290558744_1072449616687455_146004731314126255_n

2022/06/25

مـــــرۆڤی هــــەرزان 

میدیا خۆشناو

ڕۆمانێــــک لەنێـــوان ڕچەشکێنی نووسەرێک و سەرکێشی قەڵەمێک بۆ دۆزیـــنەوەی مانای ژیـــان

مرۆڤی هەرزان، ڕۆمانێکی فەلسەفی ، دەروونی،خەیاڵی زانستییە

کاتێک دەستم بەخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کرد ،هەستمکرد
لە ئاست تواناو تێگەیشتنی من بەدەرە بەجۆرێک وشەکانی و قوڵی گێڕانەوە منی دەخستە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەوە، ئەمەشیانم بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، یەکیان لەبەر ئەوەی من وەک خوێنەرێک یەکمجارە ڕۆمانێکی وا بەشێوازو تەکنیکی جیاواز بخوێنمەوە، بەجۆرێک ئەدەب و زانست تێکەڵ کرابێت هاوشان لەگەڵ فانتازیا، ئەوەیتریان
ڕچەشکێنی نووسەرێک بوو کە بتوانی بە شێوازە نایابە بەگێڕانەوەی کەسی سێییەمی سنووردار ڕۆمانێک بنووسێ، کە وەک دەزانین ئەستەمترین تەکنیکە،

لەم ڕۆمانەدا نووسەر خەیاڵ و زانست و ئەدەبی خستۆتە خزمەتی مرۆڤبوونەوە، بە جۆرێک مردن لەسەر کارەکتەرەکان تاقیدەکاتەوە لە پێناو ژیانکردن، هەڵبەت ئێمە هەموومان دەزانین نەوە دوای نەوە، بەپێی گۆڕانی سەردەم مرۆڤەکان دۆخی ڕەشبینی و لەدەستدانی مانای ژیانیان بۆ درووست دەبێت، بۆیە ” د.گۆران” لەیەکەم دێڕی ڕۆمانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ” مرۆڤ دەبارێت!” لێرەدا، خوێنەر دەکەوێتەوە خەیاڵێکی قوڵ و گەلێک پرسیاری زۆرەوە، ” مرۆڤ چۆن دەبارێت؟” ،” بارینی مرۆڤ واتا چی؟” ” هەر بەڕاستی مرۆڤ دەبارێت؟!” هەر لەڕێگای ئەم پرسیارانەوە خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ ڕۆچوون بەنێو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەو دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکانی،

بەپێی ڕوانینی خۆم و خوێندنەوەی خۆم بۆ ڕۆمانی ” مرۆڤی هەرزان” ئەم ڕۆمانە شەڕی مردن دەکات لە پێناو ژیانێکی مانادار بەڵکو گەڕانەوەو شکۆو بەهاو وپیرۆزی مرۆڤ.وە پێکدادانی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، پێمان دەڵێت، چۆن لە ڕێگەی بیروڕا جیاوازییەکانەوە مانای ژیان بۆ مرۆڤ بگەڕێنینەوە و دەست لە خۆکوشتن هەڵگرێت، هەروەک لە پەڕەگرافێک ئەڵێت” نەبوونی مانا لەژیــان کوشتنی ئارەزووی مرۆڤە بۆ ژیـن، خەڵک بەدەستی چەندان کەلێنەوە دەناڵێنن، ئەمەشە خەمۆکییەکی عەنتیکە دێنێتە بەرهەم!”
مرۆڤی هەرزان ، هەروەک بە ناونیشانەکەیەوە دەزانی واتای نەمانی پیرۆزی مرۆڤە، هەروەها جڵەودانییەتی بۆ دەستخستنی ئارەزووە بێ ماناکان و فەرامۆشکردنی خودو ڕۆحی خۆیەتی ،هاوکات بیرنەکردنەوەیەتی لەوەی کە بۆ دەژی؟، یاخود ژیان چییە؟، ئەمانە هەموو وای لە مرۆڤ کردووە بێ هیوا بێت لە ژیان تاکە خۆشبەختی کە بۆ ڕۆحی خۆی دەیبینێت خۆکوشتنە.
جا نووسەر بۆ چارەسەری ئەم دیاردەی خۆکوشتن و نەمانی ئەو ڕەشیەی کە مرۆ لە سەر ڕۆحی خۆی درووستیکردووە، بۆ چارەسەری ئەم دیاردەی خۆکوشتنە کە وەک لە ڕۆمانەکە باسی دەکات ساڵی ٢١٠٠، هەڵساوە شتگەلێکی بەکار هێناوە کە سەرسوڕهێنەرن لە دیدی ئێمەی خوێنەرەوە، لەوانە “پۆهمانەکان ، تۆپی بکوژ، ماگنوسکین، کانگۆکان، ڤیئاڕهۆلۆ، هتــد… ئەمانە زیاتر بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە تاوەکو زیاتر وردبێتەوە لە فەزای ڕۆمانەکە.

