کارڵێک کە زیندوویە
ئەرسەلان چەلەبی
وەچانێک لە سەر کتێبی “ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە”
یەکەم:
جیهانی گێڕانەوە لیپاولیپە لە کون و کەلەبەر هەتا ببیندرێنەوە و هەر جارەی بە دەستی نووسەرێک ئاشکرا کرێن. ڕەنگە لە ئێستا دا هەر خوێنەرێکی ئاسایی و تەنانەت مرۆڤێکی ئاسایی ئاگادار بێت کە بۆشایی، سەرووی گۆی زەوی و ئەوەی بە ناوی هەسارە و ئەستێرە و کاکەشانەکان دەیانناسین چەندە مەزن و بێ کۆتایە و بە پێی زمانی زانست ئەو بۆشاییە، یا ئەو مادەی ڕەش-وزەی ڕەشە هەر لە زیادبوونە و جیهانەکەمان وەک کورد دەڵی ئەو سەرەوسەری دیار نییە! جا لەبەر ئەوە نووسەری ئەو وتارە پێی وایە هونەر و ئەدەبیات هێندەی ئەو جیهانە بێسنوورەی تا ئێستا لە زمانی زانستەوە ناسیومانە پان و بەرین و بێ کۆتایە. دیسانەوە وەک کورد دەڵی بەشی هەموانی تێدایە بە زیادەوە، هەڵبەت بەو مەرجەی نووسەر بوێر بێت و هەنگاو بنێتە ناو ئەو جیهانە و دەست بکا بە شەنوکەوی هەر هەموو هەسارە، ئەستێرە و کاکەشانەکانی گێڕانەوە!
بەو پاڕاگرافەی سەرەوە لەنگەر لە سەر گێڕانەوەی نایا مارییا ئایت ژنە نووسەری دانمارکی کتێبی “ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە” دەگرم. ئەو کتێبە لە پاشان بە چەندەها زمانی زیندووی جیهانی تر وەرگێڕدراوە و شاعیر و وەرگێر ئالان پەری لە دانمارکییەوە کردوویەتی بە کوردی. من بەشێک لەو کتێبەم بەر لەوەی چاپ بێت و کاتێک وەرگێڕ کاری لە سەر دەکرد خوێندبوویەوە و هەر ئەوێ دەم بە ئالانم گوت کە ئەو بەرهەمە دانسقەیە بێ گومان دەبێ ببێتە کوردی هەتا کەلێنێکی تر یا دەلاقەیەکی تر لە گێڕانەوە لە ڕێگای وەرگێڕانەوە بە ڕووی ئەدەبی کوردیدا بکرێتەوە. مانگێک لەمەوبەر پاش ئەو ساڵانە کاتێک کتێبەکەیم بە دەست گەیشت و هەموویم خوێندەوە و جارێکی تر بە جۆری گێڕانەوەی ئەو خانمە نووسەرە و چوارپەلی چیڕۆکەکە سەرسام بووم کە وەک وەستایەکی شارەزا وێکی هێنابوویەوە و هیچ لایەکی لە لایەک نەدەترازا. گێڕانەوەیەکی گورج و گۆڵ کە لەغاوێکی بە دەست وزە و تینی شیعرەوە بوو.
دووهەم:
ئەدەبیاتی گێڕانەوەی دانمارکی لە سەر دوو ئەستۆنی گرینگی “حەکایەتی فۆلک”و “حەکایەتی هونەری” ڕاوەستاوە.
