451343657_422876074101002_5545526486746863073_n

2022/06/14

کتێبێك پێویستە بخوێندرێتەوە

بەندی عەلی

 کتێبی ( شەوانی فرانکشتاین ) ی رۆماننوس عومەر سەید کەپێك هاتووە لە سێ نوڤلێت ( شەوانی فرانکشتاین – هەڵوەدای تراویلکە – گوڵەکانی پیرەمەرگروون ) دواهەمین بەرهەمی نووسەرە و هەریەك لەم نوڤلێتانە چیرۆکێکی تایبەتە و وەلێ ئەوەی کۆیان دەکاتەوە، ئازارەکانی ئەنفال و مێژووی پڕ لەزوڵمی میللەتێکە، نەئێستا و نەڕابردووی بواری هەناسەیەکی ئۆخی تێدا نەبووە و ئایندەشی لەتونێلێکی تاریك دەچێ و بە ئاستەم تروسکاییەکی ئەگەر تێدا بێ یان نا.

دوانەی ( شێوەو بابەت ) لەم بەرهەمەدا لەئاستێکدایە کە سەلیقە و توانای نووسەر تەواو بەرجەستە دەکات و ئاستی چێژو مەعریفە لەبەرزیدا ڕادەگرێ. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە هەرسێکیان لەبازنەی ململانێی مرۆڤی کورددان لەنێوان ئینتیماو ئیغترابدا. لەنێوان نیشتمان و کۆچدا.  لەنێوان خودی مرۆڤ و کۆمەڵگەکەیدا. کۆتاییەکانی ئەم سی نۆڤلیتە، نووسەر بەکراوەیی بەجێیان دەهێڵی و نایەوێت ڕایەکی قاڵبیی خۆی فەرز بکات بەسەر خوێنەردا. تەکنیکی جوانی نووسین و خەیاڵی فراوانی نووسەر هێندەی تر ئەم بەرهەمەی ڕازاندۆتەوە و لەڕێی ئەم بەرهەمەوە پیمان دەڵێ: من تاقانەیەکی بەجێماوم لەئەنفال.

بەڕاستی ئەم بەرهەمە شایستەی خوێندنەوەیەکی وردە.  بەڕای من نووسەری ئەم بەرهەمە هیچی کەمتر نییە لەبەرهەمی نووسەرانی گەلانی تر. سوپاس بۆ سەید کە هەمیشە لەخەمی ئازارەکانی مرۆڤی کورددا، لەڕێی ئەدەبەوە هزرو هەستمان بەزیندویی ڕادەگرێ. ئەم کتێبە لە زۆربەی کتێبخانەکان بەردەستە .