454700163_515076907562568_6560531697658993435_n

2021/04/02

بەرەو رێگەی درەوشانەوە

هۆشەنگ محەمەد
لەبارەی رۆمانی (کیاکسار ئەحمەد)ەوە
(١)
خوێندنەوەی رۆمانی بەرەو رێگە درەوشانەوە، لەسەرەتاوە دەتخاتە نێو دۆخێکی مەستی و خەوناوی و شیعرییەوە، بێ پێشەکی لەبەردەم مێژووی روحی مرۆڤت دادەنێت. مێژووێک ئەگەر بە زمانێکی مەستانە و ئەزموونێکی ئەفلاتوونییانە و عیرفانییانە نەبێت، ناتوانێت خوێنەر مەستانە بخاتە نێو دەقەکەوە. مێژووی روحی مرۆڤ، قووڵایی بوون و زیندووبوون و ژیان. نەوەک هەر تەم و غوباری سەر مێشکمان بیر دێننەوە، بەڵکو ئەو تاریکییەمان نیشان دەدەنەوە کە لەگەڵ وشەی (روحی مرۆڤ) جەستە و خەیاڵمان دەبات. ئەو تاریکییە، سەرەتایەکە بۆ ڕەشاتی و رەشبینییەی دەبێت دەقەکە بمانداتێ، تا دوایی لە جیاوازی تاریکی و رەشاتی بگەین!
تاریکییەک بەرەو درەوشانەوە و رەشاتییەک بەرەو رەشبینی. دەقەکە دەبێتە رێگەیەک بەرەو هەقیقەت، بەرەو خودا، بەرەو خود!
بەرەو رێگەی درەوشانەوە، بەرەو رێگەی سرووشت و دەشت و دەرە، بە هەردوو دیوە ماددی و روحییەکەیەوە. ئەم رێگەیەش ئەگەر لە رووی ماددییەوە سرووشت بێت، بە (ئاو و با و هەوا و ئاگر)ییەوە، واتا پێکهاتە سەرەکییەکانی جیهان، لەهەمان کاتدا لە رووی روحییەوە مرۆڤە، لە پێکهاتەکانی خۆیەوە کە جیهانی بچووکە و لە نێو مرۆڤی گەورەدا کە جیهانی گەورەیە. رێگەی درەوشانەوە، رێگەی مرۆڤە بەرەو جیهان و رێگەی جیهانە بەرەو مرۆڤ! جیهان لە مرۆڤدا دەگەشێتەوە و مرۆڤیش لە جیهاندا.
(٢)
(بەرەو رێگەی درەوشانەوە)، بوون دەکاتە بازنە و زیندوبوون و مردنی تێدا دەکاتە سوڕی ژیان، رۆمانێک ناوەکانی (بوون، ژیان، زیندووبوون و مردن) لە دەقێکدا کۆدەکاتەوە و بە تێگەیشتنێکی ئەفلاتوونییانە وەک هێمایەک بۆ هەقیقەت دەیانناسێنێت، هەقیقەتی بوون، کە بۆ مرۆڤ لە نێو وێنەکانیدا ون بووە و نازاندرێت کامەی راستەقینەیە و کامەی وەهمە؟
گەڕان لە هەقیقەت، لە خودا و خود. جووڵەی ئەو بازنەیەن کە بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت، واتا جووڵەی بوون لەم رۆمانەدا جووڵەیەکی عیرفانییانەیە، لە خوارەوە بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت، میعراجێکی روحییە لە پێناو زانین و ناسینی راستی.
بوون و ناسینی بوون، هەمیشە و پرسیاری مرۆڤی گەڕۆکە لە راستی، (من) و (تۆ) یان (خود) و (ئەو) ناسینی ئەو ناوانەن کە بۆ هەمیشە مرۆڤ دەخەنە بەر پرسیاری قورسەوە، لە چ وێنەیەکدا خۆمان و ئەوانیدی بناسین؟ وێنەی شاعیر، ئازادیخواز، ماڤپەروەر، شوڕشگێڕ، هونەرمەند، تیرۆریست و یان چ وێنەیەکی تر؟
هەموو ئەو کارئەکتەرانەی لەم رۆمانەدا وەک خەون و شیعر و رەگەزێکی سرووشتی دێن و دەچن، دەجووڵێنەوە و ون دەبن، دەبنە رەنگ و دەنگ و وێنە و هەڵم و پەرش دەبن، پێکەوە یەک وەڵام بە نووسەر دەدەنەوە، تۆ خۆت ئەو من و خود و خودا و هەقیقیەتیت، تۆ لە یەکبوونێکی وجوودی و شهوودیدایت.
