمانییەکان گۆڕاوە، لێرەشدا هێندە ئاخ و ئەسەفێک و ڕەنجێکی بەباچوو دەبینن، هێندە ئەو سەوزایی و گەشانەوە نابینن کە بڕیار بوو بە خوێنی ڕژاوی ئەمان بێتە بەرهەم.
لای من، هەم لە ڕووی ستراکتۆر، هەم لە ڕووی زمان و گێڕانەوەوە، بەشی دووەمی ئەو سێینەیە، واتە “هەڵوەدای تراویلکە”، باشترینە، دووەکەی تر، هێندەی دەیەوێ لە خزمەتی گەیاندنی گوتارەکەیدا بێت، هێندە بەتەنگ چیرۆک و زمان و گێڕانەوەوە نییە، هەرچی دووەمە لە ڕێی دروستکردنی چیرۆکێکی پەراوێزییەوە، تێکەڵ بە پانتاییەکی بەرینمان دەکاتەوە کە هەمان بیابان و هەمان ئەنفال و شوناسی قەیراناوییە. کارکردن لەناو تراژیدیا و کارەساتە گەورەکاندا بە قەدبڕکردن و درزخستنە ناو کەلێن و پەراوێزەکانەوە باشتر دەتوانێت چییەتیی گێڕانەوەی خۆیا بکات و هاوکاتیش کەش و فەزای تایبەت بەو دۆزە بڕەخسێتنێت، دروست ئەمەش کارێکە کە لە بەشی “هەڵوەدای تراویلکە”دا کراوە، هەرچەن لە کوتایی هەمان بەشدا، لە تۆنگۆڕینێکدا، کە بە زیانی چیرۆکەکە کەوتووەتەوە، کەمێک لەو لایەنە هونەرییە دادەشکێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ وەک دەقێکی سەربەخۆ و هاوکات جیاواز بخوێنرێتەوە.