کێڵگەی بەتاڵ یان کێڵگە پڕ لە شیعری جوان؟
گەشبیر ئەحمەد
لەم کێڵگەیەدا دەیان شیعری هاوچەرخ هاتوونەتە ئەفراندن، کێڵگەیەکە لێوانلێوە لە شیعر و شیعرییەت. ئەم شیعرانە لەو جۆرە تێکستە سواو و دووبارانە نییە کە ڕۆژانە بەرچاومان دەکەون و بنووسەکەشی هەوادارێکی زۆری هەیە، بەڵکو زۆر تایبەتن و کەم کەس ئارەزووی خوێندنەوەیان دەکات. بەرکەوتنی من بۆ تێکستەکان بەرز و نزم بوون، هەندێ کات هەستم ئەکرد دەقێکی (فێرناندۆ پێسەوا) ئەخوێنمەوە کە (ئەدۆنیس) وەرگێڕانی بۆکردبێت! یان کتێبی (دەشتی سووتێنەر)ی (خوان ڕۆڵفۆ) دەخوێنمەوە کە (سوهرابی سپێهری) وەریگێڕا بێت! بەڵام ئەوەم زۆر بەلاوە جوان و سەنگین بوو کە گەنجێک ئەم ئەدەبیاتە باڵایەیی پێشکەش کردووە، پێشتر هەرگیز گوێم لە ناوی نەبووە، بەڵام بەم کێڵگە بەتاڵەی ماڵی ئەدەبی کوردی پڕ دەکاتەوە لە زەخیرەی شیعر و شعرییەت. تێکستەکانی ئەم کتێبە زۆر چێژبەخشن، لەو شیعرە وشک و تاقەتپڕوکێنانە نییە کە هەر لەسەرەتاوە حەوسەڵەی خوێندنەوەیت نامێنێت. هەندێک لە دەقەکان فۆڕمی پەخشانەشیعریان وەرگرتووە، هەندێکیشان کورتن و شێوەی پۆستەرە شیعرن، دوو سێ جار لەسەریەک ئەمخوێندنەوە، ئاخر لە نێویاندا بەر دەیان وێنەی خەیاڵی و ئیستاتیکی سەرشار لە واتاگەری دەکەوتم کە جیهانی خوێندنەوەمی ئەبوژاندەوە. جگە لەوانەش تەکنیک و فۆڕم و مۆسیقا بەتەواوی هاڕمۆنیای زمان بوون کە زیاتر پەیوەستی دەکردم بە جەوهەری شیعرەکان. هەڵبەت کاریگەری نووسەر و شاعیرانی دیکەی دیارە لە جەوهەری تێکستەکاندا، بەڵام ئەمە یەکەم کتێبی (سروشت نەوزاد)ە و پیرۆزبایی لێدەکەم، ئەشی لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر هزر و جێ پەنجەی خۆی دەرکەوێت.
سوپاسی نووسیار ئەکەم کە هەمیشە قەڵەمی نوێ و بیر و هزری نوێگەر و سەردەمیانەمان پێدەناسێنێت. بەهیوام ئەم پڕۆژەیە بەردەوامبێت هەتا ئەو دەنگە نەبیستراوانە بناسێنرێن و ببینرێن.
ئەمە هەندێک لەو دەربڕینانەیە کە سەرنجی ڕاکێشام:
” بیریان لە دەریا نەکردەوە،
کەشتیوانەکان بەخەیاڵی خەواڵووەوە ڕۆشتن” ل٣٤
“ئاگر پرسیار بوو، چێژی لە سووتانی خۆی دەبینی” ل٣٩
“بەسەر زمان دەکرێتەوە، لەو شەقامە با دەگەڕێ، تۆ دەبینم،
زستان سەوڵی خۆی لێ دەدا و دەستەکانم کرێچیی نێو دەستتن.” ل٦٩
“لەو دوورگەیە بەفر کتێبی نەنووسراوە، زمانیش کراسی سپی ڕادەخا و ناوم لەسەر خاک دەچێنم” ل٧٢
وێنەکە: خۆم چرکاندوومە لە باکووری خۆرئاوای ئینگلتەرا