(٣)
ئەی ئەو کەسەی بە دوای حەقیقەتدا وێڵیت دوام کەوە!
ئەی ئەو کەسەی بە دوای خۆتدا وێڵیت دوام کەوە!
ئەی ئەو کەسەی بەدوای خودادا وێڵیت دوام کەوە! (بڕوانە ل ٢٥)
ئەمە دەنگی ئەو روحە سەرگەردانەیە کە دەبێت ببێتە رێبواری تریفەی نوور و بگەڕێتەوە ئەشکەوتی هەقیقەت، ماڵی راستەقینەی خودا.
ئەگەر لەم وشانەی سەرەوەدا بڕوانین، ئەو رۆمانە ئەمە دووپات دەکاتەوە، کە خودا مەعریفەی تەواوە، زانینی کاملە، ئەشکەوتی هەقیقەتیش ماڵی ئەو مەعریفە تەواوە و زانینە کاملەیە، مرۆڤ دەبێت بگەڕێتەوە نێو نووری ئەو ئەشکەوتی زانینە و بە خواردنەوەی ئاوی رەنگینی پیرۆز مەست ببێت و هەقیقەت و خود و خودا ئاشکرا بکات.
مرۆڤ تا پتر بزانێت پتر لە خودا نزیک دەبێتەوە، مەعریفەی مرۆڤ رۆژ بەرۆژ روو لە پتربووندایە، واتا مرۆڤ پتر لە خودا نزیک دەبێتەوە. ئەو زانینە رووی لە سەرەوەیە و زانینێکی زانستی و مەنتقی نییە بە واتا باوەکەی لە سستمی پەروەردەی مرۆڤایەتی ئەمڕۆماندا، بەڵکو ئەو زانینە پتر لە سستمێکی روحانییەوە نزیکە و پێوەندی بە ماددەوە نییە، ئەشکەوت وەک ئاماژەیەک بۆ (ئەشکەوتی ئەفلاتوون) و ئەو وەهمەی بەدەرچوون لەم ئەشکەوتە کۆتایی هات، هەروەها وەک ماڵی خودا، مەعریفەی روحی و ئەو ئاگرەی تێیدا دەکرێتەوە ئاگری مەعریفەیەکی زیندوو و پیرۆز و روو لە هەورازە، ئەشکەوت بۆ سۆفی و عاریف، ماڵی مەعریفەت و زانینە. گەیشتنە بە شهوود و زانینی باڵا، باڵاترین زانین.
(٤)
لەگەڵ یەکەم پیاڵەی مەعریفەدا دەپرسێت: (تۆ لەکەیەوە هەیت؟) وەڵامەکە ئەمەیە: (رەنگە سەرەتا تەنها بیرۆکەیەک بووبیت). سەرەتا پێش ساتی تەقینەوە گەورەکەیە، سەرەتایەک کە کەس نازانێت دەکەوێتە کوێی جووڵەکان؟ کوێی وەستان؟ ناوێک کە تەنیا دالێکە و مەدلوولی نییە، یان دال و مەدلوولە لەنێویەکدا!
(نەبوون)! ئەو تەلیسمەی تەنیا ئەوەندە دەکرێت بڵێین (بیرۆکەیەک) بوو! نە زیاتر و نەکەمتر، تا ئێستاش مرۆڤی سەرگەردان، کە ناتوانێت شتێک لە رێی هەستەکانەوە بناسێت و لە رێی زانست و مەنتیقەوە ئارگۆمێنتێکی لەسەر پێشکەش بکات، دەڵێت تەنیا فکرەیەک بوو! نەبوون تەنیا لە بیرکردنەوەدا، لە نێو زماندا هەڵگری دال و مەدلوولی خۆیەتی. نەبوون تەنیا لە زماندا هەیە. تەنیا لە زانینی خودادا هەیە!
