هەڵوەستەیەک لەسەر کتێبی زمانم دەکێشمەوە
ئیسماعیل سابیر
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا شیعرێکی درێژە. لە پنتی سەرەکیدا زمان وەک بازبازێنێکە؛ لەنێوان گوتن وەک دەبڕی ئازار و نەگوتندا وەک هەڵوێسێتێک دژی دەربڕین و بێهودەیی مانا کە بەردەوام دڕدۆنگانە لەو نێوانەدا دێت و دەچێت. بیرکردنەوە و چڕبوونەوەی مانا لە ناواخنی ئەم کتێبە شیعرییەدا جگە لە تێڕامان بۆ دروستکردنی وێنەی شیعریی، یارمەتیدەرە بۆ نیشاندانی هەندێک پارچە شووشەی شکاوی ئاوێنەیەکی گەورە کە لە ڕۆژگاری ئێستادا وەک پێکهاتەیەکی تێکچرژاو خۆی لەسەر دنیاکەمان دامەزراندووە. بۆیەش لە پشت بەشێک لە دێڕە شیعرییەکانی ئەم کتێبەوە چەندیش هەوڵ درابێت لە ڕێی میتافۆڕ و خوازەی زمانەوە هەندێک پرس و خەم بە گشتی بکرێت، بەڵام لە نیشاندانی دیمەنەکە بچووک بووەتەوە و تا دۆخی نەگەیشتنە ئەنجام، لەوێشەوە وەک خەمێکی زۆر کەسی خۆی جێگیر کردووە. ئەمەش وای کردووە جێناوی لکاوی (میم) وەڕسکارانە وەک لای زۆرێک لە شاعیرانی ئێمەدا هەیە و بەردەوام لە هەموو وێنەیەکدا پێوەی دەلکێنن یان خواستنی دێڕی هەندێک شاعیر و دانانەوەیان دابڕانێکی هاڕمۆنی لەنێو بەشەکاندا دروست بکات. درێژەدان بە دیمەنێک یان خواستنی پەڕەگراف و تێکهەڵکێشکردنی وەکوو سەرسامییەکی شاعیر بە شیعرەکە خۆی ناساندووە نەک جۆرێک بێت لە زەروری.
خاڵێکی تریش ئەوەی ئێمە بەشێوەی ڕاستەوخۆیی لە ئامادەییی ئەم شیعرەدا بەری دەکەوین لۆکەیشنە، وەک شەڕی بەردەوامیی (شاعیران) بۆ خۆبەدەستەوەنەدان و پەلەقاژەی دەرچوون لە واقیع، ئەویش بەڕێگای هێزی خەیاڵ و گوزارەی هونەری( ئێرە زۆر گەرمە/ تاقەتم فێنکی نابێتەوە/ لە ئێوارەیەکدا هۆشیاریم دەبێتە هەڵم.) وەک دەبینین شوێن بووە بە خاڵی جەوهەری کەوا لە پشت پێکەوە لکانی وێنە شیعرییەکانەوە خۆی ئامادە کردووە. ئەم لۆکەیشنە گەرم و تاقەتپڕووکێنە لێرە بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە بە ئاستەنگ لە بەرانبەر نیشاندانی وزە و توانا مرۆییەکان. ( من خەڵکی گەرمیانم/ گەرمیانیبوون واتا قوربانیی ناکۆتا) پێمان خۆش بێت یان نا بەڵام چ بە دیوە کۆمەڵایەتییەکەی، چ بە دیوە ئابوورییەکەی، چ بە دیوە هونەرییەکە، زۆرجار شوێن بڕیار لەسەر کوالێتی بەرهەمێک دەدات. واتا شوێن کاریگەری هەیە بۆ دەستنیشانکردنی شوناسی کارێکی هونەری یان ناهونەری. ئەم گوزارەیە لەڕێی میتۆدەکانی مرۆڤناسیی و کۆمەڵناسی پێویستی بە شرۆڤەی زیاترە، بەڵام بۆ ئەوەی باسەکە درێژ نەبێتەوە و لە خوێندنەوەی کارەکە دوورنەکەوینەوە، ناچارم لێرە هەر ئەوەندە بنووسم، ڕەنگە لە کاتی تر و بەشێوەی تر گەر دەرفەت هەبێت؛ دەمەوێت جارێکی تر لەسەر پرسی شوێن و کاریگەری لەسەر کار و پڕۆژەکان بوەستم.
لە خاڵێکی تریشدا ئەوەی ئێمە لەم کتێبە شیعرییەدا هەستی پێدەکەین، وێنەی ژیانی مۆدێرن و مرۆڤێکی ماندووی ناو ژیانە، کە بەردەوام لەدەست سەرمایە و سیستەم ڕادەکات. بەڵام ئەو نایەوێت مەشغەڵەتی کار، بیرکردنەوەی لێ بستێنێتەوە. ئەگەرچی لە کۆتاییشدا هیچ گەرەنتی و ئاسۆیەکی ڕوون بەدەست نەخات. (هەموومان بووینە چۆڵەوانی/ یادەوەریمان وشک بوویەوە/ ڕووخسارمان بووە وێنە/ چاوەکانمان ڕەنگیان بیرچووەوە.) ئەگەر بەرچاوڕوونییەکی پێویستیش هەبێت بۆ تێپەڕانی دۆخی چەقبەستوویی وەک لە کتێبەکەدا هاتووە: (وەختە ناوەوەم لە جیهان فراوانتر دەبێ) بەڵام سەرئەنجام لە کۆتاییدا هەوڵەکە هەر دەکەوێتەوە ژێر هەیمەنەی ئەم شەپۆڵە دڵڕەقەی ژیاندا، چونکە ئەم سیستەم و جۆری ژیانە؛ خۆشبەختی و ئاسوودەیی وەک سەرابێک خۆی بۆ پێشکەش دەکات. تێچووی بەردەوام و کاری زۆر، وەک دەزانن مرۆڤ لە ڕەسەنیەت دووردەخاتەوە و نامۆی دەکات بە تەمەنی خۆی و مامەڵەی لەگەڵ ئەوانی تردا. بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەمڕۆ ژیان ناهێڵێت مرۆڤ هیچ پشوویەک وەربگرێت تا بکەوێتە دۆخی تێڕامان لە بەرانبەر ئامادەییی ئەوی تردا، تا بیوەستێنێت و خاڵێکی دیالۆگئاسای لەگەڵ دابمەزرێنێت. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە وای کردووە مرۆڤەکان بەلای یەکتریدا تێ بپەڕن و یەکتر نەبینن، تا لەم دۆخە نائاگایییەدا خۆیان لەناو مامەڵەکانی ڕۆژدا ون دەکەن. لە کۆتاییدا خواستنی ئەم نموونەیەش دەرخەرێکە بۆ پاڵپشتی گوزارشتەکەمان (من بەردەوام لە درەنگکەوتن دەترسام/ بۆیە گشت ڕابردووم بە ڕاکردن بەسەربرد)٭
٭ پەڕەگرافی ناو کەوانەکانم لە کتێبە شیعرییەکە وەرگرتووە