FOLKEEVENTYR
KUNSTEEVENTYR
یەکەمیان ئەوانەن کە سینگاوسینگ هاتوون و پاشان نووسراونەوە. دووهەمیان ئەوانەن کە نووسەریان دیارە و بەرهەمهێنەرەکانیان ناسراون. لە ئەدەبی دانمارکیدا “هۆ کۆ ئاناسن”
H.K ANDERSEN
ناسراوترین حەکایەتنووس بووە کە ناو و بەرهەمی لە زۆرینەی ئاقاران بیستراوە. لەو وتارەدا مەودای ئەوە نییە زۆرتر لەو دوو بوارە ورد بمەوە و پڕۆسەی باڵغبوونەکەیان شی کەمەوە کە چۆن تێپەڕ بووە لێ بە هێنانە ئارای ئەو دوو چەمکە پەنجەرەیەکمان بە ڕووی خەرمانی بە پیت و بەرەکەتی گێرانەوەی دانمارکیدا کردۆتەوە. حەکایەتەکانیان هەر لە باب و باپیرە بەلەمەوانەکانیانەوە بۆیان بە میرات ماوەتەوە و هەر لە سەر خەزێنەکەی وانیش حەکایەتە هونەرییەکانییان داڕشتووەتەوە هەتا گەیشتوونەتە سەردەمی هاوچەرخ و ئەو دوو ئەستۆنە چەندەها نهۆمی تری لە سەر ساز بووە و هەر کام لەو نهۆمانەش ناوی تایبەت و جیاواز بە خۆیان هەیە و ئەوڕۆکە وەکوو ژانڕەکانی ئەدەبی گێڕانەوە دەیانناسین. نایا ئەو بینا دێرین و بەپێزەی باب و باپیری خۆی ناسیوە و لە ناو نهۆمێک لەو بینا مەزنە دا ژوورێکی بۆ خۆی چێ کردووە. کە واتە نایا لە کتێبەکەیدا خاوەنی ژووری گێڕانەوەی خۆیەتی.
ئێستا ئەو پرسیارە لێرەدا بۆ خوێنەری کورد سەر هەڵدەدا کە بینای گێڕانەوەی کوردی لە سەر کام ئەستۆن ڕاوەستاوە؟ ئەستۆنێک هەیە؟ ئەگەر هەن چەندن؟ گەلۆ ئەو خەرمانەی نها هەمانە لە سەر کام زەوی و بە کام بەشە ئاو و بە تینی کامە خۆر پێ گەیوە؟ ئێستا ئەگەر زەوی و زار جێ بێڵین و گێرانەوەی کوردی بێنینەوە ناو قەوارەی بینایەک دەبێ ئەستۆنەکانی کامە بن!؟ نەک گەلی دانمارک بەڵکوو هەموو گەلان بە کوردیشەوە خاوەنی دەیان و سەدان حەکایەتی فۆلکن. هەموو گەلانیش حەکایەتە هونەرییەکانی خۆیان هەر لە سەر خوانی حەکایەتە فۆلکەکان دەگێڕاوە و بەو جۆرە هەر کەسە و دەبووە خاوەنی حەکایەتە هونەرییەکانی خۆی. بەڵام بۆ کورد ئەو هێڵە جیاوازە و حەکایەتە فۆلکەکانی باب و باپیری کوردان بە هەتیوی مانەوە و ژینگەی کوردی لێی دابڕا و چوو حەکایەتە هونەرییەکانی خۆی لە سەر خوانی نەک حەکایەتە فۆلکەکانی باب و باپیریان، تەنانەت نەک لە سەر حەکایەتە فۆلکەکانی گەلانی تریش، بەڵکوو لە سەر دێوەزمەگەلێکی نامۆ و سەیر و سەمەر لە ژێر خێوەتی تەغارێک چەمک و واتای فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بونیات نراوە کە هەر کون و کەلەبەرێکی لە هەوایەک دەخوێنێ. ئەو دابڕانە کارەساتبارە بەرهەمی یەک یا دوو هۆکار نییە و ئەو وتارەش جێی شیکاری ئەو باسە نییە لێ نووسەری وتارەکە دەتوانێ ئەو پرسە شەنوکەو بکا و هۆکارەکان بە وردی بخاتە ڕوو. هەر بۆیە ئەو وتە بە ناوبانگەی کە دەیڵێنەوە: “تەمەنی ڕۆمان لە کوردستان نەگەیوەتە سەد ساڵ” کە خۆم سەردەمێک کەڵکم لێ وەرگرتبوو، دەیکێشمە چەلەحانێوە و پێم وایە دەبێ لە پەنجا ساڵیش دڕدۆنگ بین و ئەگەر مەودایەک قایل نەبین دەکرێ بڵێن ئەو بەستێنە گرینگەی ئەدەبی کوردی نەقوستانە و بە هەتیوی گەورە بووە و هەر جارەی لە قوون دەرکەی وڵاتێک تەڕ و وشکیان گرتووە و ئەوڕۆکە بۆتە ئەو قەوارە نەبەگەیەی کە نە گوتاری ئەدەبی لێ دوروست دەبێ نە زمانێکی دوور لە یاسا و ڕێسای مەلایەتی کە پشکی ڕەخنەی بەر کەوتبێ.
