شقارتە، سووتاندنی نووسینی دووبارەیە
گەشبیر ئەحمەد
ئەم کۆمەڵە شیعرەی لەم کتێبەدا بڵاوبۆتەوە زۆر تایبەت و جوان بوون چ لەڕووی فۆڕمەوە و چ لە ڕووی زمانەوە… نەوڕەس لە ڕێگەی ئەو زمانە تایبەتەوە فۆڕمی بە خەمی ژنان بەخشیووە و ھەڵیکێشاون لە شعرییەت، هێندە ژنانەیە لە هەندێک جێگەدا گوێت لە قیژە دەبێت و لە هەندێک شوێندا بۆنی دڵشکان دەکەیت، ئیدی زمانی نەوڕەس وەکو مەحشەری وشەیە لە دۆخێکی ھەناسەبڕدا. لێرەدا شاعیر بەتەواوەتی بۆتە وتەبێژی ژنان بەزمانێکی ئەدەبی باڵا… غەدرێکی گەورەیە کە ژن بیت و بەردەوام ئەم شیعرانە نەخوێنیتەوە، لەم شیعرانەوە ئاشنا دەبیت بەدەیان پرسی خەفەکراو. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بەر دەیان وێنە ئیستاتیکی و تابلۆ تێکشکاو دەکەویت. چەند نموونەیەکی بچووک هەڵدەبژێم لە خوارەوە دایدەنێم.
پێم گووت وەکو من کچیت، بەڵام گەورەیی لە دڵتا بچووکە،
ئەگەر بۆتۆکس و سلیکۆنیش بخۆیت. ل ١٠
بێ ئەوەی گریانم ببینێ، دڵم لەگەڵ قاپەکاندا شووشت
دایکم دەزانێت چۆن برین ساڕێژ دەبێت.
ناکرێ بیرم نەکەوێتەوە گووتی:
لە ژوورێکدا لە دایک بوویت، بۆنی خوێنی سارد و برسییەتی لێدەهات.
ژیان لە چاومدا مەرگ بوو، کاتێک لە شاراندا ئاسوودەیی ون ببووم. ل ١٨
کتێب قەرەباڵغی لێ بردم، ئەو نهێنییە بڵاودەکەمەوە
قاوەیەک خواردمییەوە، ئەو ڕستەیە لێرەدا دەنێژم. ل ٣٢