ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین، له دیدارێكی تایبه‌تی كوردستانی نوێ‌دا
کتێبی قهوزهیهكی دیكه‌ی فاشیزم، پێمان ده‌ڵێت كێ كاڵفامهو بۆچی فاشیزم له ناخی هه‌مووان دایه
دیداری: مه‌ریوان مه‌سعود
له ساڵۆنی كوردستانی نوێ و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ سۆشیال میدیای كوردستانی نوێ، مه‌ریوان مه‌سعود-ی سكرتێری نووسین دیدارێكی راشكاوانه‌ی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و رووناكبیر و رۆماننووسی كورد ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین ساز كرد له‌باره‌ی دوا كتێیی به‌ناوی (قهوزهیهكی دیكه‌ی فاشیزم) و هه‌روه‌ها قسه‌كردن له‌سه‌ر پرۆژه‌ی گۆڤاری كلتورمهگهزین و زۆر بابه‌تی دیكه، وا لێره‌دا به‌شێوه‌ی چاپكراویش بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه.
مه‌ریوان مه‌سعود: ئه‌مڕۆ ئێمه له كوردستانی نوێ هه‌م به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌كه‌ناڵه‌كانی سۆشیال میدیای كوردستانی نوێ لهگهڵتاناین، ودواتر له‌رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ به‌شێوه‌یه‌كی چاپكراو بڵاوده‌كرێته‌وه، ئه‌ویش دیدارێكی راسته‌وخۆیه له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و رووناكبیر و رۆماننووسی كورد ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین كه ماوه‌یه‌كی زۆره له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی و ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه یان ده‌توانم بڵێم هاتووچۆ ده‌كات له‌نێوان كوردستان و ئه‌وروپادا، به‌تایبه‌ت له ئه‌ڵمانیا، له‌م رۆژانه‌دا نوێترین كتێبی خۆی بڵاوكرده‌وه له كوردستان به‌ناوی (قهوزهیهكی دیكه‌ی فاشیزم) كه تێزێكه یه‌كه‌مجاره به‌م شێوازه پوخت و جوانه كه ده‌توانم بڵێم پێچه‌وانه‌ی زمانی فه‌لسه‌فییه كه هه‌موو خوێنه‌رێك ده‌توانێت بیخوێنێته‌وه‌و له‌و تێز‌و له‌و بۆچوونه بگات كه كاك ئیسماعیل له‌م كتێبه‌دا ده‌یه‌وێت قسه‌كردنێك بێت له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی هانا ئاڕێنهوه ، ئه‌گه‌ر هانا ئاڕێن له‌لای هه‌مووشمان ناسراو نه‌بێت شتێكمان له‌سه‌ر بیستووه له‌كوردستاندا و له‌وانه‌یه زۆر تا كه‌م كه‌متر پێی ئاشنا بین به‌ڵام به‌م كتێبه ده‌توانن زۆر لایه‌نی شاره‌وایی یان بۆچوونی هانا ئاڕێن بخوێننه‌وه، كاك ئیسماعیل توانیویه‌تی شێوه داتاشینێك و شێوه گفتوگۆیه‌ك دروست بكات له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا كه شایه‌نی ئه‌وه‌یه بخوێندرێته‌وه.
كاك ئیسماعیل زۆر به‌خێربێیت بۆ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ …خۆشحاڵیین كه‌له‌گه‌ڵ به‌ڕێزت كۆده‌بینه‌وه، خۆشت ئاشنای به كوردستانی نوێ و یه‌كێك بوویت له‌و كادیرانه‌ی كه چه‌ندینجار بابه‌تت بۆ نووسیوه، ئایا بایه‌خی هانا ئاڕێن چییه كه‌وای له‌تۆ كرد ئه‌م كتێبه هه‌ڵبژێریت و بڵاوی بكه‌یته‌وه؟
-ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین: سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ ئێوه… باسی كوردستانی نوێت كرد هه‌ر لهپێشهكییهكهشدا باسم كردووه ئه‌م كتێبه زاده‌ی ئه‌و فشارهییه كه كوردستانی نوێ له‌سه‌ر منیدانا، به‌وه‌ی زۆر له هاوڕێیان پێیان وتم ئه‌مانه‌وێت تۆ هه‌فتانه وتارمان بۆ بنووسیت، من پێش ئه‌وه وتارم ده‌نووسی لێكۆڵینه‌وه‌م ده‌نووسی له كۆنسێپت و وه‌ختی خۆی لهرهههندو… نووسینه‌كانم زیاتر ئه‌بستراكت و تایبه‌ت بوون به چه‌مكه فه‌لسه‌فییه‌كانه‌وه، به‌ڵام كاك ستران عه‌بدوڵڵا وتی من ده‌مه‌وێت تۆ له‌مه‌ودوا خوێنه‌ری رۆژنامه بدوێنیت …ئه‌مه زۆر قورسه جۆرێكه له‌رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شتێكی نوێ‌دا كه‌من خوێنه‌رێكی فراوان بمخوێنێتهوهو ئه‌و خوێنهرهشی كه خۆی خوێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌و فیكره به‌هه‌مان شێوه له‌و نووسینه تێبگه‌ن و هه‌ردووكیشیان بزانن من له كوێوه قسه‌ده‌كه‌م، بۆیه من هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك بۆ كوردستانی نوێم ده‌نووسی له‌سه‌ر هانا ئاڕێن ، كه ئه‌مه ته‌واو بوو ماوه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر رۆشنگه‌ری و ماوه‌یه‌كی تر (هابرماس) و چه‌مكی تر، بۆیه دوو سێ كتێبم له‌م ساڵۆنهو له‌م رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێیه به‌رهه‌مهاتووه، وه ئه‌مه‌ش له دایكبوونی ئه‌م كتێبه‌یه سوپاس بۆ كوردستانی نوێ كه منی خسته ژێر فشاره‌وه، كه ئه‌بوایه من بیربكه‌مه‌وه كه ئه‌م هه‌فته‌یه چی بنووسم ئه‌و نووسینه‌ش له ئاستێكدا بێت كه له ئاستی نووسینی خۆمدا بێ ئه‌مه ساتی له دایكبوونی ئه‌م كتێبه بوو.
