سەرەتایەکی باش بۆ ناسینی کیەکەگۆرد
ڕەوا زەیدان
سەردەمانێک شوانکارەیەکی هەژار دەبێت و لە لەوەرگاکانی شوانی دەکات. دوای ماندووبوون و سەرما و بێزارییەکی زۆر روودەکاتە خودا و نەفرەتی لێدەکات کە منداڵێکی هەژاری وەک ئەو ئاوا ئازار دەدات و ناچێت بە دەنگییەوە. دوای ئەو تورەبوونە خودا هێدی هێدی دەرگاکان بەرووی ئەم شوانەدا دەکاتەوە و دەبێتە پیاوێکی پارەدار و دەوڵەمەند، بەڵام ئەم رەحمەتە ئەوە ناسرێتەوە کە خودا لە بەرامبەر سامان و پوڵی زۆر باری غەم و میحنەتێکی قورس دەدات بەسەر شانی خێزانەکەدا. ئەم خێزانە هەرکاتێک منداڵیان دەبێت، یەک بە دوای یەک دەمرن، شوانەکەش مردنی منداڵەکانی دەگەرێنێتەوە بۆ ئەو گوناهە دێرینەی خۆی کە بەگەنجی ناشکور بووە و نەفرەتی لە خودا کردووە. دوای مردنی شەش منداڵ، لەسەری حەوتەمدا، سۆرن کیەکەگۆرد لەدایک دەبێت. کیەکەگۆرد، یەکێکە لە کارەکتەرە ئاڵۆز و تەماوییەکانی مێژووی فەلسەفە. کارل لوێڤز لەبارەی کیەکەگۆردەوە دەڵێت: ( کارەکانی کیەکەگۆرد لە چاپە دانیمارکییەکەیدا سەرو ٣٠ بەرگن. لەماوەی کەمتر لە پانزە ساڵدا لەلایەن یەک کەسەوە نوسراون، مرۆڤێک بەهرە نائاسیی و جۆشە رۆحییەکەی شتێکی ترسناکی لەخۆ گرتووە. کیەکەگۆرد لەو رۆحە دەگمەنانەیە لە یەککاتدا هەم راتدەکێشێت و دەتبەستێتەوە، هەم راتدەتەکێنێت و وادەکات لە خۆتی دووربخەیتەوە. ) کیەکەگۆرد، چیرۆکی گوناهەکەی باوکی زۆر بە راست و پاساو وەردەگرێت، پێی وایە باوکی خۆی کردۆتە قوربانی تا ئەو بژی، ئەویش دەبێتە عەشقە گەورەکەی خۆی بکاتە قوربانی تا گوناهەکانی ئەستۆی سوکتربن و کەمێک پاک ببنەوە. کیەکەگۆرد هەمیشە هەوڵدەدات ژیان لە کەنارەوە ببینێت، ئەو رەوتە سادە و ئاساییەی مرۆڤەکان پێیدا دەڕۆن بۆ ئەو کەمێک ئەستەمە. کیەکەگۆرد هەمیشە یەک پرسیاری سەنتراڵی بووە و ئەوی دووبارە کردۆتەوە، پرسیارەکەش ئەوەیە: ( مرۆڤ بوون، چ مانەیەکی هەیە؟ ) ئەو لەهەموو کار و ڕۆمانە فەلسەفییەکاندا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەیە، تێگەیشتن لەمە رەنگە کەمێک کاری تێگەیشتنمان لە خودی کیەکەگۆرد بۆ ئاسان بکات. بەڵام سەختییەکە لەوەدایە، کیەکەگۆرد بەردەوام دەیەوێت شتێک بڵێت کە ناوترێت. کیەکەگۆرد خەمۆکی هەموو دونیای پێ تەنی بوو، زۆربەی جار لە شەقامەکانی کۆپنهاگندا دەسورایەوە، بارانیش بە لێزمە دەباری، ڕەشەبا چەترەکەی لە سۆرن سەندەوە، سۆرن وا هەستی دەکرد، کە خۆشەویستیەکەی ئەو چەترەیە، کە لە ترس و دڵەراوکێکانی دەیپارێزێت. کاتێک چەترەکەی بە ئاسماندا فری، پێی گوت: ( تەنانەت تۆش؟ ) ئەو بەسەرهاتە بەدرێژایی ژیانیدا، ئەو کەشە ڕەشبینییە پڕ ئازارەی کیەکەگۆرد بۆ دەردەخات. کیەکەگۆرد بەرهەڵستی رۆژنامەکانی دەکرد، چونکە بابەتیان بۆ خەڵک هەڵدەبژارد، بەرهەڵستی کڵێساکانی دەکرد، چونکە پێی وابوو باوەر بۆ خەڵک دەهێنن، دژی هزری هیگڵیش بوو چونکە لەجیاتی خەڵک بیری دەکردەوە. سۆرن کیەکەگۆرد دەیگوت: ( مادام من بیردەکەمەوە، کەواتە بوونم نییە. ) ئەمەش تەواو پێچەوانەی فکری دیکارت بوو. کیەکەگۆرد پێی وابوو، بیرکردنەوە ژیان وەلا دەنێت، ئەم هزرەش بە مۆرکی فەلسەفەی بوونگەراییەوە بەندە، کە لەسەر بنەمای کردار و کار دامەزراوە، نەک بیرکردنەوە لابەکان.
ئەم کتێبەی ئالان پەری، سەرەتایەکی باشە بۆ ناسینی کیەکەگۆرد، هەوڵیداوە زۆر بەوردی کاری لەسەربکات، هەوڵێکی باشیشی بۆ تێگەیشتنی هزری ئەو فەیلەسوفە و گواستنەوەی زمانی ئەو فەیلەسوفە بۆ زمانی کوردی، داوە. هەوڵی داوە بەچەند بەشێک باسی ژیان و هزری کیەکەگۆرد بەوردی بکات. بەهۆی شارەزایی لە زمانی دانیمارکی دەتوانم بڵێم کتێبێکی باش و گرنگی پێکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. من کیەکەگۆردم لە تێکستە ئینگلیزییەکانەوە ناسی، بەڵام ئەمرۆ ئەم کتێبە بەزمانی شیرینی کوردی دووبارە کیەکەگۆردی پێ ناساندمەوە.