241211069_897525757513176_8150386195352856559_n

2021/09/03

گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا

هەردی حوسێن

بەشی دووەم

شاعر وێنەی ئەو کاروانانەمان نیشان دەدات کە کەوتوونە ڕێ، بە ترس و لەرز، چونکە نازانن بۆ کوێ دەچن و بۆ کوێ بکەونە ڕێ و شوێنپێی کێ بکەون وەکوو ئەم نموونەیەی خوارەوە کە بە شیعر بۆمان بەیان دەکات؛

«نە شوێن من بکەوە نە کەسیش!

دە خۆتدا تەماشای توولەڕێیەکان بکە و

بزانە چۆن ھاتۆتە دەرێ![1]»

دیارە شوێنکەوتەی کەسانی دیکە، دەتگەیەنێت بەو شوێنەی کە ئەوکەسەی لەگەڵی دەڕۆی نەک ئەو شوێنەی خۆت دەتەوێت. کەواتە دەبێت شوێن تولە ڕێکانی خۆمان بکەوین بۆ ئەوەی بگەینە مەنزڵ. دوای ئەوەی ئێمە توانیمان ئەو (خود)ە بدۆزینەوە کە لەنێو خۆماندایە و شوێن توولەڕێکانی کەوتین بۆ گەیشتن بە نەمری. ئەمەش تەنھا بە قووڵبوونەوە دەزانین کە ئەو درزەی ڕۆحمان لە کوێدایە و کەوتۆتە کوێوە.

ئێمە دەکرێت بڵێین، نەمرەڕێ تەواو گەشتێکی ڕۆحییە. گەشتێک کە تاک بە تاکی ئەو سەردەمە پێویستییەتی، بەڵام ئەو فەزا گشتییەی کە خوڵقاوە و ئێمەش کەوتووینە نێوییەوە کە دنیای سەرمایەدارییە. لە دنیایی سەرمایەداریشدا، پێوانەی ھەموو شتەکان دەبن بە پارە. واتە ھەر شتێک دەستکەوتێکی ماددی نەبێت و مرۆ ئەو شتەی کە دەیکات دەستکەوتێکی ماددی دەستنەکەوێت، پێی وایە بێ بەرھەمە. وەدووکەوتنی پارەش ھیچ چێژێکی نییە، تەنھا ماندووبوون نەبێت. کەواتە مرۆ ئەوەی لە یادی نییە خود و خودایە کە یەک «ا»ـە جیاوازیی ئەو دووانەیە!

لەو تێڕوانییەنەوە کە لە شیعرەکانیشدا شاعیر زۆر وریایانە چەندین جار یاری ئاوا لەگەڵ خوێنەر دەکات. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«بزانن لەو ڕێیەدا گومان چی لێ بەسەر دێ،

دەتڕەوێنێتەوە یان خۆی کپ دەبێ!

خود و خودا لە ئەلفی درێژدا ڕوونتر دەبێ،

داخۆ ئاگایی لە کوێوە دێت و بەرەو کوێ دەچێ![2]»

خود لێرەدا لەگەڵ خودا درزێک لە نێوانیاندا ھەیە. ئەو درزە شاعیرانە خراوەتە نێو دنیای شیعر و عیرفانەوە. شاعیر ھەوڵدەدات پێمان بڵێت ناکرێت نەزانی کاتێک درزێک بکەوێتە ڕۆحتەوە، چونکە دەکرێت لە ڕێی ئەو درزەی کە کەوتۆتە ڕۆحمانەوە چی ڕووناکی و جوانی ئێمە ھەیە لەوێوە بڕوات و ئێمە نەتوانین ھەست بە گەرمی ڕۆحمان بکەین و سەرەنجام ساردوسڕی نێوان مرۆڤەکان بگاتە ئاستێک کە یەکجاری وەک بە بەردبوویەکمان لێبێت. لێرەدا بۆ پاڵپشتیکردنی قسەکانمان و نموونەیەکی شعری شاعیر دەخەینە بەرچاوتان کە دەڵێت:

«خۆت دەزانیت، بزانە خۆت درزت خستۆتە جەستەوە؟

ئاخۆ سارد و تەزیویت؟

کلووەبەفر کەوتۆتە نێو دڵتەوە؟[3]»

