452182085_419870571098189_1904191573470025543_n

2021/08/18

سەرنجێکی کورت دەربارەی ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)

ئارام حاجی
پێشبینیکردن بۆ داهاتوو لەناو کایەی ئەدەبدا، (دەتوانم بڵێم) مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام ئەوانەی پێشبینی دەکەن، ژمارەیان کەمە و ئەوانەشی پێشبینییەکانیان وەڕاست دەگەڕێ، کەمترینن.
ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) کە لە نووسینی نووسەر گۆران سەباح-ە، دەتوانم بڵێم بەرهەمێکە، کۆی هەر دووسەت لاپەڕەکە پێشبینیکرد و ژیانە لە زەمەنێکی زۆر دوور، بە نزیککراوەیی دەکاتە ساڵی ۲۱۰۰. تەنانەت نووسەر لەم ڕۆمانەدا ڕووداوی کوشتنی ئەو حاجیلەقلەقە دەگێڕێتەوە، کە هێلانەکەی لەسەر مزگەوتی خانەقایە و لە شەڕی ناوخودا کوژراوە. بێگومان ئەو ڕووداوە پێشتر (مارف ئاغایی) پێشبینی کردبوو کە لە شەڕی ناوخۆدا دەپێکرێ. مەبەستمە بڵێم: نازانم نووسەر ئاگاداری ئەو پێشبینیەیە یان نە، نازانم!
بابەتی بنەڕەتیی ڕۆمانەکە، ڕوونتر بڵێم: ئەو بابەتەی ڕۆمانەکەی لەسەر بنیات نراوە، بابەتی مرۆڤدۆستی (یومانیزم)ە.
ئەوە دەگێڕێتەوە لە ئایندەدا مرۆڤ وەک جەستە تاکوو دەگاتە پێداویستییەکانیشی، گۆڕاون. سەردەمێکە مروڤ دەستی ڕاگەشتووە بە هەموو پێداویستییەکی ژیان، بە مانایەکی تر؛ مرۆڤ هەموو شتێکی تاقی کردووەتەوە، ئیتر شتێک نەماوە خۆزگەی بۆ بخوازێت تاکوو پێی بگا، لە ئەنجامی ئەمەشدا، بیرۆکەی خۆکوشتن دەبێتە دیاردە.
“چارەسەری پەتای خۆکوشتن”
بۆ ڕێگریکردن لەم پەتا، کارەکتەرێکی سەرەکیی ناو ڕۆمانەکە بەناوی (شووشە) هەڵدەستێ بە ئاراستەکردنی بیرۆکەیەك، ئەویش ناردنی کەسێک بۆ دنیای پاش مردن و گەڕاندنەوەی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شاشەیەکەوە بەسەرهاتی دنیای پاش مردن بۆ خەڵکی بگێڕێتەوە بە پاداشت و سزاوە؛ تاکوو ببێتە پەندوەرگرتنی خەڵکی تاکوو دەست لە بیرۆکەی خۆکوشتن هەڵگرن. پاش ناردنی چوار کەس، یەک لە دوای یەک بۆ دنیاکەی دی و بەهۆی هەبوونی زۆری خراپەیان لە دونیای سەرزەوی، کەسەکان ناگەڕێنەوە؛ هەر چوار هەوڵەکە شکست دێنێ! ناچار بیر لە کەسێک دەکەنەوە کە خراپەی کەم بێ؛ تاکوو بتوانێ پاش ڕۆیشتن لەلایەن بوونەوەرانی دونیاکەی دی، مۆڵەتی هاتنەوەی پێ بدەن بۆ گەڕانەوە، بۆ ئەمەش (شووشە) خۆی هەڵدەبژێرێ بۆ ئەو گەشتە و سەرکەوتوویش دەبێت.
لەم بەشەدا شووشە لە پسپۆڕەکان دەخوازێ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شاشەیەکەوە گەشتەکەی بۆ بگوازنەوە، تاکوو جیهان بیبینێ و بەدەم گەشتەوە ڕێژەی خۆکوشتن کەم بکات.
بێگومان بەدەم تەماشاکردنی خەڵکی بۆ گەشتەکەی شووشە، ڕێژەی خۆکوشتنیش کەم دەکات.
“شوێن لە نێو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان”
شوێنی ڕوداوەکان لە ئەم ڕۆمانەدا دەتوانین بڵێین سەتا هەشتا و زیاتریشی شاری هەولێرە. ئەو کۆنگرەیەش کە شەنوکەوی قەزێی خوکوشتنی تێدا دەکرێت لەلایەن کاربەدەست و ڕێخراو و نوێنەرانی جیهانەوە، شاری هەولێرە. کۆنگرەکەیش بە (لووتکەی هەولێر) لە ڕۆمانەکەدا ناوی هاتووە.