سێهەم:
خوێندنەوەی کتێبەکەی نایا ئازار و خەمێکی قووڵی لەگەڵ دایە. ئەو خەمە لە ناو ڕستە بە ڕستەی کتێبەکەدا بەدی دەکرێت. بە تایبەت وەک لە سەرەوە باسم کرد لەغاوێکی گێڕانەوەکە بە دەست شیعرەوەیە. نووسەری کتێبەکە جگە لەوەی چیڕۆکنووسێکی زۆر شارەزایە شاعیرێکی زۆر باشیشە و یەکەم کتێبە شیعرییەکەشی چەند ساڵ پاش لەدایکبوونی کاراکتەری ناو کتێبەکەی بڵاو بۆتەوە و هەست و نوستی شیعری لە ناو کتێبەکەیدا شانی داوەتە بەر ئەو هەمووە ئازارەی کە دایکێک بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی هێناویەتە سەر لاپەڕە. وشەکان خەمیان تێدا حەشار دراوە، هەر ڕستەیەک موچڕکێکت بە لەش دادێنێ و لەگەڵ هەناسە بە هەناسەی بگێڕەوە هەنیسک دەدەی. لە کتێبەکەوە:
“ئەگەر مردن شتێکی بردوویت
بۆی بگەڕێنەوە!
بۆی بگەڕێنەوە
ئەوەی لەو مردووەت وەرگرتووە!”
تایتڵی ڕۆمانەکە خۆی شیعرێکە لە ناو کتێبەکەدا و سەبارەت بە مەرگ نووسراوە بەر لەوەی ڕۆڵەکەی مەرگ بیفڕێنێ. ڕۆمانەکە باسی مەرگە و تڕاژێدییەکە کە بەربینگی بنەماڵەیەک دەگرێت و لە هەموان زۆرتر بگێرەوە واتە دایکە جەرگ سووتاوەکە لەو تڕاژێدییە تێوەگلاوە و هەر هەموو ئازار و زامی خۆی لە ناو مەودای لە دایکبوونی ڕۆڵەکەی هەتا ڕۆژی مەرگی دەکاتە وشە و ڕستە و بە گێڕانەوەیەکی نوێ و مۆدێڕن ئەو خەمە قورسە تووڕ دەداتە ناو دووتوێی کتێبێک کە ئەوڕۆکە لەبەر دەستانە و چەندەها خەڵاتی بەناوبانگی ئەدەبی وەرگرتووە. لە کتێبەکەوە: “جارێکیان من دووگیان بووم و خەوم بەوەوە بینی، کە مناڵێک لە گیانمدا بووە بە بێچووە پڵینگ، لاسار، نەرم و نیان، بە چاوە کاڵ و پێستە زێڕینەکەی.”
فۆڕمی گێڕانەوەی ئەو بەرهەمە یەگجار جیاوازە. واتە وا لە خوێنەر دەکا کە نەزانێ لە ڕاستیدا چ ناوێک لەو کتێبە بنێ؟ ئایا ڕۆمانێکی بیوگرافییە؟ ئایا شیوەننامەیەکە؟ ئایا ڕۆژانەنووسێکی جیاوازە کە لە هەموو ئیمکاناتەکانی گێڕانەوە کەڵکی وەرگرتووە؟ بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە ئەو کتێبە ڕۆمانێکی تەواو نوێیە کە هێزی داهێنانی نووسەرەکە بە پاڵپشتی ئەو ئازارە قورسە و مێژوویەک کە لە شیعر دا هەیبووە ڕۆمانێکی بۆ خولقاندووین کە بە شێوەیەکی زۆر ورد و فەلسەفیانە لە مەرگ دەکۆڵێتەوە و جار جارەش پەل و پۆ بۆ وتە و ئەزموونی کاراکتەر و هونەرمەند و نووسەری تر دەهاوێ و ڕوانینی خۆی لەگەڵ وان گرێ دەداتەوە و ئەویش لە دەلاقەی خۆیەوە چیڕۆکی مەرگێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە وەحشەت و ئازارەکەی لە ناو چۆنییەتی گێڕانەوەیدا هەست پێ دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەو ڕۆمانە هەوڵێک بووە بۆ بە تەنگژە کێشانی مەرگ. کارل لە ناو کتێبەکەدا زیندوویە و بە ئەگەری زۆر کارلی کتێب ئێستا بۆتە جگەرگۆشەی نایا و هەموو ئەو کەسانەی خوێندوویانەتەوە. لە کتێبەکەوە:
“لەگەڵ بالیفەکانتدا دەخەوم
لەگەڵ لێفە نەرمەکەتدا دەخەوم
هەتا ئێستاش دەتوانم بۆنی پێست و خەوەکانت بکەم
بە خۆم دەڵیم: تۆ لە لێفەکەی خۆت دای
تۆ ماویت.”
خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دەیان جێگا دیمەن و شیعر و تێکست و وتەی جوان و شاعیرانە و هەستبزوێن ببینێتەوە. سەراسەر زمانی کتێبەکە لە سەر سینگی شیعر لە هاتوچۆ دایە. زۆر گرینگە خوێنەر خۆی لەگەڵ نایا بکەوێ و خۆی دیمەن و جیهانی دەوروبەری نایا و کارل ببینێ و هەست پێ بکا و بیانخوێنێتەوە. ئەو کتێبە هەموانت پێ دەبەخشێ.
چوارەم:
لە بەشی کۆتاییدا لەنگەر لە سەر وەرگێڕانی کتێبەکە دەگرم. بۆ نووسەری ئەو وتارە کە هەر هەموو بەرهەمەکانی وەرگێڕانی ئالان پەری خوێندووەتەوە ڕەنگە ڕوون بێ کە هێڵی زمانی وەرگێڕانی وەرگێڕ لە چ قۆناغێکەوە دەستی پێ کردووە و ئێستا گەیشتووەتە چ قۆناغێک. یەک لەو بوارانەی کە کتێبخانەی کورد یەگجار لێی کزە وەرگێڕان لە زمانی سەرەکییەوەیە. بە تایبەت بۆ زمان و هونەری وڵاتێک وەکوو دانماڕک کە نەک هەر بە تەنیا ئەدەبیات بەڵکوو هەر هەموو ژانڕەکانی هونەری جێگەی موتاڵا و خوێندنەوەیە. بە خۆشحاڵییەوە ئالان یەک لەو دەگمەن کەسانەیە کە شانی داوەتە بەر بەشێک لەو خەزێنەیە و ساڵگەلێکی زۆرە کتێب و دەقی باشی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. ئەوەی کە لە کتێبەکەی نایا وەکوو دوایین بەرهەمی وەرگێڕانی بەرچاو بوو ڕەوانتربوونی زمانەکەی بوو. واتە لە کل دەرێنانی ئەو زمانە کوردییەی کە دانماڕکییەکە دەیخوازێ خۆی لە خۆیدا پێویستی بە زەمانە، وەکوو پڕۆسەی باڵغبوون. زمانەکەی ئالان بۆ ژینگەی ئەدەبی دانماڕکی کتێب لە دوای کتێب جوانتر و ڕەوانتر دەبێتەوە. هەروەها لەبەر شاعیربوونی وەرگێڕ لایەنە شیعرییەکانی کتێبەکە بە جوانی داڕشتراونەتەوە و هەست و نوست و خەمەکانی نایای بۆ ناو وشە کوردییەکان قۆستۆتەوە، بە جۆرێک کە وەک لە سەرەتادا باسم کرد خوێندنەوەی کتێبەکە ئازارێکی قورس دەخاتە سەر دڵان، هەستم بەو ئازارە قورسە کرد و ئەوەش دەبێ دەست خۆشی بە ئالان بڵێم کە لە وەرگێڕانەکەیدا کارێکی کردووە ئەو ئازارە قورسە لە سووکی نەدا و هەر وا بە قورسی بمێنێتەوە.
هیوای سەرکەوتن و لەشساغی بۆ ئالان پەری و هەروەها هیوای سەبووری و نیانی بۆ نایا مارییا ئایت.