چەند سەرنجێک لەبارەی ”لا یۆرۆنا”
گەشبیر ئەحمەد
بۆ کامۆ ئاراز لە هەرکوێیەک هەیت…
سڵاو ئەزیزم، بەهیوام بەردەوام باش و تەندروست بیت بەتایبەتی کاتێک ئەم نامەیە دەخوێنیتەوە، لە ڕاستییدا باری تەندروستی من جێگیر نییە و ڕۆژەکانم کەمێک بەسەختی تێدەپەڕێنم،بەڵام ڕاهاتووم لەسەر ئەم دۆخە. ئێستا لەنزیک کوانووی پۆپێکی کۆنی سکۆتلەندی دانیشتووم،کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئینگلتەرا و سکۆتلەندا لە باکووری خۆرهەڵاتی شانشینی یەکگرتوو. کەشوهەوای ئێرە زۆر ساردە و پلەی گەرما زۆربەی کات لەژێر سفرەوەیە. کەمێک لەمەوبەر لایۆڕۆنا و چیرۆکەکانی دیکەی نێو کتێبەکەتم خوێندەوە، وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی هاوکات هەندێک تێبینیم لادروست بوو.
چیرۆکی لایۆڕۆنا زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەگەرچی پۆلیسی و سامناکە، بەڵام جوان و نوێگەر بوو، زۆر بەباشی داتڕشتووە و ناوەڕۆکیش هەڵگری پرسێکی گرنگ بوو. لەگەڵ ئەوەی کە بە گشتی زمانی چیرۆکەکان مامناوندن، بەڵام زۆر وشەی بیانی بەکارهاتووە کە پێویست نەبوون و هاوکات جێگرەوەیمان هەیە لە زمانی کوردیدا دەکرا ئەو لایەنە فەرامۆش نەکەیت بۆ نموونە (ئیستیفزازیانە، مۆنیتەر، فۆڕینزیکن، سۆفا، ڕیسک و تێۆر و هیتر…. ) زۆر زۆری دیکەش… لە چیرۆکی لایۆرۆنادا گفتوگۆی نێوان سۆرانی لێکۆڵەر و کاتاشی چێژی بە تیکستەکە بەخشیووە و لەهەندێ جێگەدا وا لە خوێنەر دەکات کە دڵی بە خێرایی لێبدات و پەلە بکات بۆئەوەی زوو چیرۆکەکە تەواو بکات هەتا ئەنجامی ڕووداوەکە بزانێت، ئەوە خاڵێکی زۆر جوان و ئەرێنی و چێژبەخش بوو. لەکۆتایی چیرۆکەکەدا ناوی (دابان عەتار)م بینی ئاسودەی کردم، چونکە ئەو هاوڕێمە و چیرۆکنووسێکی زۆر ئازیزە، لەڕێگەی ئەم نامەیەوە هەواڵی ئەویش دەپرسم.
چیرۆکی چەلۆژەن، لەگەڵ ئەوەی کە چیرۆکێکی ئارامشە، بەڵام کەمێک ئاڵۆز و ناڕوون بوو، دەستپێک جوانە بەڵام ناوەند و کۆتایی پەرت پەرتە و وێنەکە یەکناگرێتەوە.
چیرۆکی بێسیما، زۆر نایاب بوو، چێژم لە گەمەی زمانەوانی و وشەسازی وەرگرت لە بێسیمادا، بەگشتی فۆڕمت بەخشیووە بە ناسنامە و تاکی خۆرهەڵاتی بەتایبەتیش تاکی کوردی. بێسیما چیرۆکێکی پڕ واتا و پڕ مانا بوو.
چیرۆکی کوالیا، زۆر ئاڵۆز و تاقەت پڕوکێنە، لەڕاستییدا وادەزانیت چیرۆکێکی بیانییە و وەرگێڕێکی خراپ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
چیرۆکی لەچاوەڕوانیی شەمەندەفەردا، چیرۆکێکی زیادە و ناپێویست بوو، هیچی نوێی پێ نەوتم، هەستەکەم هەر پێویست نەبوو ئەو چیرۆکە بڵاوکەیتەوە، هەر لەلاپتۆپەکەت هەڵتگردایە.
لەکۆتاییدا ئەمە یەکەمین ئەزموونتە کە بڵاویدەکەیتەوە بە شێوەی کتێب، بۆ ئەم ئاستە زۆر باش و سەرکەتووە و بەردەوامبە، چاوەڕێی بەرهەمی باشتر و جوانترت لێ دەکەم، بەهیوام لەسەر پەیژەکە نەکەویتە خوارەو و هەمیشە بۆ پلیکانەکانی سەرووتر هەنگاو بنێیت.
منیش ئیدی خۆم کۆئەکەمەوە و ئەڕۆمە نێو ئۆتۆمبێلەکەم و بەدەم گوێگرتن لە گۆرانی لایۆرۆنا دەگڕێمەوە بۆ ماڵەوە.