چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو)
عومەر کەریم
ــ بەپێی ئەوەی (ژاوەژاو) براوەی خەڵاتی نووسیار بووە بۆ کتێبی یەکەم، ویستی ئەوەشم هەبووە سەرنجێکم لەسەری هەبێ وەکو فۆتۆگرافەرێک، هەروەتر وەکو خوێنەرێکیش، ئەمانە وایان کرد چەند جارێک تەواوی ئەم چیرۆکە بە وردی بخوێنمەوە. خوێندنەوەیەکی هاکەزایی و هاوڕێیانە نا! تەنیا سەرنجم لەسەر بابەتی ڕێنووسی و ناونیشان و هەندێ شت هەبێ. کە وەکو کڵێشە، سەدبارە لە پۆستەکان دەیانبینین…
ــ نووسەر ئازادە لەوەی لەسەر هەر بابەتێک دەنووسێت. بەڵام نابێت بە بێئاگایی بنووسێ! ئەو “بێئاگایی”ـبوونە سەرەنجامی دووشتە:
یەکەم: نووسەر، لەسەر بابەتێک، کەسایەتییەک، دیاردەیەک، شوێنێک، هەرشتێک… بنووسێ، بەڵام نەیپێکێ. یان نەتوانی “ڤەگێڕ”ـێکی باش بێت. دەشکرێ ئەزموونی ئەو، بایی ئەوەندە بێت و هەر ئەوەندە دەرەقەتی بابەتەکە بێت.
دووەم: نووسەر، لەسەر شتێک، یان … بنووسێت، نە پراکتیکی کردبێت، نە مەعریفەشی لەسەر هەبێت.
هیچیان قبووڵکراو نین! لێ نووسەر، کە لە هەندێ بابەتی ناو (ژاوەژاو) وا دەبینرێ، گومانم نییە، سەرەنجامی خاڵی یەکەمە…
٭ لە چیرۆکی “نێرگزفرۆش” کارەکتەرەکە، کە هەر خۆشی ” ڤەگێڕ”ـی چیرۆکەکەیە؛ فۆتۆگرافەرە. بەڵام کە بەوردی چیرۆکەکە دەخوێنیەوە هەست بەوە دەکەی کە کارەکتەرەکە، هەر خودی نووسەرە! فۆتۆگرافەر نییە! فۆتۆگرافەرێکی خوێنەر، زۆرباش لەوە دەگات کە؛ جوڵە و مامەڵە و قسەی فۆتۆگرافەر ئاوا نییە!
بۆ نموونە: لە شوێنێکدا، نووسەر، لەسەر زاری کارەکتەرە فۆتۆگرافەرەکە دەڵێ: کامێراکەم لەسەر کوشنەکە دانابوو. نووسەر، دەبێ ئەوە بزانێ کە فۆتۆگرافەر بچێتە گەشت، کامێرای یان لەناو جانتای تایبەتە، کە پارێزراوە لە تەڕبوون و بەرکەوتن. یانیش کامێراکەی بە پەتەکەوە لە ملی کوشنەکە دەئاڵێنێ. مەحاڵە بەو شێوەیە داینێ کە نووسەر باسی دەکات. چونکە لەگەڵ هەر ئیستۆپکردنێکی لەناکاو کامێراکە شوێنی ساغی نامێنێ…
پاشان نووسەر باسی ئەوە دەکات کە فۆتۆگرافەرەکە بەیەک دەستداگرتن لەسەر کامێراکە بە شێوازی (کەنتنیوز هایت) بەجارێک ١٢
وێنە دەگرێت. پاشی چل ڕۆژ، سەیریان دەکاتەوە، ئەو منداڵەی وێنەی گرتووە؛ لە هەر وێنەیەک جوڵەیەکی سەیری هەیە!
لە دانەیەک پەنجەی نوشاتندووتەوە، لە یەکێک واڵایە. لە یەکێکی تر دەستی چەپی بۆ ڕاست درێژ کردبوو. هەر وێنە و جۆرێک جووڵە…
ئەو ئەنجامە: مەحاڵە جێی باوەڕ بێت لەناو فەزای فۆتۆگرافی. چونکە: نووسەر کە دەڵێ: بە(کەنتنیوز هایت) وێنەکان گیراوە، واتا کە دەستت لەسەر دوگمەی وێنەگرتن دادەنێی، دەستت هەڵناگری.
