271743877_973488289916922_8802723158976554922_n

2022/01/12

“کچێک وێنە بە شیعر دەکێشێت”

 حەمە ھاشم
لە میانەی بڵاوکردنەوەی نوێترین کۆمەڵە شیعری «بەرەواژ» لە نووسینی نارین ڕۆستەم
ھەولێر کچێکی ھەیە ناوی «نارین رۆستەم» ە ، ئەو شاعیرێکی جواننووسی بەسەلیقەیە،شیعر دەنووسێ وەک ئەوەی دارستانێکی ھەبێ بۆ جوانی و پڕ بێت لە ڕەنگی جیاواز ، ھێندە ئازادە لە شیعر نووسیندا تا ئەو ڕادەیەی شیعری کردوە بە کۆیلەی خەیاڵە ئازادەکانی خۆی، نارین وەک وێنەکێشێکی دەربڕین خواز ھەندێ جاریش وەک سوریالیەکی خەون باڵا ڕستەی ئیستاتیکی ھەڵ دەدات ، چێژ وەرگرتن لەو ڕستە و خەیاڵە وردانەی نارین شاعیرییەتی زۆرێک لەوانی پێش خۆیمان بۆ دەخاتە گومانەوە، خولیای نارین بۆ شیعر ھۆنینەوە ھەر تەنھا باسکردن نیە لە ھەستێکی ڕووکەشی فێنک ، بەڵکو ئەو دەیەوێ بیروڕا و ئایدیا تایبەتیەکانی خۆیمان بۆ دەربڕێت و لە میانی شیعر دا بیخاتە بەردیدە ، وێناندن لە وەرگرتنی ڕستە شیعرییەکانی نارین رەگەزێکی بەھێزە بۆ چێژوەرگرتن ، سەلیقەی وڕێنەکانی بۆ ئەوەی تەسەوڕێکمان بداتێ رێک لە ھونەرمەندێکی نیگارکێش نزیکی دەکاتەوە و توانای پێ دەبەخشێ بۆ جوانتر کردنی تابلۆکەی. زۆر جوان توانیویەتی دوونیای دەرەوە و سەختیەکانی ژیان بگەیەنێتەوە ناوماڵەکەی خۆیان ، دۆزینەوەی ئەم پەیوەندیەش جگەلەوەی ھێزێکی فکری گەورەی لەپشتە بەئاگا ھێنانەوەشە لەو روانینە راستگۆییانەی کە لەژیانیدا گوزەر دەکات .
من پێم وایە نارین قۆناغێکی تازەیە لە شیعری کوردی.