لەگەڵ یەکەم پیاڵەی مەعریفەدا، دەکەویتە نێو زمان و لە نێو زمانیشدا بوون بە شێوازێکی دی لەدایک دەبێتەوە، ناوەکانی (رووناکی، تەقینەوە، پارچە، تۆز، گەرد، خێرایی، فەزا، رەنگەکان، ترسان و هتد..،) لەدایک دەبن، بەڵام (کیاکسار ئەحمەد) دەزانێت ئەو ناوانە تەنیا رووی ماددی ئەو بیرانە نیشان دەدەن، کە لەبارەی روحەوە هیچ ناڵێن، بۆیە زوو دەڵێت: (بەڵام تۆ هیچیانت بۆ گرنگ نەبوو، دڵت نەبێت، کە دەتویست بیگەڕێنیتەوە ناو سینگت، دڵە سوورەکەت) ل ٣٢ چونکە (ئەوەی نەمر و ئەزەلییە دڵە. ئەو دڵەی بیرەوەریی ملیاران ساڵی خۆشەویستی لەناودا پارێزراوە) ل ٣٥
لەگەڵ پیاڵەی دووەمدا، خورپە لە دڵدا دەپشکوێت، مەراقی زانین و ناسینی ئەویدی، دڵێکی دی، دوای خۆییت دەخات! هێزگەلی خۆشەویستی و عیشق و جووتبوون و ئەزموونکردنی بوون لەگەڵ ئەویدی، لەگەڵ دڵێکی دی و هەڵبژاردنی هاوبەشێک تا ئەزموونی هەقیقەت و خود و خودای لەگەڵ بکەیت! لەباسکردنی ئەم ئەزموونەدا وەک ئەوەی (نیتشە) ئاگای لە (کیاکسار) بێت و بڵێت، ئەزموونکردنی هەقیقەت واتا سەماکردن لەسەر هەڵدێر! ئۆرگازم واتا خۆفڕێدان لەگەڵ گورگەکان بەرەو درەوشانەوەی ئەستێرەکان لە چاوی چەپدا و کوژانەوەی لە چاوی راستەدا!
ئیدی لەگەڵ پیاڵەی دووەم ئەزموونی روح دەست پێ دەکات، ئەزموونێک کە لە نێوان شتەکاندا دێت و دەچێت و وێنەی جیاواز و نوێتر لە خۆیەوە دەگرێت، لە پرتەقالێکەوە بۆ باخچەیەک، بۆ گوڵاڵە سوورەیەک و نێرگزێک و ئاسکێک و گورگێک و مارێکی عاشق! ئەزموونە روحییەکان وەک وێنەکان ناگوازرێنەوە، بۆیە مێژووی روح وەک مێژووی ماددە نییە تا وەک خۆی بگوازرێتەوە. بەڵکو لەهەر بەرگێکدا ئەزموونی خۆی هەیە و جیاوازە لەوەی تر. (ئەزموونی روحی ناگوازرێتەوە، تەنها خۆت دەبێت لەوە تێ بگەیت. ئەزموونەکانیش وەک یەک نین) ل ٤١ بۆیە ئەوەی لەسەر خەرەند سەما دەکات و بە ئۆرگازمی هەقیقەت دەگات، روحە نەوەک جەستە، ئەوەی بە هەوادا دەفڕێت و پەرت دەبێت، روحە نەوەک لەش، لەش دەکەوێت و دەچێتە دۆخێکی تری مادییەوە، روحیش بە دۆنایدۆن ئەزموونەکانی بوونی خۆی دەگوازێتەوە پلەیەکی باڵاتر یان نزمتر!