*مه‌ریوان مه‌سعود: ئێمه دێینه سه‌ر هانا ئاڕێن كه ده‌یه‌وێت له‌سه‌رده‌می خۆیدا كه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و تێیدا ژیاوه هه‌م سه‌رده‌می نازیزم بووه هه‌م سه‌رده‌می ستالیزم بووه هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌ی بینیوه كه دیاره دوو سه‌رده‌می خوێناوییه‌و ناچینه ناوه‌ڕۆكی ئه‌مه‌وه كه له‌لای هه‌موو كه‌سێك ئاشنایه، به‌ڵام ئه‌م هاتووه له‌و كاته‌یا تێزه‌كه‌ی خۆی په‌خش ده‌كات و بڵاویده‌كاته‌وه، كه من ئه‌وه‌نه‌ی گوێم له‌به‌ڕێزت بوو له‌كۆڕه‌كه‌دا كه چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له ئه‌منه‌سووره‌كه رێكخستبوو بۆ خستنه ڕووی كتێبه‌كه… ته‌نانه‌ت لای جوله‌كه‌كان خۆشیانه‌وه نامۆ بووه پێیان كه وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه نه‌بووه كه ئه‌وان خواستوویانه .. ئێستا ئێوه چۆن باسی هانا ئاڕێنمان بۆ ده‌كه‌یت كه خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ری كورد لێی تێبگات؟
-ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین: هانا ئاڕێن له‌ساڵی 1906 له‌شاری كوینسبێرگ له ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه له‌ڕاستیدا خۆی له خانه‌واده‌یه‌كی جولهكهبووه، خۆی له‌یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ (پورتهگاوس) وابزانم 1969یه، ده‌ڵێت: من له خێزانێك په‌روه‌رده‌بووم كه‌بڕوایان به‌مه‌سه‌له دینییه‌كان نه‌بووه، واته خێزانێكی ئاینی نه‌بوون، ده‌ڵێت: به‌ڵام كه نازییه‌كان منیان گرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جوله‌كه‌م (تێبینی ئه‌م خاڵهبكه) من وه‌كو جوله‌كه به‌جواب هاتم. من لێره‌وه ده‌ڵێم: هه‌ركاتێك له‌سه‌ر كوردبوون ده‌گیرێت ده‌بێت وه‌كو كورد قسه‌بكه‌یت، به‌مه‌رجێك ئه‌و جوله‌كه نه‌بووه ئه‌و په‌یوه‌ندی به عیبری و بچێت بۆ كهنیشتهو ئه‌م جۆره نه‌ریته دینیانه‌ی نه‌بووه، به‌ڵام ده‌ڵێت: كاتێك له‌سه‌ر جوله‌كه بوونم ده‌گیرێم من وه‌كو جوله‌كه‌یه‌ك قسه ده‌كه‌م. لێره‌وه ئێمه ده‌توانین له هانا ئاڕێن تێبگه‌ین، هانا ئاڕێن ماوه‌یه‌ك قوتابی (مارتن هایدیگه‌ر) ده‌بێت له‌گه‌ڵ هایدیگهرا په‌یوه‌ندییه‌كی عه‌شقیان ده‌بێت به نهێنی، به‌ڵام دوای ئه‌م په‌یوه‌ندییه تێك ده‌چێت، ده‌چێت بۆلای (كارلی یاسپه‌ر) كه‌یه‌كێكه له فه‌یله‌سوفه‌كان دواتر ده‌چێت بۆ (هایدن بێرگ) له‌وێ تێزی دكتۆراكه‌ی ته‌واو ده‌كات، پاشان له‌ساڵی 1939 وه كه ئیتر نازییه‌كان به‌هه‌ڵبژاردن دێنه ده‌سه‌ڵات، هانا ئاڕێنیش وه‌كو هه‌موو خانه‌واده‌یه‌كی جوله‌كه ده‌گیرێن وه زۆر به‌زه‌حمه‌ت رزگاری ده‌بێت، ماوه‌یه‌كی زۆر په‌ناهه‌نده‌و راكردوو ئه‌بێت له فه‌ره‌نسا پێش ئه‌وه‌ی نازییه‌كان داگیری بكه‌ن، له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی (ڤالته بنیامین ) ده‌بێت، به‌داخه‌وه ڤالته بنیامین هه‌وڵیدا رابكات له نازییه‌ت به‌ڵام له ئیسپانیا رزگاری نه‌بوو له‌ترسا خۆی كوشت، ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌و برینه قوڵانهن كه‌دێنه ناو هانائارێنهوه بۆ ئه‌وه‌ی كهتێبگات كه‌فاشیزم چۆنه وه ره‌گه‌زپه‌رستی چۆنه، دوای ئه‌وه هانا ئاڕێن ده‌چێت بۆ نیویۆرك وه له‌وێ ده‌ست ده‌كات به‌كاره‌كه‌ی و ئیتر وه‌كو فه‌یله‌سوفێك ده‌ست ده‌كات به نووسینی كتێبه‌كانی، یه‌كێك له‌كتێبه‌كانی من له‌م كتێبه‌مدا قهوزهیهكی دیكه‌ی فاشیزم ئاماژه‌م پێداوه كتێبێكی به‌ناوبانگه به‌ناوی (ئایشومان له ئۆرشه‌لیم راپۆرتێك ده‌رباره‌ی كاڵفامی خراپه‌كاران).