سەبارەت بەپاڵەوانی ڕۆمانە ، نووسەر کارەکتەرێکی مێینەی کردۆتە پاڵەوان ئەمەش خۆی لەخۆیدا، وریای و قوڵبوونەوەی نووسەرە بەرانبەر ژیان وڕۆحی مرۆڤەکان و هەروەها لادانە لە سیستەمی پیاوسالاری، ” شـــوشە” کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، وەک دەزانین لە باردۆخێکی دەروونی خراپ دایە، بەڵکو ڕووخسارێکی شێواو و ناشرینیشی هەیە، لەهەمانکاتدا نەمانی دایک و باوک و براکەی، بەڵام هەموومانە شووشە پەلکێش ناکەن بۆ خۆکوشتن بەڵکو بە پێچەوانەوە بەدوای ڕێگایەک دەگەڕێ تا مرۆڤایەتی لەم پەتای خۆکوشتنە ڕزگار بکات، کە دواجار هەم خۆشی لەم پێناوەدا مردن تاقیدەکاتەوە و بە ئامانجی ئەوەی ببێتە فریادەڕەسی مرۆڤایەتی بەڵام وەک دەزانین چارەسەرکردنی هەر کێشەو دیاردەیەک ، دەیەها کێشەیتر دێنێتە ئاراوە، وەک نووسەریش کۆتا ڕۆمانەی بە کراوەیی جێهشتووە!

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا سەرنجی منی ڕاکێشا:ـ

١ – تێکەڵکردنی زانست و ئەدەب: کە ئەمە ژانرێکی نوێ بۆمن و دەتوانم بڵێم بۆ ئەدەبیاتی کوردیش هەمیش دڵنیام ، بۆ زۆربەی خوێنەران بووبە دەرگایەکی کراوە کە هەمیشە نەپڕێژینە سەر ڕۆمانێک کە تەنها یەک شێوازی گێڕانەوە و یەک جۆر ژانر بێت

٢ – درووستکردنی وێنای خەیاڵی لای خوێنەر: بۆ منێک کە ڕۆمانەکەم دەخوێندەوە ، وێنای شتەکانم وەک ئەوەی لەواقیع بێت دەهاتە بەرچاوو، کە بێگـومان ئەمەش توانا سەرنج ڕاکێشەکەی نووسەرە.

٣ – خوود ناسین : مەحاڵە تۆ مرۆڤ هەرزان بخوێنیتەوە وبیر لە بوون و بەهای خۆت نەکەیتەوە لەژیان، هەروەک چۆنیش هەموو خەمی نووسەرو قەڵەمەکەی لە کۆی گشتی ئەم ڕۆمانەدا مرۆڤبوون و گەڕانەوەی بەهای مرۆڤبوونە!

ئەوەی منی زۆر دڵخۆشکرد باسکردنی لایەنی بابەتی ئاینی بوو لەم ڕۆمانە، کە خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە داهێنان بەجۆرێک مەرج نییە، ئەوەی پەنا بۆ خۆکوشتن ببات هۆکارەکەی توندڕەوی ئاین بێت، بەڵکو زۆرجار دابوونەریتی درووستکراوە، کە بەداخەوە لەنێو نەتەوەی ئێمە داب نەریتی درووستکراو و ئاین تێکەڵ بەیەک دەکرێت، کەمن نامەوێت زۆر لەسەر ئەمە قسەبکەم، بەڵکو نووسەر زۆرجوان ئەوەی شیکردۆتەوە کە ئاینیش دەبێ لە بیڕوا و گفتووگۆ زانستیەکان بکرێتە خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆ و بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی،

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم سوپــاس بۆ دکتۆری زۆر ئازیز
کە ئەمە تەنها ڕۆمانێک نییە، بەڵکو داهێنانی گەورەو نایابە ، لە ئەدەبیاتی کوردی و جیهانیش بەگەورەیی دەمێنێتەوە.

بەردەوامبن لە داهێـــنان.