لەو چامەشیعرەی سەرەوە، ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبینەوە کە وامان لێدەکات بۆ چەند ساتێکیش بێت لەگەڵ  خۆمان بکەوینە گفوگۆوە و ئەو فەزایەی کە تیایداین کە پێش چاومانی تەڵخ و لێڵ کردووە و ناتوانین دووربین بین و ھەرچی نەیەتە بەردەممان و بە بەردەمماندا ڕەت نەبێت، ئێمە نەتوانین پێشبینییەکی باشی بۆ بکەین. چونکە ئێمە فێرە گەشت نەبووین و گەشتمان نەکردووە! ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە پرسیار ئاڕاستەی جیھان دەکات کە ئایین وەکوو ھەرشتێکی دیکە کە قانجی ھەبێت بەکاری دەھێنن و بیر لە قازانج دەکەنەوە نەک مرۆڤبوون، ھەروەکوو لە دێڕی دەیەمی کۆپلەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە.

وا خەریکین شۆڕدەبینەوە بۆ ئەو ڕێیەی کە لە خۆماندا بزرمان کردووە. ڕێیەک کە تا ئێستاش نەمان توانیوە پیاسەیەکی ئێوارانی تێدا بکەین. یاخود وەک ڕێبوارێک لە قەراغ ئەو ڕێیەدا پشوویەک بدەین و شەوان بەدیار سەیرکرنی ئاسمانەوە زیاتر لە خۆماندا ڕۆ بچین و بزانین کە بۆ کوێ دەچین و بۆچی دەچین! ئاخر کە تۆ گەشتێکی دوور و درێژت لە پێش بێ، شەو و ڕۆژی تێدەکەوێ، دەبێت بیر بکەینەوە و بە وریاییەوە بکەوینە ڕێ.

«ئێمە لە کۆڵانەکانی تاریکیی خۆمانمان نەڕوانیوە

نازانین بەرەو کوێ چووین و چۆن ڕۆ نیشتووین.[4]»

دوای ئەوەی کە لەگەڵ خۆمان کەوتینە ڕێ و چاومان بە تاریکی ناخمان کەوت و کونج کەلەبەری ڕێیەکەمان بینی و زانیمان بەشێکین لە تاریکی و لە پەیڤی ناشیرن کە تازە بۆمان ڕوون بۆتەوە شاعیر پێی باش نییە بوەستین و بگەڕێینەوە بەڵکوو دەیەوێ ڕێنمونیمان بکات بڵێ ڕێ ھەرچەندە تاریک بێ و ھەرچەندە کە پەیڤمان نەپشکنیوە، بەڵام پێویست دەکات بەردەوام بین، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەر دەکەوێ و ئەگەر بەردەوام نەبین لەو تاریکییەدا ڕەنگە گوم بین.

«بڕۆ!

چنگت پڕ لە پەلەموورە

ئەمڕۆ یان سبەی،

وەک خەونێک لە چنگت ڕاست دەبێتەوە و هەڵدەفڕێ و

دەبێتە قەقنەس.[5]»

کە ڕۆیشتین بۆ ڕێ، ئەگەر ئاگایی لەگەڵ نەبێت، نابێت! چونکە فەزای دەرەوە وەکوو بازاڕ و ھەندێک شوێنی دیکە نییە پێویستمان بە ئاگایی نەبێت، پێویستە بە ئاگابین و وریابین ڕۆیشتن لەگەڵ خۆتدا بوێری دەوێت، چونکە فەلسەفەی ژیان و مردنمان فێر دەکات. ئێمەش دەمانەوێت بڕۆین و بگەین بە نەمرەڕێ. بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێش پێوستمان بە (خود)ە ئەو خودەش پێویست بە ئاگاییە. کاتێک بە ئاگابین و بکەوینە ڕێ ناتوانین شت لەم و لەو کۆپی بکەین، چونکە ھەر خۆمانین و دەمانەوێت بگەین بەو خودەی کە دەمانگەیەنێتە (نەمرەڕێ)ـی، ھەروکوو شاعیر دەڵێت:

«بۆ ئەوەی لە جوانیدا

فێرە فڕین بم، بێ ئەوەی فڕین لە پەڕەسێلکە بدزم.

باوەش لە کەون بدەم و تەیرێکی بچووکی نێو کەونیش بم.[6]»

ھەر مرۆڤێک گەیشت بە نەمری و توانی وەک ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە، بێ ئەوەی کەس بچێت دای بگیرسێنێت. ئەوا دەتوانێت سەفەر بکات بۆ لای ئەو کەسانەی کە پێش ئەو بەو ڕێگەیدا ڕۆیشتوون و گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، بەڵام شاعیر پێش ئەوەی دەرگامان بۆ واڵا بکات بۆ ئەوەی نەمرانی ئەو ڕێگەیە ببینین پێمان دەڵێت:

«ناواخنت هەڵتەکێنە با خۆشەویستیيت ڕوون بێت!