*مه‌ریوان مه‌سعود: كاك ئیسماعیل دیاره كاتێك باسی تێزه‌كانی هانا ئاڕێن ده‌كرێت وشه‌ی كاڵفام دێته پێشه‌وه، بۆچی ئه‌و پێی وابووه فاشیزم یان جینۆساید و هه‌موو قه‌تڵ و عامێك كه‌روویداوه یان هه‌موو بێ ئاگاییه‌كی مرۆڤ په‌یوه‌سته به كاڵفامی مرۆڤ؟ یان چۆن پێی وایه كه كاڵفامی هۆكاره نه‌ك شتی‌تر؟
-ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین: یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی كه‌من له‌م كتێبه‌دا چاره‌سه‌رم كردووه ئه‌وه‌یه وشه‌یه‌كمان هه‌یه پڕاو پڕی وشه‌ی (به‌ناڵ)ه یانی خوێنه‌ر ده‌بێت تێبگات به‌ناڵ به‌گشتی له‌هه‌موو زاراوه‌كاندا یانی كاڵفام، هانا ئاڕێن، ئایشومان یه‌كێكه له‌فه‌رمانبه‌ره گه‌وره‌كانی ده‌زگاكانی ناسیۆنالیزم، ناسیۆنالیزم وه‌ك چۆن ده‌ڵێن حیزبی به‌عس ئه‌م هی هیتله‌ره، به‌ڵام ئه‌م رزگاری ده‌بێت راده‌كات بۆ ئه‌رجه‌نتین وابزانم هه‌تاكو 1960… دوو فیلمیش هه‌یه له‌سه‌ری یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئایشومانه یه‌كێكیان له‌سه‌ر هانا ئاڕێنه ، دوای چه‌نده‌ها ساڵ دوای ئه‌كه‌ون و ده‌یدۆزنه‌وه ده‌یڕفێنن و لهئهرجهنتینهوه ده‌یهێننه‌وه بۆ ئیسرائیل، له ئیسرائیل مه‌حكه‌مه‌ی ده‌كه‌ن، وه‌كو چۆن دادگایكردنی سه‌دام كرا له به‌غداد، داوا له هانا ئاڕێن ده‌كه‌ن ده‌ڵێن تۆ بچۆ له ئیسرائیل دوای ئه‌مه بكه‌وه راپۆرت بنووسه راپۆرتی رۆژنامه‌نووسی بۆ ئه‌م كه‌یسه ئه‌ویش ده‌چێت وه‌كو هه‌موو رۆژنامه‌نووسێك ده‌چێت بۆ لای مه‌حزه‌ری پۆلیسه‌كه سه‌یرده‌كات، ته‌نانه‌ت هانا ئاڕێن ده‌ڵێت من 3850 لاپه‌ڕه‌م خوێندۆته‌وه كه ته‌حقیق بووه له ئایشومان، له‌كۆتایدا كۆمه‌ڵێك وتار ده‌نووسێت ئه‌و وتارانه به‌زۆری چاوه‌ڕێ ده‌كرا فه‌یله‌سوفێكی وابڵێت باشه ئایشومان فاشسته كابرایه‌كی تاوانباره جینۆسایدی كردووه وه پێویسته بكوژرێت پێویسته له‌سێداره بدرێت، به‌ڵام روانینی فه‌یله‌سوف روانینی بیرمه‌ند به‌ڕای من روانینی نووسه‌ر ده‌بێت جیاوازبێت له روانینی سیاسی وه‌له روانینی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌مه شتێكی ئاساییه هه‌میشه ده‌بێت نووسه‌ره‌كان لایه‌نێكی تری شته‌كان بڵێن كه نه‌بینراوه بابڵێین ئه‌وشته نه‌بینراوانه ئێمه بینراودهكهین ، وه یه‌كێك له‌و بینراوانه ئه‌وه‌یه كه ده‌گاته شتێك ده‌ڵێت ئایشومان پیاوێكی كاڵفامه به‌ناڵه، ئه‌گه‌ر به‌قوڵی بیری بكردایه‌ته‌وه ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام نه‌ده‌دا، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه كێشه‌یه چۆن ئێمه چاوه‌ڕێی شتی تر ده‌كه‌ین له‌تۆ …باشه تۆ واده‌ڵێیت ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز قوڵتر بیری بكردایه‌ته‌وه كه‌واته ئه‌مه رۆمانتیزه كردنی تاوانباره، به‌ڵام گرنگی تێزه‌كه له‌مه‌دایه سوكراتۆس ژه‌هر ده‌خواته‌وه‌و رازی ده‌بێت به كوشتنی خۆی سوكراتۆس له‌یه‌كێك له دیالۆگهكانیا وابزانم له سمپۆزیۆمه، به‌یه‌كێك له گفتوگۆكارهكانی ده‌ڵێت: تۆ پێویسته بیر بكه‌یته‌وه ئه‌گه‌ر بیربكه‌یته‌وه له‌گه‌ڵ خۆتدا وه له‌گه‌ڵ خودی خۆتدا تۆزێ قوڵ بیربكه‌یته‌وه ئه‌وكاره ناكه‌یت، كه‌واته به‌گشتی ئه‌فڵاتون بابڵێین پلاتۆن باس له ئینسانی ناو ئه‌شكه‌وت ده‌كات، ده‌ڵێت: ئه‌مانه ئاگایان له‌دنیا نییه، به‌ڵام یه‌كێكیان ده‌چێته ده‌ره‌وه، كه‌باس له‌په‌روه‌رده ده‌كات، ده‌ڵێت: ئه‌مه كه چووه ده‌ره‌وه كه خۆری بینی ئه‌ستێره‌ی بینی ده‌ڵێت جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و دێته‌وه ناوه‌وه ده‌ڵێت ئه‌م ژیانه‌ی ئێوه ده‌ژین خراپه، وه‌لێره‌دا كۆمفلیكت رووده‌دات لێره‌دا به‌ریه‌ككه‌وتن رووده‌دات ده‌ڵێت له‌وانه‌شه ئه‌و وه‌خته ئه‌وكه‌سه بكوژن كه‌واته لێره‌دا