252694514_1962546377279527_784949923457374547_n

2021/11/08

سەرنجێک لەبارەی کارەکتەر و کارەکتەرسازی

بەڵێن سابیر

ڕۆمانی “مەرگی نادیار” بە نموونە
باشترین بیانوو بۆ لێدان لە لۆجیک؛ ڕەنگە ئەدەب بێت. ئەدەبیش چونکە هیچ فۆڕمێکی جێگیری نییە، هەمیشە دەبێ خوێنەر، خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. من جاران بەم خۆگونجاندنە، توڕە دەبووم. ئێستا، باوەڕم وایە چیتر ناکرێ دەقێک بە سەلیقەی چیرۆکنووسییەوە، بخوێندرێتەوە؛ دەبێ وەک چیرۆک خۆی تەماشا بکرێت، چونکە لە ئاستی یەکەم – ئەمە ئەگەر دوو ئاست بێت- نووسەرێک خۆی کە چیرۆک دەنووسێ، چیرۆکێک بخوێنێتەوە، بەو پێکارانە دەخوێنێتەوە و هەڵسەنگاندن دەکات، کە خۆی پێی دەنووسێ. بە جۆرێکی دیکە: چیرۆکنووسێک کە زۆر گرنگی بە زمانی گێڕانەوە، یان دیالۆگ دەدات، کاتێک کۆمەڵە چیرۆکێک دەخوێنێتەوە، زمانی گێڕانەوەکەی پێخۆش نییە، یان سەلیقەی ئەو نییە، چەپ و ڕاست هێڵ بەسەر ڕەگەزەکانی دیکەی وەک: کارەکتەر، شوێن، تەکنیک، دەهێنێ…
من بەگشتی و کڵێشەیی، نامەوێ لە سەر ڕۆمانەکە هیچ بڵێم، شتێک ئەگەر بڵێم، تەنیا لە لایەنێکەوەیە، ئەوەیشیان “کارەکتەر”
زوو، ئەو هۆکارەی وای کردبوو، خوێنەر بۆ دەستکەوتنی سەرەداوی ڕووداوێک، کردنەوەی گرێیەک، پەڕ دوای پەڕ، بچێ، ڕوودانی شتێک بوو: گەیشتن، یان نەگەیشتن. مردن، یان نەمردن، ئێستا دەکرێ هەموو ئەمانە و هیچیشیان، لە ڕستەیەک بێت، ئەویش نووسەر لە ڕێگەی دایەلۆگی کارەکتەرێک، لەگەڵ کارەکتەرێکی دیکە لە گۆشەیەکی پەنهان و جەڤەنگ نووسیبێتی، یان هەر نەینووسیبێ! ئەم شێوەیە پێش ئەوەی تەکنیک بێت و نووسەرێک پێڕەوی بکات، شێوەی ژیانە، کە دەزانین چیتر گرتن و ڕفاندنی کەسێک، مایەیەی شۆک نییە. ڕووداوەکان ئیتر فۆڕمێکی جیاواز یان پێچەوانەیان وەرگرتووە. وشەکانی: جەنگ، حکومەت و مێژوو و پێکەوەژیان و ئەوین، لەنێو ئەدەبدا پرسگەلی توڕهاتن. بۆیە ئەم دۆخە کاتێک دەگوازرێتەوە نێو ئەدەب، دەبینین دەق، بووە بە فۆڕمێک لە نووسینێکی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسیانە، بووە بە سەفەرننامە.
کاتێک لەواقعدا ماڵێک نییە کەسێکی لە هەندەران نەبێ، چیرۆکی گەیشتن بە هەندەران کوێی سەرنجڕاکێشە؟ ئەو سەختیانەی ڕێگا، کە چیرۆکنووسێک لە چیرۆکێکدا دەیەوێت نیشانی بدات، ئێستا یووتوبەرێک تۆماری دەکات. کاتێک مرۆڤەکان خۆیان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە شۆک نابن، دەڵێن ماجەرا و ڕووداوەکان هەر چییەک بن، ناخرۆشێین. نووسەرێک، بێت لەبارەی جەربەزەیی و یاخیگەرییەکانی کارەکتەرێکەوە بنووسێ، کۆمیدیانە دەکەوێتەوە.
خوێنەر، زوو، پێیخۆشبوو لە نێو ڕۆمانێک کارەکتەری زۆر و زەبەند هەبن. دەیویست بزانێ کام کارەکتەر بە زەینی ئەو بیردەکاتەوە. کامیان بە دەنگی ئەو قسە دەکات. لە کارەکتەرەکانەوە دەیویست وشەی سێکس و هونەری سێکس و بچمی قەحبەکان بناسێ. نووسەر بووبوو بە خوداوەندێکی مەعلومەیی و سەدەقە بەخش. هەمیشە هەمووی دەگوت، هەندێکجار، شتێکی بە چەند جۆر دەگوت. بەڵام ئەمە ئیدی بڕایەوە، شەپۆلی هاندە زیرەکەکان، کۆمەڵێک ئەرکی لە کۆڵ کۆمەڵێکیان کردەوە و تەنگی بە هەندێکیشیان هەڵچنی!
