سێ سەرنج لەبارەی ژاوەژاو
هۆشەنگ محەمەد
سێ سەرنج لەبارەی
گێڕانەوەکانی نووسەر (جێگر بەختیار) لە (ژاوەژاو)دا
(١)
ئەم کتێبە دوازدە کورتە چیرۆکی هونەری لە خۆدەگرێت، کورت و پوخت و چڕ گێڕدراونەتەوە. بە سەرنجی من هێزی ئەم گێڕانەوانە لە دوو خاڵ دایە:
یەکەم- کۆتایی گێڕانەوەکان.
دووەم- دیوی دەروونی گێڕانەوەکان.
خاڵی یەکەم- هێزی کۆتاییەکان: پێشەکی زۆربەی گێڕانەوەکان کە نووسراون لەپێناو کۆتاییەکەیاندایە. وەک ئەوەی نووسەر یەکەم جار کۆتایی گێڕانەوەکەی دەستنیشانکردبێت، دوایی بێت پێشەکییان بۆ ئامادەبکات! لەزۆربەی گێڕانەوەکاندا، هێزی جووڵە و ژیانی ڕووداوەکان لە کۆتاییدا بە کامڵبوون دەگات. هێزی گێڕانەوەکە لە کۆتاییدا وەک هێزێکی کامل و بێگەرد خۆی دەردەخات. زۆربەی کۆتاییەکان هێز لە جوولەیەک وەردەگرن، کە مێشکی خوێنەر دەخەنە نێو ساتێکی گەورە، قورس و کاریگەرەوە. بۆ نموونە خەساندنی کەسێک، کوشتنەوەی مرۆڤێک، کوشتنی کەسێک و لەم جۆرە دیمەنە تراژیدیایانە. کە فشارێکی دەروونی دەخەنە سەر خوێنەر و دەیخەنە دۆخی بیرکردنەوە و ڕامانکردن لەم جۆرە تاوان و ئەم چەشنە بیرکردنەوەی مرۆڤ و پێناسەکانی بۆ کۆتایی ژیان و جیهان و ئیمان و خۆشەویستی و شتەکان تر. بەشێوەیەک کە مرۆڤ هەست دەکات کۆتایی گێڕانەوەکان باسی کۆتایی و چارەنووسی ڕەشی مرۆڤ لەنێو جیهاندا دەکات!
خاڵی دووەم- دەروونی گێڕانەوەکان: زۆربەی چیرۆکەکان باس لە ناوەوەی کەس و ڕووداوەکان دەکەن، ناوەوە بە واتای (باتین) و (دەروون). باتین وەک هێزی ناوەکی هەر کەس و شتێک کە هەڵیدەگرێت و دەکرێت ببێتە کردار و دەربکەوێت، هەروەها بە واتای دەروون – نەفس ئەو هێز و پاڵنەرانەی لە ناوەوە جووڵە بە مرۆڤ دەکەن و دەیخەنە نێو بوونەوە.
نووسەر جێگر بەختیار، گێڕانەوەکانی نەداوەتە دەست واقیع و لەوێنەگەلی دەرەکیدا گیریان بکات، بە پێچەوانەوە، دیوی ناوەوەی کەس و شتەکان دەگێڕێتەوە، باری دەروونی و شوێنەوارەکانی دەروون لەسەر دەرەوە پیشان دەدات نەوەک بە پێچەوانەوە.
ئیشکردن لەسەر کۆتایی و دیوی دەروونی گێڕانەوەکان، پێویستی بە زمانێکە بتوانێت توانا ناوەکی و ڕەمزی و ڕوحییەکەی خۆی دەربخات، بۆ ئەمەش سەرەتا دەبێت هۆشیارییەک و بیرکردنەوەیەکی توانادار ئامادەبێت کە بتوانێت دیوی دەروونی کاراکتەر و شت و تەنانەت جیهان و ژیان ببینێت. بێ ئەم توانایە نووسەر ناتوانێت، بە زمان باسی ئەو شتانە بکات کە لەدەرەوەدا دەیانبینێت. واتا بینین، پێوەندی بەم هێزە هزرییە هەیە کە نووسەر دەتوانێت پەیدای بکات و لەڕێی زمانیشدا بیخاتە نێو دەقەوە. ئەو هەوڵەی (جێگر بەختیار) لەم ڕووەوە، هۆشیارییەکی بەرزی لەپشتە، زمانێکی ناوەکی بەهێزی هەیە و تێگەیشتنەکانی تێدا بەرجەستە کردوون. توانیویەتی لەڕێی ئەم زمانەوە دەربڕین لە دەروونی کەس و ڕووداو و شتەکان بکات. بەمەش گێڕانەوەکانی ئەسیری واقیع نابێت و ڕەهەندێکی باتینی بەخۆیان دەدەن.
(٢)
لەڕێی ڕووداوەکانی نێو گێڕانەوەکاندا، کۆمەڵێ هێز و توانای کەسیی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و هونەری و تەکنیکی دەبینین، کە چۆن بە بێدەنگی لەنێو جیهان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن و وەک ڕووداوگەلی جیاواز خۆیان ئاشکرا دەکەن. ئەو هێزانە، هێزی سستەم، کۆمەڵ، دامودەزگەی دەوڵەتی نوێ، هێزی گەنج، پیر، پیاو، ژن، تەکنیک، خۆشەویستی، سێکس، شێتبوون، مردن و هتد..، پاڵنەرن بۆ ڕووداوی جۆراجۆرو بۆ نموونە وەک (خەساندن) لە کورتەچیرۆکی (مزۆی فالۆس)دا، کە زۆر بە قووڵی جەوهەری سستەمی کۆمەڵگەی نوێ لەبەرابەر مرۆڤدا ئاشکرا دەکات، یان (خۆکوشتن) لە گێڕانەوەکانی (خۆکوژی) و (بێناونیشان)دا چۆن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبێتە تاکە دەریچەیەک بۆ ڕزگارکردنی روح لە گەرد و تۆزی ئەم ژیانەی لەنێو حەز و ئارەزووی جەستە و ماددیبووندا نگووم بووە.
لەزۆر لە گێڕانەوەکان ئەم هێزانە خۆیان بە ڕووداو دەکەن و دەردەکەون و دەبنە شایەد لەسەر ئەوەی کۆمەڵ، جیهان، ژیانی مرۆیی لە ناوەوەدا چ ئیمکانێکی هێزەکی بۆ وێرانکردن لە خۆدا هەڵگرتووە؟!
(٣)
ژاوەژاو، دەنگی ئەو غەڵبەغەڵب و گێژاوی ئەو هێزەیە کە لە دەروونی مرۆڤی ئێستادا بەرز دەبێتەوە. ئەو هێزەیە کە لەنێو خێزاندا وەک ڕەشەبا باوک و دایک ومنداڵەکان لەنێو ترس و بێهۆشی و بێهێزی و سووکایەتی و شێوای و شێتیدا هەڵدەگرێت و بۆ نێو جیهانیان فرێ دەدات؟!
ژاوەژاو دەنگی ئەو مرۆڤەیە بە فریشتەی گیانکێشان دەڵێت: وەرە و رزگارم کە!
دەستخۆشی بۆ کاک (جێگر بەختیار)، بەهیوای ئەوەی بەردەوام گێڕانەوەی جوانمان پێشکەش بکات.
ژاوەژاو. جێگر بەختیار، براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم- ٢٠٢٠ لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار، چاپی یەکەم ٢٠٢٠