ئه‌گه‌ر سه‌یری پلاتۆن بكه‌ین سه‌یری سوكراتۆس بكه‌ین به‌دڵنیاییه‌وه كتێبه‌كه‌ی ئه‌و دێته ناو ئه‌م تێزانه‌وه كه‌واته كرده‌ی بیركردنه‌وه، بیركردنه‌وه له‌وه‌ی ده‌یكه‌م، بیركردنه‌وه له‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌م، بیركردنه‌وه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر من ئه‌مه بكه‌م چی رووده‌دات، من سیاسییهكم ئێستا ئه‌مڕۆ بڕیارێك ده‌ده‌م بڕیارێكی هه‌ڵه هه‌زاره‌ها خه‌ڵكی پێوه ده‌كوژرێت، هه‌زاره‌ها خه‌ڵك له‌ناوئه‌چێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌كه‌م قوڵتربێت جوانتربێت هه‌زاره‌ها خه‌ڵك ملیۆنه‌ها خه‌ڵك سود له‌م بڕیاره‌ی من وه‌رده‌گرێت، كه‌واته لێره‌دا بڕیاره‌كانی به‌خته‌وه‌ری بڕیاره‌كانی جینۆساید‌كردن، به‌قوڵی كاتێك دێت كه‌ئێمه جینۆساید‌كردن قوڵكردنه‌وه‌ی تێدانییه، به‌ڵام به‌خته‌وه‌ركردنی ئینسان بیركردنه‌وه‌ی قوڵی تێدایه، سه‌رزه‌نشتی كردنی خۆت لێره‌دا كاڵفام ئه‌وكه‌سه‌یه كهبیرناكاتهوه ته‌نها بیر له‌و ئه‌ركه ده‌كاته‌وه كه ئێستا له‌به‌ر ده‌میایه‌تی وه سیسته‌می فاشیزم نه‌ریتێكیان هه‌یه كڵێشهیهكت بۆ دروست ده‌كات به‌یانی بچۆ بۆ فه‌رمانگه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌متایه جێبه‌جێی بكه، كه‌واته تۆ به‌خته‌وه‌ریت، تاریق ره‌مه‌زان له‌كاتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه سواری تهیارهكهی ده‌بێت ده‌ڵێت: من ئه‌ركی خۆم جێبه‌جێ كردووه ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی داوه‌پێم وه ئیتر من كاره‌كانی خۆم جێبه‌جێ ده‌كه‌م من ئامانجه‌كه دهپێكم، به‌ڵام ئامانجه‌كه كێیه؟ ده‌بێت تۆزێك قوڵتر بیربكه‌یته‌وه ئامانجه‌كه هه‌زاره‌ها منداڵه.
*مه‌ریوان مه‌سعود: له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا كه جینۆسایده كامه‌یه كاڵفامهكه؟ صه‌دام خۆیه‌تی یان ئه‌وانه‌ی خوار ئه‌ون یان ئه‌وانه‌ن كه جێبه‌جێیان كردووه یان ئه‌و سه‌رۆك جاشانه‌ی لای خۆمان بوون؟ كامه‌یه كاڵفامهكه له‌م پرۆسه‌یه‌دا؟ به‌پێی تێزه‌كه‌ی هانا ئاڕێن؟
-ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین: خۆی گرانه هه‌موو كێشه‌ی فه‌لسه‌فی بهێنیت به‌سه‌ر واقعێكدا، به‌ڵام بێگومان كاڵفامه‌كان صه‌دام حسێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراكی میشێل ئه‌فله‌ق نین چونكه ئه‌مانه به‌تیۆره نه‌خشه‌كێشانی پان عهرهبینیزم شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی نهخشهكێشانێكی تیۆریان هه‌یه بۆ له‌ناوبردنی كورد، هه‌ر له‌و تیۆره‌وه كه‌ده‌ڵێت (امة عربیة واحدة ذات رسالة خالدة) نیوه‌ی وڵاته‌كه كورده به‌ڵام ئه‌و شیعاره ده‌ڵێت به‌ڵام تۆ لێره‌دا ره‌گه‌زێكی نامۆیت له‌به‌رئه‌وه سه‌ره گه‌وره‌كان ئه‌وانه‌ی تێوریان داناوه ئه‌وانه بیریان كردۆته‌وه ئه‌وانه نه‌خشه‌یان بۆ كێشاوه ئه‌مانه فاشیستن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وانه‌ی كه جێبه‌جێی ده‌كه‌ن به ئه‌ركی ده‌زانن، به‌ڵام خۆی ئه‌رك نییه، ئا لێره‌دا ئیشكالیه‌تێكی فه‌لسه‌فی هه‌یه كه درۆی ئۆرگانیزه‌كراو هه‌یه تۆ قه‌ناعه‌ت به‌خۆت ده‌كه‌یت كه ئه‌وه ئه‌ركه، له ڤیدیۆكه‌دا (ئایشومان) لێپرسراوه له له‌ناوبردنی ملیۆنه‌ها جوله‌كه، زیاد له شه‌ش ملیۆن جوله‌كه له‌به‌رده‌می ئه‌و ده‌خرێنه قیتاره‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ندێك فارگۆن هه‌یه جێگه‌ی 40 كه‌س ده‌بێته‌وه، ئایشومان ده‌ڵێت: 90 كه‌سی تێبكه‌ن، تاده‌گه‌نه جێ نیوه‌ی ئه‌خنكێن و ده‌مرن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه حاكمه‌كه له ئایشومانی پرسی: تۆ بڕوات به ناسیۆنالیزم هه‌یه؟ وتی: نه‌خێر ، من بڕوام به‌هیچ نییه من ته‌نها ئه‌ركی خۆم جێبه‌جێ ده‌كه‌م، وه لێره‌وه كاڵفام كه‌سێكی درۆزن بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی فاشیزم ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه درۆ بكات به سیسته‌م، هه‌میشه فاشیزم واخۆی پیشان ده‌دات، بۆ نموونه صه‌دام واخۆی پیشان ده‌دا ده‌یگوت: من ئه‌م جه‌نگه ده‌كه‌م له‌دژی ئێران كه‌به ملیۆنه‌ها خه‌ڵكی تێدا كوژرا 8 ساڵی خایاند سودیشی نه‌بوو ده‌یگوت من پارێزگاری لهشهرقییه ده‌كه‌م له‌ده‌روازه‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی كه‌بڕوایان به فاشیزم هه‌یه ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر صه‌دام بمایه ئه‌م وڵاته پارچه‌پارچه نه‌ده‌بوو. وه هیتله‌ر هه‌موو كات ده‌یگوت: ئه‌وه ئێمه‌ین شكۆمان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه فاشیه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای درۆیه‌كی ئۆرگانیزه، وه له‌م كێتهدا باسی له‌وه ده‌كه‌م كه‌سیاسه‌ت دووشت هه‌یه حه‌قیقه‌تی ئه‌قڵانیه‌ت وزه حه‌قیقه‌تی ریالیستیمان هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو كات حه‌قیقه‌ته عاقڵانییهكان وه‌كو بیر و ڕاكان وه‌كو پڕوپاگه‌نده‌كان ئه‌مه ده‌توانیت گه‌مه‌ی تێدا بكه‌یت، به‌ڵام حه‌قیقه‌تی ریالیستی ئه‌وه‌یه كه من و تۆ ده‌یبینین بۆ نموونه گۆرینگ ده‌ڵێت: ئێمه جوله‌كه‌مان بردووه بۆ ئه‌و شوێنانه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی‌تر په‌روه‌رده‌یان بكه‌ینه‌وه، ئه‌و عیباره‌تانه به‌كاردێنن ئه‌و ده‌سته‌واژانه به‌كارده‌هێنن به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌مه درۆیه‌كی ئۆرگانیسته كراوه تۆ بردوتن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان ئیشیان پێبكه‌یت هه‌تاكو مردن، وه ئه‌وانه‌شی به‌كه‌ڵك نه‌هاتن بیانكوژیت، كه‌واته كاڵفام ئه‌و كه‌سه‌یه كه‌له‌ناو سیسته‌مێك له‌سه‌ر درۆیه‌كی ئۆرگانیسته كراوه، هانا ئارێن دێته ناو سوبێكتی مۆدێرن ئه‌م دنیایه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین دنیای كاپیتالیزم ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌وێت كه ئیش بكه‌ن كاربكه‌ن بیرمه‌كه‌ره‌وه، چه‌ك دروست ده‌كه‌یت بڕۆ مه‌عاشی خۆت وه‌ربگره چه‌كێكی زۆر زۆر باشم بۆ دروست بكه، به‌ڵام بیرله‌وه مه‌كه‌ره‌وه من ده‌یده‌م به‌كێ؟. 180 شهریكهمان هه‌یه له ئه‌ڵمانیا كه‌له كاتی خۆیدا ماتریاڵی خه‌ته‌ری داوه بهصهدام حسێن له دوایدا به‌كارهاتووه ده‌ڵێت ئێمه ته‌نها عه‌قدێكی تیجاریمان كردووه، لێره‌وه هانا ئارێن له ئایشومانهوه دێت ده‌ڵێت: خه‌ته‌ر ته‌نها له ئایشوماندا نییه خه‌ته‌ر له‌وه‌دایه له‌ناو دنیای مۆدێرنا ئایشومانێك هه‌میشه له‌ئێمه‌دا هه‌یه, له دوای چه‌نده‌ها ساڵ له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه جارێكی‌تر یه‌ك دنیا ئایشومان په‌یدابوون كه ئێمه‌یان ئه‌نفال كرد.
*مه‌ریوان مه‌سعود: كاك ئیسماعیل له ئێستاشدا له‌قۆناغی دوای ئه‌نفالیش بابڵێین له قۆناغی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاش من ئه‌وه‌نده‌ی له‌تۆ تێبگه‌م پێتوایه فاشیزم له ئێستاشدا به‌رده‌وام له‌ناخی تاكه‌كانی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه، ده‌مه‌وێت به‌راوردێكم بۆ بكه‌یت له نێوان ئه‌وروپا به‌گشتی كه جه‌نابت له‌وێ بویت و ئێرهشت بینیوه كه به‌ریه‌ك كه‌وتنی راسته‌وخۆت هه‌بووه له‌گه‌ڵ شۆفێرێكی تهكسییا یان له‌گه‌ڵ لهفهفرۆشێكدا یان له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك بێت له‌هه‌ر شوێنێك یان له‌گه‌ڵ منی رۆژنامه‌نووسدا ئه‌م فاشیزمه له‌هه‌ردوو شوێنه‌كه‌دا ماوه ؟ یان له‌لای خۆمان چۆنه‌و له‌وێ چۆنه؟.
– ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: شه‌ڕ له‌دژی فاشیزم به‌رده‌وامه ئێستا بزوتنه‌وه‌كانی ئه‌نتی فاشیزم له‌ئه‌وروپا به‌رده‌وام كارده‌كه‌ن چونكه فاشیزم ته‌نها ئه‌وه‌نییه دیكتاتۆرێك دێت و رۆشتووه، له‌دوای خۆیه‌وه یه‌ك دنیا نه‌ریتی ناشرینی به‌جێهێشتووه، له‌دوای خۆیدا كۆمه‌ڵێك مرۆڤی تری دروست كردووه، وه لێره‌وه ئێمه كێشه‌كه‌مان ده‌ست پێده‌كات، ئێستا بۆ نموونه له‌ئه‌وروپا فاشیزم له‌و پارته راستهوانانهیا ره‌نگده‌داته‌وه كه دژی په‌ناهه‌نده‌ن، له‌و بڕوایه‌دام كه په‌ناهه‌نده‌یه‌ك بیه‌وێت بێته وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌رچه‌نده لێقه‌وماوه هه‌رچه‌نده به‌چه‌كی وڵاته‌كه‌ی ئه‌و و به‌هۆی هه‌موو ئه‌و په‌یماننامه بازرگانیانه‌ی كه شهریكاتهكانی ئه‌وان كه كۆمپانیاكانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌كاندا كردوویانه ئه‌م جۆره مرۆڤه رای كردووه‌و هاتووه‌و كێ چه‌كی كیمیایی دا به صه‌دام حسێن كه صه‌دام حسێن نه‌ی ده‌توانی قه‌ڵه‌مێك دروست بكات ئه‌م ماتریاڵه‌ی له كوێ بوو؟ كێ ته‌دریبی پێكردن؟ كێ ئه‌م چه‌كانه‌ی دانێ؟ به‌ڵام كاتێك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك دێت كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بیرله‌وه ناكه‌نه‌وه ئه‌م په‌ناهه‌نده‌یه بۆ هاتووه به‌ڵكو ده‌چن دژایه‌تی ده‌كه‌ن داوای دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن و جیای ده‌كه‌نه‌وه و بچوكی ده‌كه‌نه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه حه‌ره‌كاتی بزوتنه‌وه‌كانی ئه‌نتی فاشیزم به‌رده‌وامه، فاشیزم فۆڕمی تری هه‌یه بۆ نموونه هه‌ڵسوكه‌وتی خۆمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا له‌وانه‌یه زۆرجار هه‌ست نه‌كه‌یت، به‌ڵام پڕیه‌تی له فاشیزم ئێمه ده‌بێت به‌رده‌وام ئاگامان له ئایشومانهكهی ناومان بێت، بۆ نموونه ئێستا ئێمه لهئهوروپایا پۆڕنۆگرافیهت زاڵبووه له‌شفرۆشی زاڵبووه كچ ده‌هێنن له‌وڵاتانی هه‌ژاری وه‌كو روسیا‌و ئه‌وانه‌وه ده‌یهێنن له لهشفرۆشخانهكاندا كاری پێده‌كه‌ن، زۆر لهحوكمهتهكان ئه‌وه ده‌زانن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م مانیفاكتۆره ئه‌م كارگه گه‌وره‌یه‌ی گۆشتی سوره به ملیۆنه‌ها زه‌ڕیبه ده‌دات بۆیه چاوی لێ ده‌خافڵێنن، من ده‌ڵێم هه‌ڕاجكردنی ژنان له‌شوێنی كاردا هێشتا به‌رده‌وامه، بچوك كردنه‌وه‌ی ژن له ئه‌وروپادا هێشتا هه‌یه، هێشتا جیاوازی موچه هه‌یه له ئه‌وروپادا، هێشتا هه‌ژموونی پیاوی سپی هه‌یه، هه‌ژموونی پیاوی سپی ئه‌وه‌ی كه خۆی بهئینسانێكی گه‌وره‌تر داده‌نێت، كۆمپانیایه‌كی نه‌وت دێته ئه‌م وڵاته ئه‌م نه‌وته ده‌بات گوێنایهتێ چه‌ند كه‌س هه‌ژار ده‌بێت كه‌واته فاشیزم به‌رده‌وام لێره‌و له‌وێ هه‌یه.
