مرۆڤ بخەنە چاڵەوە!
هۆشەنگ محەمەد
لەبارەی ڕۆمانی
(زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت)ی
(رێبین خدر)ەوە
(١)
ئەم رۆمانەی رێبین خدر، لە رووی ناوەڕۆک و شێوازەوە لە زۆربەی رۆمانە کوردییەکاندا جیاوازە، رۆمانێکە هەر لە ناونیشانەکەیەوە تا دوا وشەی، بە هەناسەیەکی سوریالییانە نووسراوە و بە شێوازێکی هونەری بۆشاییەکانی نووسین و واقیع و خەیاڵ و بوون پڕ دەکاتەوە!
لە کۆتایی رۆمانەکەدا تێدەگەی، زمان کچێکە، یان راستتر پاشماوەی کچێکە، کە دەمێکە منداڵییەکەی کوژراوە و هەمیشە وەک دەنگ بەدووییەوەیە!
رێبین خدر لەم رۆمانەدا، کێشەی ئەو شارستانییەتە دەردەخات، کە یەکسەر و بێ پێشەکی مرۆڤەکان قووت دەدات، بۆیە ئەویش هەر لەسەرەتای رۆمانەکەدا پێش هەموو شتێک شیعرێکی شاعیری بەنگلادیشی (شامسوور) بەم واتایە دەنووسێتەوە:
دێوەزمەیەکی سامناک دێت و سێبەری تاریک بە دەوری خۆیدا دەڕژێنێ
بۆ ساتێک لەژێر پاژنەکانیدا دەهاڕێت؛
بناغەی شارستانییەتی نوێ!
رێبین خدر، دوای ئەو دەروازەیە، باس لە بوون، ژیان، جیهان و مرۆڤ ناکات، بەڵکو ئەو یەکسەر دەستی خوێنەر دەگرێت و لەسەر قەڵاتی رۆمانەکەیدا، هونەرییانە فڕێی دەداتە پشت بوون و ژیان و جیهان و مرۆڤ و خۆیشییەوە، پشت ئەو شتانەوە، کە پاشماوەی وێرانەی سەردەمێکە کە دەمێکە لەدەستچووە! چونکە کە دەکەوینە نێو ئەو رۆمانەوە، زەمەنی فیزیایی لەدەست دەچێت و دەکەوینە نێو زەمەنێکی سوریالییەوە، سوریالی هەم بە واتا هونەرییەکەی، هەمیش بەواتا واقیعییەکەی کە سەردەمی ئێستامانی پێچاوەتەوە. ئەو واقیعەی بە زۆر ناوی جیاوازەوە (شارستانی نوێ، سستەمی نوێ، دینی نوێ و خۆشگوزەرانی) بەسەر نەوەیەکدا سەپاوە کە دەیەوێت شاعیرانە و هونەرمەندانە تەماشای بوون و مرۆڤ بکات.
لەم رۆمانەدا مێژووێک نییە بیخوێنینەوە، ئەوەی هەیە پاشماوەی مێژووە، کە وێنەی ئاییندەمان بۆ ئاشکرا دەکات! ژیانێک لە نێوان گۆڕ و حەوشەی ماڵێکدا، دەبێتە پاشماوەی مردنێکی سوریالی و عەبەسییانە لەنێوان ئاسمان و زەمیندا.
لەنێو ئەم نووسینەدا هەموو شتەکان، تا نووسینەکە خۆی دەبێتە پاشماوەی نووسینێکی تر، کە مرۆڤ تێیدا لە پاشماوەی مرۆڤبوونی خۆیدا، لە پاشماوەی جیهانێکی کۆندا، بەڵام مۆدرن رۆشەنبیرییەکەی کۆدەکاتەوە! پاشماوەی جووڵەی ژیانێکی پڕ لە هونەر و گۆرانی و شیعر و شانۆوە، دەخاتە چاڵێکی وەستاودا!
هەموو رۆمانەکە، بەردەوام خوێنەر لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی دیکە دەگوازێتەوە، لەهەر وێنەیەک پاشماوەی شتێکت لە ئەدەب و هونەر و سیاسەت و شار و جیهان نیشان ئەدات، بەردەوامیش بۆ سەر دێری هەندێ چیرۆک، ئەفسانە، گۆرانی، شیعر، شانۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام گەڕانەوەکان هەمیشە بەسەر پاشماوەی واقیعێکدا دەفڕن، کە رەنگی روحی مرۆڤ تێیدا بۆتە پاشماوەی جیهانێکی بەسەر چوو.
