298625103_5086178114825362_5844566244393118626_n

2022/08/09

نامەیەکی دیلان قادری شاعیر

دیلان قادر
سڵاو کاک سروشت،
هەفتەی ڕابوردوو چەند جارێک شیعری ”دیوارەکانی شەو”م خوێندەوە و هەموو جارێک کاریلێکردم. سەرسامبووم بەوەی چۆن لە یەک لاپەڕەدا شیعرەکە سەرکەوتووە لەوەی لە خودەوە دەست پێبکات، بگوازێتەوە بۆ یادەوەری و نیگایەکی دی بهێنێتە ناو شیعرەکەوە، پاشانیش بچێتە نێو خەیاڵ و کەسێکی سێهەم بهێنێتە ناو شیعرەکەوە. گەر بکرێت شیعرەکە دابەش بکەم، دەڵێم لای من شیعرەکە لەم سێ توخمە پێکهاتووە: خود، یادەوەری، خەیاڵ.
هەموو ئەوانەش لە هەمان ژینگەی شیعریدا پێکەوەن، لە شیعرێکدا کە تەمی غەم و پەژارە باڵی بەسەردا کێشاوە، کەچی تاقە دێڕێک لە ناوەڕاستیدایە کە گورزێک ڕووناکی پێدەبەخشێت، ئەو دێڕەی کە دەڵێت: ”ژیان کورت و برینە، بەڵام ژیانی کورت و بریندار ژیان نییە.” لای من ئەو دێڕە هیوای نەپسکاوی مرۆڤ بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی شایستە لە خۆیدا هەڵدەگرێت.
ئومێدەوارم باش بیت،
دیلان
بیرمچوو ئەوە بڵێم، یەکەمجار ئەو شیعرەم خوێندەوە، گوێم لە سەرەتای مۆسیقایەک دەگرت کە بەستەرەکەیت بۆ دەنێرم. بەلامەوە هێجگار پێکەوە دەگونجان.