ئه‌گه‌ر تێبینی ئایشومان بكه‌یت له‌یه‌كێك لهدادگاییهكانیدا ده‌ڵێت: من پێچكهیهكی بچوكم لهمهكینهیهكی گه‌وره‌دا… ئه‌م پێچكه بچوكانه زۆر مه‌ترسیدارن له‌م سیسته‌مه ده‌ریبهێنه رێك بیخه‌ره سیسته‌می دووه‌مه‌وه رێك كارده‌كات، چونكه ئه‌مانه فێرن لهناوحكومهتهكاندا كاربكه‌ن، من نموونه‌ت بۆ ده‌هێنمه‌وه چۆن ئه‌م پێچكانه جارێكی دیكه كاری خۆیان ده‌كه‌ن، نموونه‌یه‌كمان هه‌یه له ئه‌ڵمانیا (هانس گڵۆكن)ه یه‌كێكه له‌هه‌ره فه‌رمانبه‌ره باڵاكان له زه‌مانی نازییه‌كان له‌دوای جه‌نگی دووه‌م بوو به‌راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا، له‌ساڵی 1970 دا خانه‌نشین بوو به‌پاره‌یه‌كی زۆر و له‌وڵاتێكی وه‌كو سویسرا كۆچی دوایی كرد. نازییه‌كان جارێكی‌تر گه‌ڕانه‌وه.. ته‌نها هه‌ندێكیان وتیان ئێمه ته‌نها ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێكردووه، ئێمه له‌كوردستانیشدا ئه‌مه‌مان بینی كه به‌عسییه‌كان جارێكی‌تر گه‌ڕانه‌وه ناو دام وده‌زگاكان له‌سه‌ره‌تادا نه‌گه‌ڕانه‌وه به‌ڵام دوایی ورده ورده گه‌ڕانه‌وه چونكه ئه‌مه لێی ده‌زانن ئه‌مانه ده‌زانن مه‌كینه‌كه چۆن كارده‌كات، له‌به‌رئه‌وه فاشیزم به‌رده‌وام خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، كاتێك ئیسلامیزتێك ده‌ڵێت دوو ژن بهێنه زۆرباشه له‌مه بێزاربوویت ده‌چیته ئه‌ویتر یان چوار ژن بهێنه ئه‌مه فاشیزمه ئه‌مه تۆ ده‌بیت به‌سه‌رۆك و ئه‌وان ده‌بن بهڕهعییهتی تۆ ئه‌مه‌ت به‌دڵ نه‌بوو ده‌چیت بۆ ئه‌ویتر ئه‌مه ده‌ربكه‌یت ئه‌وی تر ده‌خاته جێگه‌ی، ئه‌م فۆڕمه هه‌یه فۆڕمی بچوك بچوكیش هه‌یه و بیرت نه‌چێت ئه‌مه تاوانباركردنی مرۆڤ نییه ئه‌م ئینسانه كاری له‌سه‌ر كراوه، زیاد له نیو سه‌ده زیاتره له‌زه‌مانی مه‌لیكه‌وه 1925 هه‌تاكو ئێستا ئه‌م مرۆڤه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، فێربووه بۆ نموونه شۆفێرێكی ته‌كسییه خۆی ناگرێت قورئانێكت بۆ لێده‌دات له‌وانه‌یه تۆ مه‌سیحی بیت بیرله‌وه ناكاته‌وه تۆ مه‌سیحیت،ئه‌مه هه‌مووی له ناخ و ئاگای كۆمه‌ڵگایه فاشییه‌ت له‌هه‌موو شوێنێك هه‌یه، بۆ نموونه فه‌رمانگه‌كانی ئێمه، شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ فاشییهتا نه‌كردووه، ئێستا بۆ نموونه تۆ ئه‌چیت بۆ فه‌رمانگه‌یه‌ك وه‌ره‌قه‌یه‌كی زۆر بچوكت ده‌وێت 8 مۆر یان 10 مۆری ده‌وێت به‌مه‌رجێك ئیشه‌كه زۆر زۆر ئاسانه به‌س چییه؟ به‌عس ئه‌وه‌ی كردووه كه به‌رده‌وام تۆ ده‌بێت بچیته به‌رده‌می وه‌به‌رده‌وام داوای لێبكه‌یت وه‌به‌رده‌وام بتداتێ وه ئه‌وه ئه‌م فۆڕمانه‌یه له فاشیزم.
پرۆژه‌ی كلتور مه‌گه‌زین به‌ره‌و كوێ؟!
*مه‌ریوان مه‌سعود: ته‌وه‌ری دووه‌می دیداره‌كه‌مان، له‌وانه‌یه ته‌واو پێچه‌وانه بێت یان نزیك بێت لهیهكهمهوه ئه‌ویش قسه‌كردنه له‌سه‌ر یه‌كێك له گۆڤاره سه‌نگین و جوانانه‌ی به‌ناوی كو‌لتور مه‌گه‌زین و كاك ئیسماعیل خۆی سه‌رنووسه‌ریه‌تی و یه‌ك ستافی كامڵیشی له‌گه‌ڵه، پێش ئه‌وه‌ی وه‌سفی بكه‌م رۆژنامه‌یه‌كی كه‌لتوری وه‌رزییه، له‌و هه‌موو جه‌نجاڵییه‌ی سۆشیال میدیا و له‌و هه‌موو جه‌نجاڵییه‌ی كتێب و مه‌رگی كاغه‌زه‌دا چۆن ئه‌م گۆڤاره دروست بوو؟ باشتره بڵێم چۆن دروستت كرد؟
-ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین: ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌یت له گۆگڵدا كو‌لتور مه‌گه‌زین سێ پڕۆژه‌یه یه‌كێكیان كو‌لتور مه‌گه‌زینه به گۆڤاری ئونلاین هه‌مانه ئه‌وه بابه‌تی زۆری تێدایه، بابه‌تی فه‌لسه‌فی تێدایه به‌شه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی من و مامۆستا نه‌به‌ز سه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ین، به‌شه فێمهنیستییهكهی هۆزان مه‌حمود سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، به‌شی ئه‌ده‌بیمان هه‌یه به‌شی شیعرمان هه‌یه، هیچ بابه‌تێك ناهێڵین تێپه‌ڕبێت تاكو به فلته‌ردا نه‌ڕوات، كۆنسێپتی خۆمان هه‌یه بۆ بڵاوكردنه‌وه، ئێمه پێمان وایه خوێنه‌ری كورد ده‌بێت رێزی لێبگیرێت، ده‌بێت ئه‌و كاته‌ی ده‌یخوێنێته‌وه شتێكی پاك بخوێنێته‌وه، ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕ هه‌یه ده‌مه‌وێت ئه‌و جیاوازییه بكه‌م، ماڵپه‌ڕ شتێكه‌و گۆڤاری ئۆنلاین شتێكی تره، ئه‌مڕۆ هه‌موو گۆڤار و رۆژنامه گرنگه‌كانی دنیا بووه به ئۆنلاین، هه‌رچی گۆڤاره گرنگه‌كانی دنیا هه‌یه بهچاپیشهوه هه‌روا به ئۆنلاینیش هه‌یه، به‌ڵام ئێمه بڕیارماندا ئه‌مه به‌م ته‌وه‌ره بێت، له‌داهاتوودا كولتوور مه‌گه‌زین كتێب ده‌ربكات له‌سه‌ر ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت، ئێمه له‌م كتێبه مهلهفێكمان هه‌یه له‌سه‌ر كوردبوون، كوردبوون چییه؟ دۆسییه‌ی جاره‌كه‌ی ترمان مه‌سه‌له‌ی جێندهرو فێمه‌نیست بوو، بهشێكیترمان هه‌یه له ئۆنلاینه‌كه ئینگلیزییه كه ئه‌م گۆڤارهمان ناوی كه‌ڵچه‌ر پڕۆجێكته من خۆم شتی تێدا ده‌نووسم به ئینگلیزی چه‌ند لێكۆڵینهوهیهیكی خۆمی تێدایه به ئینگلیزی شیعر و نووسینمان هه‌یه وه هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی به ئینگلیزی نووسن له‌وێ ده‌نووسن، به‌ڵام بۆچی كهڵچه پڕۆجێكتمان كرد؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی كه‌هه‌ن به ئینگلیزی هه‌مووی سیاسییه، هه‌مووی ده‌یه‌وێت بڵێت كورد بوونه‌وه‌ێكی سیاسییه، كاتێك به ئینگلیزی قسه‌ده‌كات كاتێك به ئه‌ڵمانی قسه‌ده‌كات به‌ڵام ئێمه زیاتر باس له كورد ده‌كه‌یت وه‌ك بۆدییهك وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی هونه‌ری له‌سه‌ر هونه‌ر شتمان هه‌یه له‌سه‌ر په‌یكه‌رتاشی لێره هه‌مانه له‌سه‌ر شار هه‌مانه له‌سه‌ر جێنده‌ر هه‌مانه له‌سه‌ر كولتووره به‌گشتی كه كهڵچهپڕۆجێكته كه ئه‌وه‌ش وای كردووه ئێستا زۆربه‌ی زۆری زانكۆ و نێوه‌نده رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌وروپا هه‌ر پرسیارێكیان هه‌بێت، هه‌رشتێكیان هه‌بێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆی، چاوپێكه‌تنێكی من هه‌یه تۆزێك فه‌لسه‌فییه له‌گه‌ڵ سكواتا كردوومه كه بۆ خۆم موفاجه‌ئه بوو زیاد له 30000 كه‌س خوێندوێتییه‌وه كه خوێنه‌ره‌كه‌ی ئه‌وروپییه و به‌ده‌قیقی دیاره كه ته‌نها چاوپێكه‌وتنێكی بچووكه.
له‌مه‌ودوا كتێبێكمان ده‌بێت به‌ناوی خود نووسینه‌وه‌ی ژنان كه هۆزان مه‌حمود سه‌رپه‌رشتی ده‌كات كه كۆمه‌ڵێك ژنن باس له ژیانی خۆیان ده‌كه‌ن له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان وه رێشكهوتووین ئه‌و كتێبه ده‌كرێت به‌ئینگلیزی وه‌یه‌كێك له‌چاپ و بڵاوكراوه گرنگه‌كانی به‌ریتانیا جارێكی‌تر ئه‌مه به ئینگلیزی ده‌رده‌چێت، ئێمه وه‌كو پڕۆژه‌ی كولتوور وه‌كو كهڵچهپڕۆجێكت له ئه‌وروپا زۆر سیمینارمان هه‌یه له‌سه‌ر عیلمانییه‌ت له‌سه‌ر سیكۆلاریزم، كێشه‌ی ئێمه ته‌نها كورد نییه كێشه‌كه‌ی ئێمه كێشه‌یه‌كی رۆشنگه‌ری گه‌وره‌یه كۆی پڕۆژه‌ی كولتوری ئه‌م گۆڤاره‌ی هه‌یه، گۆڤاری كو‌لتور مه‌گه‌زین ئۆنلاینێكی هه‌یه و هه‌روه‌ها كهڵچهپڕۆجێكتیشی هه‌یه ئه‌مه كۆی پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌یه.
به‌ته‌ماین لقێك بكه‌ینه‌وه له‌كوردستان (سیمیار بكه‌یت، وۆرك شۆپ) بكه‌ین ئێمه ده‌مانه‌وێت بڵێین كه مرۆڤی كورد بێگانه‌ی بانگ كردووه خۆی به‌ده‌ره‌جه دوو تێگه‌یشتووه من له كۆنفرانسه‌كانیشدا بووم كه‌چۆن خه‌ڵكی بێگانه‌یان به‌گرنگ زانیوه، به‌مه‌رجێك لهكهڵچهپڕۆجێكت چه‌نده‌ها نووسه‌ری كوردی گه‌نجت بۆ ده‌هێنم ئاستیان سێ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وانه، پۆزشنیشیان له‌ناو زانكۆكانی ئه‌وێدا باشن، گرێیه‌كی خۆ به‌كه‌مزانینی كورد هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌بێگانه ده‌مانه‌وێت ئه‌وه لاببه‌ین، بڵێین كاكه تۆ رۆژنامه‌نووسیت تۆ باشتریت له رۆژنامه‌نووسێك كه‌له ژوورێك داده‌نیشت چونكه له‌لای ئه‌و رووداوه‌كان كه‌مه ، به‌ڵام تۆ هه‌موو رۆژێك به‌ر رووداو‌و تراژیدیا ده‌كه‌ویت ئه‌زموونی تۆ گه‌وره‌تره، ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه بڵێین مرۆڤی كورد مرۆڤێكه ده‌بێ بچێته ناو جیهانه‌وه، ته‌نها له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك وه‌فد و ئه‌وانه‌وه نابێت مرۆڤی كورد بناسرێت به‌ڵكو له رێگه‌ی ئه‌و كولتورهی كه هه‌مانه بناسرێت، ئه‌وه ئامانجی ئێمه‌یه.