چەند سەرنجێک لەبارەی مەرگی نادیار
گەشبیر ئەحمەد
بۆ ڕەوا زەیدان…
سڵاو ڕەوا گیان، بەهیوام باش و تەندروست بیت. ئەمڕۆ دەرفەتم هەبوو لە ماڵەوەبم و کتێبە تاقانەکەت بخوێنمەوە، ئێستا لە شارۆچکەیەکی بچووک لە باکووری خۆرهەڵاتی شانشینی یەکگرتوو دەژیم، کەشوهەوای ئێرە ساردە و ئەمڕۆ ڕەشەبایەکی زۆر بەهێزی هەبوو کە لە پەنجەرەکەوە تەماشای دیمەنی ئەو درەختانەم دەکرد چۆن سەمایان دەکرد بەدەم (با)وە، دەیخستمە نێو ئەندێشەیەکی قووڵەوە و لەگەڵ خۆیدا دەبردمەوە بۆ سلێمانی و ئاوێتەی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی (مەرگی نادیار)ی دەکردم هەر وەک ئەو ڕەشەبا بێ ناونیشانەی کە گەنجەکانی شاری بێ سەروشوێن دەکرد و فڕێی دەدانە سەردەمێکەوە کە ئەوان تێیدا نەژیابوون. پاشان سزای تاوانێکی پێدەدان کە ئەوان هەرگیز ئەنجامیان نەدابوو.
وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشیم بۆت هاوکات هەندێک تێبینیم لا دروست بوو… یەکێک لە تەکنیکەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ ئەوەیە کە دەبێت زانیاری نوێ بداتە خوێنەر، لەم ڕۆمانەدا ناوی هەندێک کتێب و نووسەری جیهانی هاوڕمۆنیای نێو دەقە بوون، کە بە خاڵیکی باشی دەزانم، لەو ڕووەوە خوێنەرێک کە ئاشنای ئەو نووسەر و کتێبانە دەبێت و پاشان سۆراغیان دەکات. هەروەها ڕووداوی کوشتنی جەمال عیرفان، شاکر فەتاح، عەبدولخالق مەعروف و بەکر عەلی، ئاوێزانیکردنیان بە دەقەکە و بەخشینی فۆڕمێکی ئەدەبی بەو ڕووداوە مێژوویانە و جارێکی دیکە هەڵدانەوە ئەو باسانە هەم جێگەی دەستخۆشییە و هەم کارێکی باشە، چونکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و نەوێکی دیکە ئاشنایی دەبێت. لەگەڵ چۆنێتی بێکەد بوون و مردنەکەی نەجمەدینی مەلا لە حوجرەکەی خۆیدا کە بۆ هەمیشەیي جێگەی پرسیارە.
دەمەوێت بەڕاشکاوی پێت بڵێم ئەم ڕۆمانە کە بە چەندین فلتەردا تێپەڕیووە هاوکات بێ کەم کورتی نییە، کێشەی دیاری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە هەندێک ڕستە و ناو هەن زۆر زۆر دووبارە دەبنەوە لەکاتێکدا پێویست نین، ئەمانە جۆرێک لە مەلەلیان درووستکردووە، بۆ نموونە ڤان کۆخ و تابلۆکانی، سیمۆن دی بیڤوار،حەمامەکەی حاجی عەبدوڵای ئاغالە، گەڕەکی سابوونکەران و حەمامی موفتی هیتر…
لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا نازانم بۆ کەوتوویتەتە پەلەپەلەوە هەر وەکو ئەوەی لە کۆڵی خۆتی کەیتەوە هەڵتپروکاندووە، ئەکرا باشتر کۆتاییت پێ بهێنایە و درێژەی هەبوای و پەلەت نەکردایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش قوفڵی ڕۆمانەکەم بەلاوە جوان بوو.