لەگەڵ پیاڵەی سێیەمدا، مەستی مرۆڤ بە ئاستێکی شێتانە دەگات! ململانێی سرووشت و مرۆڤ، تا رادەی شەڕ و دەستبەسەرداگرتنی مەحاڵ و راونانی خەون و وەهم پێکەوە! مرۆڤ دەیەوێت ببێتە پاتشای دەریا و زەریاکان، پاتشای ئاسمانەکان، دەست بەسەر مرۆڤ و جیهاندا بگرێت، بە دوایین پلەی جوانی سرووشت بگات، کە دەیگاتێ ئینجا تێدەگات، ئەمە دوایین پلەی سامناکییە!
مرۆڤ لە نێو شێتی و سامناکییەکانی خۆیدا نازانێت کێیە؟ کامە ژیانی راستییە؟ خۆی کامەیە؟ بە کێ بڵێ من؟! چۆن منی خۆی بناسێت؟
لێرەدا رۆماننووس لەبەردەم ئەم پرسیارەمان رادەگرێت: من کێیە؟ هەر بۆیەشە لەگەڵ پیاڵەی چوارەمدا، رۆماننووس، دەقەکەی بە رووی (من)ێکدا دەکاتەوە، کە کەسێکە رۆژانە دەیبینین، گەندەڵ و پارە پەرست و درۆزن و فێڵباز و ساختەچی. وێنەیەکی واقیعی ئەمڕۆمان پیشان دەدات کە چۆن مرۆڤ لەنێو سستەمی نوێی مرۆڤایەتیدا (من) لەدەست دەدات و هەموو شتێکی ماددیی ئامادەبوونی دەبێت، بەڵام (من) ونە و ئامادە نییە.
جێی سەرنجە لەگەڵ ئەو دۆخەی کە ئێستا زۆربەی جیهان و کوردستانیشی گرتۆتەوە، بەمەی ماددە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵە، ئەم زاڵبوونە جۆرە رەوشتێکی زاڵ کردووە، کە کەسەکان لە نەبوون یان ونبوونی خوددا ژیان بکەن، ئەزموونکردنی بوون لە غیابی خوددا، دەبێتە غیابی خودا و هەقیقەتیش! غیابی زیندوبوون و ئەو بەهایانەی زیندووبوون بە (من) دەدەن. ئەوەی جوانکاری دەکات و بە شێواز و روخساری خۆی رازی نییە، ئەوەی دزی دەکات و بە دۆخی ماددی ئاسایی رازی نییە، ئەوەی فرتوفێڵ دەکات و بە راستی رازی نییە، ئەوە کێیە؟ کامەی (من)ە و ناتوانێت (خۆی) بێت؟! پیاڵەی چوارەم پەردە لەسەر غیابی (دڵ) هەڵدەداتەوە، کە چۆن ژیان و ئەزموونی بوون بێ دڵ دەبێت بە خەرابات و شکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی؟! ئەوەی دەتوانێت جارێکی دی مرۆڤ بە دڵی ئاشت بکاتەوە، تەنیا یەک شتە، ئەویش ئازادییە!
لەگەڵ پیاڵەی پێنجەمدا، چەمکی هونەر و شۆڕش، هونەرمەند و شۆڕشگێڕ و یەکگرتنەوەی ئەو دوو کەسیێتییە لە ئاسۆی خۆرهەڵاتدا جۆرێک لەو وەحدەتی وجوودە پێڕەو دەکات کە ئەزموونی عاریفانە دەتوانێت تامی بکات! لێرەشدا کیاکسار هەموو جووڵە ماددییەکان کە لەم بەشەدا تووند و تیژن، بەڵام لە کۆتاییدا دیسان ئەو مێژووە ماددییە، بۆ نێو روح دەباتەوە. چونکە دەزانێت ئازادی و خۆشەویستی دوو چەمکی رۆحین و مرۆڤ لە ئەزموونی روحییانەی خۆیدا پێیان دەگات و ئەزموونیان دەکات. (با ببینەوە بەیەک!) ل ٩٠
لەگەڵ پیاڵەی شەشەمدا، گەشت بەرەو سرووشت دەست پێ دەکات، گەشتێکی قووڵ و دووری روحی و ئاوێتەبوون لەگەڵ فریشتە و فەزایەکی مەجازی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ هەموو هێزگەلی دیار و نادیاری سرووشتدا، کە شوێنەکان رێک وەک ئەزموونی میعراجی سۆفی دەنووشتێنێتەوە: (بمکوژە ئەی ئەوەی لێرەیت و لێرەش نیت!)ل ١٠٢ ئەم داوای فەنابوونە لە (لێرە بوون) و (لێرەنەبوونێک) گواستنەوەی درککردنە بۆ ئاستێکی باڵاتر لەوەی لە ئەزموونەکانی ماددیدا وەریدەگرین، ئەم ئاستە دەبێت لە رێی خۆزانییەکی ئشراقییانەوە درکی پێ بکرێت، هاواری ئەم ئاستە هی مرۆڤێکە کە دەیەوێت خۆی لە مێژووی موقەدەسدا فەنا بکات. (تێگەیشتیت کە شتەکان لە جێی خۆیاندا وەکوو راستی ببینیت) ل ١٠٣
لەگەڵ پیاڵەی حەوتەمدا، مرۆڤ هەوڵ دەدات، واز لە زمان بێنێت و بێ وێنە و وشە، بچێتەوە سەرەتایەکان، بچێتەوە نێو خۆی و منداڵی خۆی بە ئاگاییەوە بکاتە ئەزموونی بوونی.
