نارین ڕۆستەم و سوریالیزم
تەلار تاهیر
سوریالیزم قوتابخانەیەکی مۆدێرنی ئەدەبی و هونەری بوو، لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە فەڕەنسا ، لەسەر دەستی ( ئەندرێ بریتۆن ) و چەند هاوڕێیەکی دامەزراوە . بە تایبەت دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و بە مەبەستی گۆڕانی ژیان و گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ مرۆڤەکان . سوریالیستەکان بە چڕی ئیشیان لەسەر خەون و ڕووبەری ناخودئاگایی دەکرد ، بۆیە بە ستایل و فۆڕمی جیاواز دەیاننووسی و نیگاریان دەکێشا ،، ( سلفادۆر دالی ) یەکێکە لە نیگارکێشە ناودارەکەیان ، سوریالیستەکان لەڕووی ئەدەبی و هونەرییەوە ، لەژێر کاریگەری تیۆرە دەروونیەکانی ( سیگمۆند فرۆید ) و لە ڕووی سیاسەت و سیستەمی ئابووری و کۆمەڵگەوەش لەژێر کاریگەری ( کارل مارکس ) دا بوون ،، دوای ئەم سەرەتایە کورتەمان دەمانەوێت بڵێین .. ئەگەر ( ئەحلام مەنسور ) لە سەردەمانێكدا ڕێچکەشکێن بووبێت بۆ زۆر لە ئافرەتان، یاخیبوویەکی سوریالیزم و سەربە ڕێبازی سوریالی بوو بێت ، ئەوە ( نارین ڕۆستەم ) لە سەردەمێکی تر و بە تەوژمێکی تر و بە ژانرێکی تر، هەر سەربەو ڕێبازەیە، ڕەنگە، بەستنەوەی دوو کەسایەتی لە دوو سەردەمی جیاوازە شتێکی سەیر و کەمێك نامۆ بێت ، بەڵام دواجار کۆرپەی نوسینەکانیان لەناو لانکەی ڕێبازێکە دەبینرێت، ئەگەرچی ئەم ڕێبازە تەواوی ئاسمانی شیعرەکانی نارین ڕۆستەمی نەگرتۆتەوە، بەڵام دواجار هەنگاوێکی ناوە، بەرەو سوریالیزم. لەکۆتایشدا گرنگ چەندێتی نییە، بەڵکو گرنگ چۆنیەتی بەرهەمەکەیە، چونکە جاری وا هەیە کەمترین نووسین زۆرترین کاریگەری جێدەهێڵێت، هاوشێوەی بەرهەمی (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم، کە لە نۆ بەرهەمی دانسقە پێکدێت. نارین ڕۆستەم شتی زۆر ناوازە لە هەگبەی ئەزموونی نووسینیدا دەبینرێت، ئەگەر بە تەوژمی ئێستەو بە ئەزموونێکی تری تەمەنی لەناو فەزای نووسین و مەعریفەدا بمێنێتەوە، نووسینی ناوازەتر دەخوڵقێنێت. لێرەدا دەمانەوێت وەک نموونە باس لە ناوەڕۆکی یەکێک لە شیعرەکانی بکەین بەناوی ( شەڕە پشیلە ) لە کۆپلەیەکدا دەڵێت : لە کن عەریزەنووسی ناسنامە کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز سەرەوخوارم کردەوە، فرمێسکێکی لێ کەوت: نییەتی دەرکراین. واتە لە کومەڵگە نەزان و پیاوسالارییەکان لەو عەقڵێتە مانەتەوە کە جیاوازی دەکرێت لە نێوان ئافرەت و پیاودا، ئافرەت هەر لە کۆنەوە بەزەعیف و لاوازە لە قەڵەم دراوە، چونکە هێزی سۆز و میهرەبانیەوە، بەبۆچوونی من گەر خۆشەویستی خۆشەویستیەکی ژیرانە بێت، وەك دایک بۆ ڕۆڵەکانی ئەو کاتە دڵ بە ئەندازەیی عەقڵێکی کامڵ، ڕەنگە بتوانێت حوکمی جەستە بکات. یان دەڵێت : کتێبخانەی گشتی تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف، زبڵدانێکیان ھەبوو بازمان بەسەردا. واتە خودی کەسە بێناسنامەکان، زبڵدانی مەعریفە بووەتە ماڵ و شوناسیان، یاخۆ خۆر و چرای ڕۆشنبیری و عیلم و مەعریفە لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەو هێز و تینەیە بتوانێت گۆڕانکاری پێویست لە جیهانی ڕوحە تاریکەکان بکات و هێزی مەعریفە ڕووناکیان بکاتەوە . لە کۆتایی دەڵێم هەر ڕۆشن و گەشاوە بێت ماڵێ شیعری نارین ڕۆستەم .