کتێبی ”جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە” م خوێندەوە
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
یەکێک لەو ژانرانەی کە لە کوردستان بایەخی کەمی پێدەدرێ و هاوکات حزوورێکی نکۆڵیلێکراوی بەردەوامی هەیە، ”پەخشان” ـە. زۆرێک لەو دەفتەرە شێعرانەی لەم ساڵانەدا خوێندوومنەتەوە شێعر نەبووگن بەڵکوو پەخشانێک بووگن کە بە جێگای ئاسۆیی، ستونی نووسراون. هەر بۆیە دەڵێم پەخشان لە ئەدەبی کوردستاندا حزوورێکی نکۆڵیلێکراوی هەیە.
پەخشان لەم مانایەدا کە من مەبەستمە، دەقێکە کە لە نێوان چیرۆک و شێعر ـدا ڕادەوەستێ. واتە نە بە تەواویی شێعرە و نە بە تەواویی چیرۆکە. یان ئەگەر چیرۆکیش لەم هاوکێشەیە دەرباوێین بە واتایەکی دیکە؛ پەخشان دەقێکە کە لە نێوان دەقی ئاسایی و شێعر دایە. واتە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی تێدایە کە لە دەقی ئاسایی جیای دەکاتەوە و کۆمەڵێک لادانی تێدایە کە ڕێگرە لەوەی وەکوو شێعریش دەربکەوێ. لەم ساڵانەدا کۆمەڵێک وشەی لێکدراوی وەکوو چیرۆکەشێعر و ڕۆمانەشێعر و… لە نێو زمانی کوردیدا ساز بووگن کە من هەموو ئەوانە بە پێی ئەوەی کە چەندە لە شێعر نزیک یان دوور بن، هەر لە ژێر دو ژانری سەرەکی شێعر و پەخشان ـدا دادەنێم و تۆزێک خۆ لە بەکارهێنانی ئەو وشانە دەبوێرم. هەرچەن هەندێکجار ئاماژە بەو وشانە دەتوانێ ڕێپیشاندەر بێت بۆ خوێندنەوەی دەقەکە.
پرسەکە لێرەدایە کە بۆ وێنە کاتێک وشەی چیرۆکەشێعر بەکار دێنین، خەریکین دەڵێین ئەم دەقە هەم چیرۆکە هەم شێعرە. بەڵام لە زۆربەی ئەو دەقانەدا ئەوەی کە من دەیبینم ئەوەیە کە ئەو دەقانە نە بە تەواوی چیرۆکن و نە بە تەواوی شێعرن. ئەگەر لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا زاڵ بێت ڕەنگە بڕیاردان ئاسانتر بێت. بۆ وێنە ئەگەر دەقەکەمان چیرۆکێکی تەواو بێت (بە هەموو ئێلێمانەکانی چیرۆکەوە) بەڵام زمانەکەی شاعیرانە بێت، ئەمە هێشتا هەر چیرۆکە. چیرۆکێکە کە زمانێکی شاعیرانەی هەیە.
بەڵام ئەگەر دەقەکە چیرۆکێکی تەواو بێت و زمانەکەی شاعیرانە بێت و تێیدا کەڵک لە تەکنیکی شێعریی وەرگیرابێت و خەیاڵ و وێنەی شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاوی لە نێو دەقەکەدا هەبێ، ئەو کاتە دەتوانین پێی بڵێین چیرۆکەشێعر. چون دەقەکە هەم چیرۆکە هەم شێعریشە (لە هەنگاوی یەکەمدا چیرۆکە). بەڵام ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە بنەما بزانین، کەواتە دەبێ ”شێعرەچیرۆک” ـیشمان هەبێ. واتە دەقێکمان هەبێت کە شێعر بێت و ئێلێمانە شێعرسازەکانی تێدا بێت بەڵام زمانەکەی چیرۆکاوی بێت و شتێک بگێڕێتەوە (لە هەنگاوی یەکەمدا شێعرە) ئەمە ڕەنگە بکاتە هەر ئەو شتەی کە لە فارسی و عەرەبی دا پێی دەڵێن: ”نظم”. کە بۆ وێنە ”مەم و زین” ـی خانی لەو دەقانەیە. خۆ ئەگەر وا نەکەین دەبێ مەم و زین ـی خانی و گۆڕستانی چراکان ـی شێرکۆ بێکەس سەر بە یەک ژانر بزانین.