ئەم شێوازی وێنەگرتنە پێی دەگوترێ وێنەی “سەلیە” واتا چۆن وێنەی تاکمان هەیە، ئاواش وێنەی “سەلیە”ـمان هەیە. ڕێک وەکو فیشەک تەقاندنە… بەڵام دەبێ ئەوە بزانین: دیاردەی بە “سەلیە”ـگرتنی وێنە لە کامێرادا هەمووی لە”یەک” چرکە دا ڕوودەدات. بەڵێ لەیەک “چرکە!” ئەوە تایبەتمەندی کامێرایە. کامێرا هەیە لەچرکەیەک دا پێنچ وێنە دەگرێ. هەیە حەوت، دوازدە، پازدە، بیست… بەڵام هەمووی لە یەک چرکەدا…
لێرە دەمەوێ ئەوە بڵێم: ئەو هەموو جوڵەی ئەو منداڵە کردووێتی لەناو فۆتۆکان، کە جوڵەی سەیر و جیاوازن، هی دەقەیەک و دووانیش نین نەک چرکەیەک!
٭ کارەکتەر، لە چیرۆکەکانی (ژاوەژاو) هەرجارە و شتێکن. بەڵام بەو مانایە نییە کە نووسەر، توانیبێتی لە هەمووان باش ئەدای کردبێ!
کە چیرۆکی (سەرخۆش) و (بێناونیشان) دەخوێنیەوە: هەست بەوە دەکەی لە ڕاستیدا نووسەر، بەرکەوتنی لەگەڵ خواردنەوە نییە. مەعریفەیەکی ئەستووریشی لەسەر مێز و مەشروبخۆرەکان نییە!
چیرۆکی(سەرخۆش) دوو بەشە. بەشی یەکەم: نزیکەی ٢٥٠ وشەیە. لەو بەشەدا، نووسەر تەنیا پێت دەڵێت، کارەکتەرەکە مەشروب خۆرە!
کارەکتەری چیرۆکی (بێناونیشان)ـیش هەمان شت.
نووسەر، لە باسکردنی هەردوو کارەکتەر لاوازە. تەنیا “بیرە” دەبینرێ لە چیرۆکەکان! ویسکی، شیفاز، شەراب، تەکیلا… ئەوانە خواردنەوەی مۆدێرنن. دەکرێ سوودی لێ وەرگرتبان. لە کاتێکدا هەردوو چیرۆکە مۆدێرنن. هەر هیچ نەبێ ئەو ناوانە ئەدەبیترن لە بیرە.
ــ نووسەر، لە هەندێ چیرۆکی، ئەوەندە لە خەمی “خیتام”ـەکەیتی، ئەوەندە لەخەمی زمانی گێڕانەوەکەی نییە! ئەوەش وای کردووە لە هەندێ شوێن تەواو گێڕانەوەیەکی بروسکەیی هەبێت. هەربۆیە کەمترین دەنگی نوێ دەبیستی لە چیرۆکەکە.
ئەو خەمەی نووسەر، وای کردبوو کۆتایی چیرۆکەکان بۆ خوێنەر چاوەڕوانکراو بێت، کەشف بێت هەر زوو. ئەو چاوەڕوانکراوەییەش وای کردبوو کۆتاییەکەی ئەگەر بەهێزیش بێت، کاریگەری تەنک بێت…
ــ نووسەر، لە چیرۆکی (مزۆی فالووس) کە چیرۆکێکی زۆر “مەحەلی”ـیە. بەڵام بەهۆی زمانی گێڕانەوەکەی، کە زمانێکی زۆر مۆدێرنە. زۆریش سۆفت و جوانە، خوێنەر عاشق بەو چیرۆکە بکات. مەحاڵە بتوانی لەجارێک زیاتر ئەو چیرۆکە نەخوێنیەوە…
ــ چیرۆکی (هەواری کرمەکان) شایەتحاڵی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی نووسەرە لەسەر گێڕانەوە و وێناکردن و خولقاندنی فەزای سوریالی.
وەک خوێنەرێکی ئەم کتێبە، حەق بەخۆم دەدەم بڵێم باشترین چیرۆکی ناو “ژاوەژاو”ـە لە ڕووی تەکنیکی و “imagination”ەوە.
وێنەی جووڵەداری سووریالی زۆر تێدان کە لە زهن و خەیاڵی خوێنەر ئەستەمە دەرچن.
خوێنەر، لەبەشێکی چیرۆکەکە دەبێتە کارەکتەر و تێکەڵ بە ڕووداوەکان دەبێت. یانی تەنیا خوێنەر نامێنێ! گۆڕینە ئەو دۆخە لەناو چیرۆک کارێکی سەرنجڕاکێش بوو. کە بەری کەوتم…