بە شیعر پێمان دەڵێت بۆ کۆچ دەکات
ڕەوا زەیدان
لە شوێنێک دەژیم، هی من نییە
رۆژەکانم تێدا دەمرن و
ئازار لە دایک دەبێت.
کاتێک لە شارێکدا، لە کۆڵانێکدا، لە ماڵێکدا، دەژیت وهەست بە غەریبی دەکەیت. هەست دەکەیت خەڵک دەیانەوێت ژیانت بشێوێنن، دەست بخەنە ژیانتەوە، دەیانەوێت خۆشیت لێ تێک بدەن، لە شارێکدا کە کارکردن هیچی لێ سەوز نابێت، ماندووبوون خەمی هیچ رۆژێک نارەوێنێت. ( ئێمە هەرچییەک بین، لە هەر پلە و مەقامێکدا بین، چارەنوسمان وەک ئەو گەڵایەیە، کە با دەیبات، یان ئەوەرێت، یان دەکەوێتە ژێر پێی رێبوارانەوە. )(١)
زمانم دەکێشمەوە، نوێترین کتێبی شیعری دیار سۆفییە، ئەو کورە گەرمیانیەی، پێش کۆچی بۆ تاراوگە، بە شیعر پێمان دەڵێت بۆ کۆچ دەکات. دیار لەم کتێبەیدا، ورد ورد لەگەڵ وشەکان دەروات. خۆی لە بازنەی پارادۆکسی وێنەیی دەبینێتەوە، هێزی ئەم کتێبە زیاتر لە پارادۆکسەکەیدا دەبینم، پارادۆکسێکی پوچگەرایی. زمان و فۆرم لە خەزمەتی پارادۆکسەکەدا بەکارهاتوون. دیار لەم کتێبەدا، وەک سیزیف پاڵ بە بەردەکەوە دەنێت تا لەگەڵ ژیاندا بروات، کار دەکات، ماندوو دەبێت، دەخوێنێتەوە، دەنوسێت، خۆشەویستی دەکات، کاتێکیش ژیان هیچ پێ نابخشێت، بەردەکە بەردەداتەوە و کۆچ دەکات و دەروات. کاتێک دەست بە خوێندنەوەی دەکەیت، هێواش هێواش لەگەڵ خۆیدا دەتبات، وێنەی خۆیت پیشان دەدات، وێنەی خۆتت پیشان دەدات. زمانم دەکێشمەوە، لەو کتێبە شیعریانەیە کە پێویستە بخوێندرێتەوە. دیار لەو شاعیرانەیە کەپێویستە بخوێندرێتەوە.
(۱) محمد عومەر عوسمان