(٥)
ئەم رۆمانەی کیاکسار ئەحمەد کورتە، وەلێ کۆمەڵێ وێنە و واتا و هێما و ئاماژەی قووڵ و فراوان پەخش دەکات. تەکنیکی نووسینەکە جوانە، وتووێژی بووک و زاوایەک یان دوو خۆشەویست کە لە ئەزموونی مردنەوە زۆر نزیکن، لە هەمان کاتیشدا لە نێو ئەزموونی خۆشەویستیدان، واتا دوو هێزی خۆشەویستی و مردن بزوێنەر و پەیداکاری ئەو دۆخەن کە رۆمانەکە دەمانداتێ، لە نێوان هەر وتوویژێکی ئەم دوو خۆشەویستەدا، پیاڵەیەک دەخورێتەوە و گەشتێک بەرەو سرووشت، بەرەو خودا، بەرەو هەقیقەت، بەرەو خود دەست پێ دەکات، دوایی دەگاتە کۆتایی و ئەنجامێک بەدەستەوە دەدات، دوو کەسەکە درێژە بە قسەکانیان دەدەن و هێزی خۆشەویستی و مردنیش کاری خۆیان دەکەن!
پەڕینەوە لە بەشێک بۆ بەشێکی دیکە، دیسان لە لێکدانەوەی من لە ئەزموونێکی عیرفانییەوە نزیکە، کە لە پیاڵەیەک دەبییەوە، بەرەو پیاڵەیەکی تر دەچیت، لەو نێوەندەدا، ئەو بۆشاییەی دەکەوێتە نێوان پیاڵەکان، بە ئەنجام و قسەی دوو کەسەکە پڕ دەکرێتەوە، لەگەڵ پڕکردنەوەی ئەو نێوەندانەدا، قۆناغێکی نوێتر و مەساحەیەکی تر دەست پێدەکات کە ئەوەی پێشووتریش لە خۆدەگرێت، ئەگەر بە زمانی سۆفییەکان قسە بکەم، دەڵێم وەک ئەوە وایە لە حالێکەوە بتباتە حالێکی بەرزتر، یا لە مەقامێکەوە بتباتە مەقامێکی بەرزتر، بەڵام لەم گواستنەوەیەدا، کە (فەسڵ و وەسڵ)ێك، واتا دابڕان و پێکەوەگەیشتنێک روودەدات، هەموو حال و مەقامەکان لە نێو یەکدیدا ئاوێتە دەبن، واتا قۆناغی یەکەم دەچێتە ناو دووەم و دووەم ناو سێیەم و … تا حەوتەم، لەوێدا هەموو حال و مەقامەکان پێکەوە یەکبوونێکی وجوودی و مەعریفی بۆ دوو کارئەکتەرەکە پەیدا دەکەن. ئەو یەکبوونەوەی کە دەمانباتەوە نێو خودمانەوە، کە لەوێدا ئەویدی و خودا و هەقیقەت یەکن.