(٢)
داپیرە و باپیرەیەک هەمیشە لەشەڕ دان، دوای مردن و چوونە گۆڕیش، هێشتا شەڕەکەیان بەردەوامە و بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەیەکدی دەکەن، تۆڵەکردنەوەی ژیانێک کە بووە پاشماوەی شەڕ و تفەنگ و چەک و بێ واتایی مێژووی نەوەیەکی بەدبەخت و هەڵخەڵەتێنراو لە نیو جیهانێکی میکانیکیدا!
دایک و باوکێک لە نێوان قورئانی و شانۆ و میهرەبانی ئاسمانێکی دوور و کارئەکتەرە زیتەڵە و هونەرییەکانی نێو کتێب و رۆمان و چوونە سەرشانۆیاندا، دەبێتە بارێکی گرانی جەستەیی و روحی بەسەر نەوەیەکی دیکەدا کە لە مێژووی خوێناوی شەڕی برایەکاندا لە رەگ و روحەوە وشک دەکرێنەوە.
نەوەیەکی دیکە دێت، تەمای هەیە لە یارییەکانی جیهانی تەکنیکدا، شاعیرانە لەگەڵ جیهان ئاوێتە ببێت و بەزمانی ئەدەب و هونەرەوە مرۆڤبوون بە نەوەیەک ببەخشێت و چبوونێکی هونەرییانە لە جیهاندا ئاشکرا بکەن، بەڵام ئەوەی ئاشکرا دەبێت شارستانییەتێکی نوێی (مەندیل و چاویلکەی چاوی بۆینباغ لە ملەکانە) کە جەستە و خەون و وشە و دەنگ و زمان، بە یەک تەقینەوە لە نێو دەبەن! هەموو شتێک تووشی شۆکێکی وجوودی و مەعریفی دەبێت و جیهان دەبێتە چاڵێکی گەورە. ژیان هەڵدەنە نێو چاڵەکەوە، تا مرۆڤەکان ناچار بن خۆیان، خۆیان فڕێ بدەنە نێو چاڵەکەوە!
(٣)
لەم رۆمانەدا تەکنیک زاڵە، لەم تەکنیکەدا کەس و رووداو و جیهان سەر دەردێنن، دەستپێکردنی زۆربەی پارچەکان بە نووسینی کەسێک جگەلە نووسەر خۆی دەست پێ دەکات. دەقەکە بە دەیان نووسەر و کتێبی تر دەبەستێتەوە، جیهان و کەسەکانیش هەروا، هەمووان دەخاتە بن هەژموونی ئەو زەبەلاحانەی وەک وێنەی هێزێکی خوداوەندی و دینی و سیاسی و بازرگانی دەردەکەون و چاو و دەنگ و دەست و پێ و دڵ و روحی کەسەکان بە تەقینەوە پان دەکەنەوە.
زمانی ئەم دەقە، خوێنەر دەخاتە بن هەژموونی شێوازی خۆی کە پتر لە شێوەکاری نزیک دەبێتەوە، رستەکان دەبنە تابلۆی وشەدار، تێکهەڵکێشانی واژەکان، پەیداکردنی واتا، زمان دەبێتە هێما، ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ناوەڕۆکی رۆمانەکەش، بۆیە رێبین خدر، وەک ئەوەی رۆمانەکە بکاتە چاڵێکی زمان و خوێنەرانی تێدا بهاوێت! چونکە ئەو پێش ئەوە دەڵێت: دەبێت بوون، جیهان، منداڵی، هونەر، مرۆڤی هونەرمەند و ئەدیب، یان مرۆڤ بەگشتی بخرێتە چاڵەوە! بۆیە ئەویش وەک بەشێک لەم رەوتە شارستانییە، وەک هێمایەک، تەکنیکی رۆمانەکەی دەکاتە چاڵێک و هەموومانی تێدا دەهاوێت!
زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت، رۆمانی رێبین خدر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار، چاپی یەکەم ٢٠٢٠