ئەم باسەم کرد کە بچمە سەروەختی ناساندنی کتێبێک کە بەم دواییانە گەیشتووەتە دەستم؛
کتێبی ”جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە” ـی ئالان پەریم خوێندەوە. دیتم لەسەر بەرگەکەی ژانری کتێبەکە دیاریی نەکراوە و کاتێک کردمەوە بە یەکەم چاو هەستم کرد پەخشانێکم بەرەوڕوو وەستاوە. بەڵام نووسەر بە پێچەوانەی زۆربەی شاعیرانی گەنجی هاوچەرخ هەوڵی نەداوە بە ”ستوونی نووسین” ئەم دەقانە بە جێگای شێعر بفرۆشێ. دەقی کتێبەکە وێڕای ئەو ئێلێمانە شێعرییانەی کە تێیدا دەدۆزرێتەوە، بە تەواوی ئاسۆیی نووسراوە. کتێبەکە لە کۆمەڵێک بەش پێکهاتووە کە هەر بەشەو بە جۆرێک چیرۆکێکی شێعراویی دەگێڕێتەوە و جیایە لە بەشەکانی دیکە بەڵام هاوکات لە گشتییەتی کتێبەکەدا پێکەوە بەستراونەتەوە. بەڵام ئەو شتەی کە وا دەکات دیارییکردنی ژانری کتێبەکە سەخت بێتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێ بە تەواویی دیاریی بکات کتێبەکە لە کۆمەڵێک چیرۆکی شێعراوی پێکهاتووە یان لە کۆمەڵێک شێعری چیرۆک ئاسا. واتە دەتوانم بڵێم ڕاست لە ناوەڕاستی هەردووک ژانرەکەدایە و هەر بەم هۆکارە من گونجاوترین ناوێکی پێم شک دێت بۆی ”پەخشان” بوو. پەخشانگەلێک کە کەڵکەڵەیەکی فەلسەفیی و بوونناسایانەیان (لە واتا گشتییەکەیدا) هەیە و لە دێڕ بە دێڕی کتێبەکەدا دەبینرێ.
نووسەر لە ڕێگای بەردەنگێکی نێو خەیاڵی خۆیەوە خۆی وەزمان دەهێنێ و لۆ لۆ و توێ توێ پەردە لەسەر بیرکردنەوە و بیروەریی و ئازارەکانی خۆی لادەدا و لە قوڵگەوە دەیانهێنێتەوە سەر. هێندەکجار بە گۆڕینی گۆشەنیگاکانەوە هەوڵ دەدا لە سەرەوە و لە دەرەوەی خۆی، لە خۆی و ئەزموونی ژیان و جیهانبینی و ئازاری خۆی بڕوانێت و هێندەکجار بە زاڵ کردنی فەزا و شوێن و چیرۆک بەسەر دەقەکەیدا خوێنەر ڕادەکێشێتە نێو ئەزموونە ئابستراکتەکانەوە و لەگەڵی بەش دەکات.
ئەم کتێبە تا ڕادەیەک کتێبی ”پەنجاوسێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات” ـی خۆمی بیر هێنامەوە کە هاوکات لەگەڵ ئەم کتێبەی ئالان پەری چاپ کراوە و بە بێ ئەوەی هیچمان ئاگامان لە یەکتری بێت، بە هۆی کۆمەڵێک ئەزموونی تا رادەیەک هاوشێوەوە، دەقی تا ڕادەیەک هاوشێوەمان خولقاندووە.
کتێبەکەم خۆشویست و پێشنیار دەکەم ئەو خوێنەرانەی حەزیان لە خوێندنەوەی دەقی لەم چەشنەیە، بیخوێننەوە. وادەزانم زۆر کەس دەتوانن خۆیان لە نێو دێڕەکانی ئەم کتێبەدا بدۆزنەوە.
”جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە” لە بڵاوکراوەکانی نووسیارە و ئێستاکە لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان لەبەر دەستی خوێنەراندایە.