“حەقیقەت لەم ڕۆمانەدا”
دیارە لەم ڕۆمانەدا گوتارەکان دابەش بوون بەسەر چەند کەسایەتییەکدا، بۆ نموونە: پیاوێکی ئایینی تێدایە بە ناو (ئیمام حەکیم)، ڕووداوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بابەتی خودا و دەقە ئایینی و فەرموودەکان.
لە بەرانبەردا کەسێکی تری تێدایە بەناوی (بێرنی)، ڕووداوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بابەتی زانستی.
لێرەوە ڕۆمانەکە پێمان دەڵێت: حەقیقەت ئەشێ لە ڕوویەک زیاتری ئاوێنەبێ
“دەقئاوێزان و کارتێکەر لەم ڕۆمانەدا”
ئەو بەشەی کە باس لە گەشتەکەی شووشە دەکات و هەنێ دیمەنی جوانی بەهەشت و سزای جەهەنم و شوێنی خودا و دیتنی خودا وەک تارماییەک لەو دیو پەردەیەکەوە و کەسانی پاداشتکراوی ناو بەهەشت بە جۆری پەداشتەکانیانەوە و سزاداراوانی جەهەنم بە جۆری سزاکانیانەوە، لە چاوی منی خوێنەر، دەقئاوێزان یان کارتێکراوە بە (اسرا معراج)ی پێغەمبەر (د.خ.)، (رسالەت الغفران)ی ابو عەلاء المعری و (کۆمیدیای خودا)ی دانتێ و (الفتوحات المکیە)ی ابن عربی.
هەروەها دەقئاوێزان کراوە لەگەڵ فیلمی (ستاڵکەر)، کە ساڵی ١٩٧٩ بەرهەم هاتووە، لە دەرهێنانی “ئاندرێ تارکۆڤسکی”یە و تەنانەت فیلمەکەیش بە تەکنیکی خەیاڵی زانستی نووسراوە.
کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە ناوی”ئەلیکساندەر کایدانۆڤسکی”یە. ڕۆڵی ڕێنوێنیکەر دەگێڕێت و هەر بە نوێنەریش بانگ دەکرێ لە فیلمەکەدا، لە گەشتەکەیدا لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی.
هەر لە گەشتەکەدا خەون دەبینێ لە داهاتوودا ژیان تێکچووە، پاشماوەی مرۆڤ و پێداویستیی مرۆڤ کەوتووە، لە ناو ئەو شمەکانەش شتانێکی تێدایە زۆر مۆدێرنەن وەک بابەتی میدیایی، زانستی و تاقیگە و جەستەیی، مرۆڤ و سوپا و…
دیارە ئەم فیلمە لە ڕووسیا (یەکێتی سۆڤیەتی جاران) بەرهەم هاتووە.
بەڵام پێشبینیی گۆران سەباح کورترە لە پێشبینیی فیلمەکە، ڕوونتربڵێم: فیلمەکە زەمەنێکی دوورتر پێشبینی دەکات.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێکی نوێ دەکەم،
دیارە بە گوتەی نووسەر لێرە و لەوێ هەوڵی سەرەتایی بۆ نووسینی ڕۆمان، بە تەکنیکی خەیاڵی زانستی (خەز) لەناو ڕۆماننووسانی کورد هەبووە، لێ نەبووە کۆیی بەرهەم بەو تەکنیکە نوسرابێ و سەرتاپای ڕۆمانەکە باسی ئایندە بکات.
هەروەها بەرگی ڕۆمانەکە بە چەند دێڕێك بە کورتی قسەی دوو نووسەری لەبارەی ڕۆمانەکەوە پێوەیە، بە ڕای من دەبوو ئەمە لە ناوەوەی بەرگ بێ، نەك لەسەر بەرگ، چونکە ئەمە وەک ڕیکلامێك دەکەوێتەوە زیاتر. بۆ دڵخۆشیی خۆشم وەڵامی خۆم وا دەدەمەوە: (چونکە نووسەر لە ئەمریکا ژیاوە، ئەشێ ئەم نووسینەی سەربەرگ شتێکی ئاسای بێ لە ئەمریکا.)
ژێدەرکان:
-مێژووی ئەدەبی جیهان (هیمداحسێن+ سەنگەر نازم)
-فیلمی “ستاڵکەر ” لەنووسینی(ئەندرێ تارکۆڤیسکی)
-کۆمیدیایی خودا (دانتێ ئەلیگێرێ)