ڕۆماننووس هەیە، چەمکەکانی شۆڕش و ئایدۆلۆژیایی لێ وەربگریتەوە، سەرگەردان دەبێ! هەیە موزیک، هەیشە عەشق!
لەگەڵ چاکەتێکی مۆدێرن، کە چەندین سایزی هەیە، هاندێکی مۆبایل، کە چەند کێبڵ شەحن و کەڤەری هەیە، دەقێکی مۆدێرنیش لق و پۆپ و زەخرەفاتی هەیە. لەم دەقانە، نووسین کە تەواو فۆڕمێکی هونەری وەرگرتووە، ڕەگەزەکان هەموویان جارێک و دوو، و بەردەوام نۆژەن کراونەتەوە و دەکرێنەوە.
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی “مەرگی نادیار” ڕاستین. زۆر ڕاست. بەڕاستی ئازار دەدرێن. بە ڕاستی خەیاڵ دەکەن. خەم دەخۆن و شوێنبزر دەبن. حاڵەتەکانی وەک: پەشۆکاویی و توڕەبوونیان، ئەوانیش ڕاستین، لە کاتێکدا ئەدەب بریتی نییە لە ڕێگەی زانینی ڕاستی، بەڵکو جۆرێکە لە خەوبینین. کارەکتەرەکان، تەنانەت ئاسایی خەونیش دەبینن.
چیرۆکی هەر یەکێکیان، چیرۆکێکی مەزەندەکراوە. کە دەبوایە، لایەنی کەم چیرۆکی نووسینەوەی چیرۆکیان، سەرنجڕاکێش بوایە. ئەو وێنانەی ڤەگێڕ لە بارەی وەسفی کارەکتەرەکان نووسیونی “سمێڵێکی کورت و تەنکی هەیە” “لاوێکی کەڵەگەت و ڕووخۆش، “پیاوێکی کەڵەگەتی سمێڵبابڕ” “لاوێکی بەهەیکەل و شیکپۆش بوو” زۆر نوسراو و سواون. ئەوەی دووەمیان “شیکپۆش” بۆ زۆرترینی کارەکتەرەکان بەکار هاتووە. ئەی “کەڵەگەت” بۆچی هەموویان کەڵەگەتن؟
زمان و دایەلۆگی کارەکتەرەکان و ئەو وشانەی بەکار هێنراون، ئاگایانە نییە. وشەکان هەندێکیان هی ئەو سەردەمە نین، کە چیرۆکەکە تێیدا ڕوویداوە، هی ئەو سەردەمەن کە چیرۆکەکە تێیدا گێڕدراوەتەوە. وشەکانی: وەرەم و کابووس و مۆتەکە، ڕەشبینی و بێهیوایی، دەبوو نیشان بدرابان، نەک نووسرابان. وشە هێزی هەیە، هەر یەک لەم وشانە، دەکرا نەبن و دیمەنەکەش بگەیشتبایە خوێنەر. هەڵبژاردنی وشەی گونجا بۆ فۆڕم و چوارچێوەی کارەکتەر پێویستی بە وردەکاری زۆر هەیە، ئاسان ڕیتمی ئەدەبی و دیالۆگ و گێڕانەوە ناپارێزرێت، لەم وردەکارییانەوە نووسین کارێکی زەحمەت و ئاڵۆزە، تۆ تەماشای وشەکانی هەڵبژاردن و حکوومەتی عێڕاق، دروشم و نیشتیمان و چەندی دیکە، چەند ئەدەبی نین، هەر یەکێکیان ئیمکانی هەبوو نەفی ببن، ماناش بدەن. ساڵ و شوێنی ڕووداوەکان، دەکرا بەروار و هێڵی دەستکردی زەینی بان.
لە ڕاناوەکان بازبازێن هەیە، بەڵام پەڕەگرافی کۆتایی ڕۆمانەکەم بە دڵ بوو. تایبەتتر، ئەو ڕاناوەی پێی گێڕاوتەتەوە: جێناوی لکاو بۆ کەسی دووەمی تاک “بەرانبەرم دانیشتوویت.” “چاوەکانت پڕن لە هەرچی پێم خۆشە” ئەو ڕاناوە وردەکاری و ئاگایی دەوێت و ئاسان نییە. ئەمجارە چیرۆکێک بەم ڕاناوە بنووسە. “ڕێنوار و ڕێبەندان”یش، دوو ناوی شیرینی کوردین، من ئەوان و ئەوانی دیکەیشم، نە خۆشویستن، نە ڕقم لێ بووەنەوە.