بۆشاییت پڕ مەکە لە تەم با برووسکە تەڕت بکات![7]»

شاعیر ھەر لە سەرتاوە تا کۆتایی ڕاستەڕێیەک دەکێشێت و لەگەڵ خۆی پەلکێشمان دەکات و شتەکانمان بۆ ڕاڤە دەکات، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەدۆزینەوە و ھەموو ئەو شتانەی کە ژینمانی داگیرکردووە و نرخێکی زۆری ماددییان ھەیە لە دنیایەکی سەرمایەداریدا، کە چوویتە نێو خۆتەوە ئەوانە ئەو نرخەیان نامێنێت، چونکە شتێکی دنیایین! و شاعیر لە ڕوویەکی دیکەوە پێمان دەڵێت جیھانی نوێ جیھانی شمشێر و بێبەزییانە دەبێت خۆمان لەو شەڕە شمشێرە بپارێزین کە مەبەستی تەنھا قازانج و کوشتنی ئەم و ئەوە. خۆمان بە دوور بگرین لە دەمامک و ببینین، دەمامک چی بە مرۆڤ دەکات و سەرمایەداریش ھۆکاری ئەو شەڕ و دڕییەیە، شەڕ و دڕیش لەبری خۆشەویستی، ڕق و کینە بەرھەم دێنێت. ھەروەکوو شاعیر لە چامەیەکدا دەڵێت:

«دەبێ دڵ بێ شوورە بێ،

وەک دەشت و تەپۆڵکە، گرد و کێو ئاوەڵە بێ،

ڕوو لە ئاسمان بکا، پێبکەنێ،

تریقانەوەی ببیسترێ،

چاونووقانی ببینرێ.[8]»

کە توانیمان دڵێکی جوان و پاکمان ھەبێت و بە ئاگاییەوە ڕوانیمانە ڕێ و توانیمان تاریکاییەکانی ئەو سەردەمە ببینین و بزانین چی دەنێو ئەو تاریکییەدا دەگوزەرێ، ئەوا دەرگاکە واڵا دەبێت و ئێمەش دەتوانین بچینە نێو نەمرەڕێ و ئەوانرش ببینین کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ. لێرەدا شاعیر ڕێیەک دەکاتەوە بۆ چیرۆکی نەمران و کۆمەڵێک کەسایەتی گرینگ بە ئێمە نیشان دەدات و جیھانە نەبینراوەکەی ئەوانمان نیشان دەدات و بەشێک لە ژیانی ھۆنەرەکەش لە پەراوێزدا ڕوون دەکاتەوە.

ھەروەها، شیعری خۆی ئاوێتەی شیعر و ژانی ئەوان دەکات و داھاتووی پێدەخوێنێتەوە. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن. نەمرەڕێ وەک کەتەلۆکێک خۆی دەنوێنێت. وەک چۆن ڕێگە و شێوازی ھەیە بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێ. دواتریش کۆمەڵێک ھۆنەر کە لە دیدی شاعیرەوە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ و نەمرن. ھەڵبژاردنی ئەو شاعیرانە لە لایەن شاعیرەوە کارێکی زۆر وردی دەوێ، هەروەها تێگەیشتنیش لەو مەبەستەی شاعیر، پێویستی بە چەند جارێک خوێندنەوەی ھەیە، چونکە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زەمەنێکی زۆر لەمەو پێش و زانینی بارگراوەندی ئەو شاعیرانە. ھەرچەندە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا، پەراوێزی پوختی بۆ نووسیون، بەڵام ھێشتاش ھەر پێویستمان بە وردبوونەوەیە، چونکە شاعیر ھەر تەنھا ناوی ئەو ھۆنەرانەی نەھێناوە، بەڵکوو چەند بەیتێکی ئەوانی لەگەڵ شیعرەکانی خۆیدا بەکار ھێناوە و ئامەژەشی پێداون. ئەمانە ھەموو بۆ خوێنەران دەبنە جێگەی پرسیار و دەکرێ لێیان بکۆڵدرێتەوە، جا لە ڕووی مێژووییەوە بێت یاخود ھەر گۆشەنیگایەک بێت کە خوێنەر بە پێویستی دەزانێت ئەو گۆشەنیگایە دەربخات

[1]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣.

[2]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 34.

[3]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤١.

[4]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٠

[5]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥١.

[6]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٧.

[7]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٩.

[8]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦١.