شەوانی فرانکشتاین ،سیانەی تارمایی یەکانی بیابان
عومەر عەبدولکەریم کەسان
(عومەرسەید) (شەوانی فرانکشتاین ،سیانەی تارمایی یەکانی بیابان)
من نە لێکۆڵەرم ز نە شارەزاییم لەهونەری ڕۆمان و چیرۆکدا هەیە، بەڵام کاتێک هەر کتێبێک، ئیتر شیعر بێت یان ڕۆمان و چیرۆک، دەیخوێنمەوە و کاریگەری
لەسەر هزر و بۆچوونەکانم دەبێت، ناچار دەبم چەند دێڕێکی لەسەربنوسم.
ئەنفال گومەزی بان تاوانەکانی دژە کورد هەر لە ڕاگوێزان، بۆ کیمیاباران تا تەعریبی ئەوسای زۆرەملێ و ئێستای نەرمەملێی خۆمان؟
خاکێکی بەرینی کوردستان هەردەڵێی پارچە قوماشێکی خامە و ساڵانە دەچێتە ئاو. لە ئێستاشدا بەرەو کرمۆڵ بوون دەچێت.
ئەم کتێبە سێ نۆفڵێت لە خۆ دەگرێت. یەکەمیان پەیکەری خاکی زامداری نیشتمانە کە هەم پاسەوان و هەم خەمخۆری نەوەکانییەتی. لە ڕۆژدا خۆحەشاردان لەترسی بەردەوامی دوژمنەکانی چواردەوری کورد و لە شەویشدا ڕێ نیشاندەر و واعیز بۆ نەوەکانی خۆیەتی. ڕۆمانێک پر لە وێنەی شیعریی جوان. خەیاڵ و فەنتازیای واڵا، نزا و خواستە ونبووەکان بۆمان دەدوێن و دەیانبینین.
لە نۆڤلێتی دووەم باس لە نەفی کردنی خێزانەکان دەکات لە دوای شۆڕشی ئەیلول بۆ باشوری عێراق. ژنێکی ژان گرتووی زمانی عەرەبی نەزان لە کاتی منداڵ بوونیدا کۆرپەلە قژکاڵەکەی بۆدەگۆڕن بەکۆرپەیەکی دێز و ڕەشی نامۆ. ئەو غەریب و زمان نەزان و بێکەس. نازانێ چیبکات؟ هەرچەندە دایکەکەی تر چاک دەیزانی کامیان کۆرپەی خۆیەتی، لەوەش ناخۆشتر تائێستاش دایکی داماو نەیزانی ئەو کۆرپە گۆڕڕاوەی کوڕ یان کچ بوو؟ وردەکاریەکی جوان لە ڕاچڵەکین و ترپە و خورپە لە کەسی گۆڕڕاوی نامۆ لەسیمایدا و ناو و ناتۆرەی خێزانەکەی کەدوایی دەزانێت زۆڵ نیبە و گۆڕڕاوە لەکاتی لەدایک بوونیدا.
ئەمەش و نبوونی ناسنامەکان دەگەیەنێت بەدەستی تاکی خوارەوەی داگیرکەر لە ژێر فەرمانی بەڕەواکردنی گومەزی کۆی ئەنفالە بەردەوامەکانی جەستەی کورد!.
لە نۆڤلێتی سێیەمدا وێنەی شیعر باران و لێزمە وشەی کوردی پاراو و تێکەڵ بوونی کچەبێنازەکان لەتەک گوڵە جوانەکانی نیشتمان لەناوی هاوبەشدا. خەیاڵ و فەنتازیا هێند واڵا دەبێ وریایی دەوێ بۆخوێندنەوە کە تا لەنەهامەتی چیرۆکێکدا بزر نەبیت. ئەفسانە و واقیع ئاوێزان دەبن. لە هەمووی گرنگتر لەلام بیرکردنەوەی ڕۆحی تۆڵە لای دایک بوو، چونکە نەگبەتی کورد لەوەدایە کەمترین بیرکردنەوەی لەڕۆحی تۆڵە هەبووە لە مێژووی پڕ مەینەتی خۆیدا دەستەواژەیەکی سەقەت هەیە کە دەگوترێ: (کورد هەرگیز خوێنی لەخاکی کەسدا نەڕژاوە، هەر لە خاکی خۆیدا نەبیت) واتە هەر بەرگریمان لە خۆ کردووە لەکاتی لاوازی بەرامبەریشدا هەر بەسۆزبووین بەرامبەرداگیرکەر.
ئەم کتێبە شایەنی ئەوەیە خوێنەری کورد بەڕێزەوە بیخوێنێتەوە. ئەم ڕۆمانە و هەندێک ڕۆمانی کوردی تریش هیچیان کەمتر نیە لەوانەی گەلانی تر. بەڵام بۆچوونێکی خراپ هەیە لەلامان، هەرچۆن لە حوکمڕانی و سیاسەتدا خۆخۆرین، ئاواش چاومان بەبەرهەمی خۆمانە هەڵنایەت.
ماوەتەوە بڵێم چەندن دەستەواژە و ڕستەم خوێندەوە ڕای دەچڵەکانم.
خۆزگە پێشتر ئەم ڕۆمانەم دەخوێندەوە تاکو پێشنیارم بۆ نوسەر بکردایە کە ناونیشانەکەی بکردایە بەو دێڕە جوانەی ڕۆمانەکە: (خەندەی مۆنالیزاو دوانیگا سیحراویەکەی هوجام سورچی) ئای کەجوان دەبوو! ئەها قەدری خۆمان لای خۆمان نییە، دەنا دوانیگا و تێڕامانە بوێرانەکەی هوجام هی هەندێ گەلی تر بوایە چ هەڵایەکیان بۆدەگێڕا؟