278576572_164566779337414_4161092286716567706_n

2022/04/24

شیعرەکان کەم بوون، بەڵام پڕبوون لە شیعر

دیار سۆفی
دونیا تاریکی کردبوو. هەوا بۆنی دەریای لێ دەهات ئەوکاتەی من بە کۆڵەپشتەکەمەوە بەشەقامە قەرەباڵغەکانی لیڤەرپوولدا دەگەڕامەوە ماڵەوە. ققیداوکەکان ئاسمانیان ئاوەدان کردبوویەوە. بیرم لە شیعر دەکردەوە و جارجارە بەهۆی تێپەڕبوونی ئامبوڵانسێک خەیاڵم شپرزە دەبوو. کە گەیشتمە ماڵەوە، ئەپی مۆبایڵەکەم پێی وتم دە هەزار هەنگاوت بڕیوە. حەزم لەخوێندنەوەی شیعرەکانی نارین دەکرد، تەنها یەک جار نارین ڕۆستەمم لە نزیکەوە بینیوە. شەوێک لە کۆڕێکی هاوبەشی شیعرخوێندنەوەدا، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە سەنتەری ئاڵا کتێبەکەی خۆمم پێشکەش کرد. ئێستە کتێبەکەی نارین لای منە، بەرەواژ. ناوەکەی بەزاری هەولێریان واتا هەڵەوگێڕ، هەستەکەم ژیانی منیش بە جۆرێک بەرەواژ بووە. شیعرەکان کەم بوون، بەڵام پڕبوون لە شیعر. پڕن لە دەربڕینێک کە ئەندێشەی مرۆڤێک دەگێڕێتەوە. ئینسانێک لەشیعرەکاندا هەیە شەڕ لەگەڵ واقیع دەکات. شیعرەکانم بەدڵ بوون، چونکە مۆرکی نارینن وێنەکان جوانن. شیعر کورتترین دەربڕینی ئەدەبە بۆ باسکردن، ڕەخنەکردن، وێناکردن، کولانەوەی شێتێک. هەستەکەم شیعر زیاتر ئیشی کولانەوەیە، ئیشی خەساندن و بێدەنگکردن نییە. شیعر هاوارە. نارین لەو شیعرە کەمانەدا شتێگەلێکی گەورە دەڵێ، شیعرەکانی قسەی زۆریان پێیە. بەو کتێبە بچکۆلانەیەوە دەتوانی بڵێی نارین شاعیرە. شاعیربوون جۆرێکە لە ژیان. بەرهەمی ئەو ئەزموون و خەیاڵانەیە کە ئەنجامی دەدەیت. هەڵبژاردنی جلوبەرگ بۆخۆی شیعرە. شیعر ئیشی ئەوەیە شتی بچووک گەورە بکات، نارین لە برینی ورد وردەوە، وەک لە ئاسەواری پێوەدانی هەنگێکەوە باسی ژیان دەکات. نایەت باوەش بە ژیانێکی گەورەدا بکات، کە نەتوانێ بیگەیەنێتە جێی خۆی.