454152247_498019276205578_4077211456808687778_n

2021/04/01

بازنەی سێیەمی گێڕانەوە

هۆشەنگ محەمەد

لەبارەی رۆمانی (مرۆڤی هەرزان)ی رۆماننووس (گۆران سەباح)

١

بازنەی سێیەمی گێڕانەوە

رۆمانی (مرۆڤی هەرزان)ی نووسەر (گۆران سەباح)، خۆی وەک رۆمانیكی (خەیاڵی زانستی کوردی) پێشبەر دەکات، ئەگەر تا ئێستا گێڕانەوەکانی مرۆڤ خۆی لە دوو وێنەدا دیتبێتەوە، ئەویش گێڕانەوەی خەیاڵی بە لە خۆگرتنی (ئەفسانە و دین و ئەدەب و کەلتوور) لەگەل گێڕانەوەیەکی زانستی بە لە خۆگرتنی (مەنتق و زانستگەلی سرووشتی و مرۆیی) تا گێڕانەوەیەکی دامەزرێنەر لە بیرکردنەوەدا ئاشکرا بکەن. مرۆڤ ویستوویەتی بە بازنەی خەیاڵ و بازنەی زانست، تەفسیرێک بە بوون و ناسینی ئەو بوونە بدات، واتە ئەم دوو بازنەیە بوونەتە بازنەی ناسین و بازنەی زانینی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە خودا و مرۆڤ و جیهاندا.

(گۆران سەباح) لەم رۆمانەدا هاتووە هەردوو بازنەی (خەیاڵ) و (زانست)ی ئاوێتەی یەکدی کردووە و لەو دوو بازنەیەدا (خەیاڵی زانستی) پەیدا دەکات و لەم بازنە نوێیەدا باسی خودا و مرۆڤ و جیهانمان بۆ دەکات. بازنەی سێیەمی گێڕانەوە بە رۆشەنبیری کورد دەبەخشێت، تا لەوێوە تەماشای بوون بکەین.

٢

تێگەیشتنێکی نوێ

بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، سەرەتا پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێیە تا لەهەردوو بازنەی سەربەخۆی (خەیاڵ) و (زانست) دەربچێت و لە ئاوێتەبوونی ئەم دوو بازنەیەدا، بازنەیەکی نوێ پەیدا بکات. بازنەی نوێ، گێڕانەوەیەکی نوێ بۆ بوون لە خۆ بگرێت و واتای تازەتر بۆ بوون دابمەزرێنێت، واتاگەلێکی ئازاد لە خەیاڵ و زانست، وەک ئەوەی دوو توخمی (ئۆکسجین) و (هایدرۆجین) تێکەڵ بکات و پێکهاتەی (ئاو) پەیدا بکات. واتا پێوەندییەکی عاشقانە لە نێوان (خەیاڵ) و (زانست)دا دابمەزرێنێت و لە ئەنجامی ئەم عەشقەدا، جیهانێکی نوێ پێک بێت، کە توانای بەرهەمهێنانی تێگەیشتن و زمانێکی نوێی هەبێت. تا لە رۆشەنبیری خۆماندا، جارێکی دیکە بە شێواز و ناوەڕۆکێکی تر بوون بناسینەوە، پێوەندییەکی زیندووتر و چالاکتر لە نێوان خۆمان و بووندا درووست بکەینەوە.

مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە، بەردەوام خەریکی دامەزراندنی گێرانەوەی گەورە بووە تا باسی بوون بکات، گێڕانەوەگەلی رۆشەنبیرییەکانی سەرەتا، ئەفسانە و داستان و چیرۆکی پاشا و پاڵەوان و جەنگاوەر و عاشق و باڵندە و ئاژەڵ و شەڕ و لافاو و تۆفان و تووڕەبوونی سرووشت و دواتر وێنەی سەر دیواری ئەشکەوت و حەرفەکانی سەر تاتە قوڕین و بەردینەکانی پێشین، دواتر خوداوەند و فریشتە و شەیتان و پێغەمبەران و هەڵگرانی پەیامگەلی پاک، چرا بەدەستەکانی کوچە و کۆڵانەکانی شار و وڵات و قوتابخانە و ئەکادیمیاکانی پێش زایین، ئەنجوومەنی پیرانی یارانی رووناکی و رەمزی چاکەی مرۆڤ. هەموو ئەمانە لە پێناو درێژەدان بووە بە گێڕانەوەکانی مرۆڤ لەبارەی بوونەوە، لەبارەی خۆیەوە، تا بەردەوام واتای نوێ بە بوون و خۆی و جیهان بدات. واتای زیندوو تا بە زیندوویی ئەزموونی بوون بکات.

ئەگەر خەیاڵ و زانست، دوو خەرمانی پێشووتری ناسین و زانینی مرۆڤ بن، بە جیا فرە واتایان لەبارەی بوونەوە بە مرۆڤ بەخشیبێت، ئەوا خەیاڵی زانستی، وەک پێکهاتەی ئەم دوو توخمە، دەبێتە پێکهاتەیەکی نوێ و واتاگەلێکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت.

لەسەردەمی ئێستادا، کە مرۆڤ لە بێ واتاییدا نگووم بووە، نە بازنەی خەیاڵ و نە بازنەی زانست، نەیانتوانیوە سەری مرۆڤ ئاسوودە بکەن و بەختەوەری لە جیهاندا بۆ دابین بکەن، بۆیە نائومێدی مرۆڤ لە وێنەی (خۆکوشتن)دا، وەک بەرئەنجامێکی ئەم دووبازنەی خەیاڵ و زانستە بە لووتکەی خۆی دەگات. شکەستی خەیاڵ و زانست واتایەکە لە قووڵایی هەردوو گێڕانەوەکەدا هۆکار و ئاکامەکانی خۆیان ئاشکرا دەکەن. بۆیە (گۆران سەباح)، بە تێگەیشتنێکی نوێ دەیەوێت بوون لەم (خۆکوشتن)ە گشتییەدا رزگار بکات و بڵێت، فەرموون ئەمە بازنەیەکی نوێ تا لەوێوە جارێکی دی چیرۆکی بوون بگێڕینەوە.

٣

زمانێکی نوێ

بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە نوێیە، پێویستمان بە زمانێکی نوێیە، (گۆران سەباح) بە کردەکی زمانێکی نوێ لە رووی تەکنیکی و روحییەوە پەیدا دەکات و بازنەی خەیاڵی زانستی پێ دەردەخات، ئەو زمانە نوێیە لە رووی ماددییەوە، هەڵگری وشەی نوێیە کە دەتوانێت ئەرکگەلی میکانیکی و تەکنیکی ئەو جیهانە نوێیە دابین بکات، کۆمەڵێ ناو و واژە و زاراوەی نوێ بەم جیهانە دەدات، هەروەها لە رووی روحییەوە، دەچێتە نێو میتافیزیکێکی نوێ و ماددەیەکی نوێ پەیدا دەکات و لە جیهانی (بەرزەک)ی (سورەوەردی) و (کۆمیدیا)ی (دانتی) نزیک دەبێتەوە. ئەو زمانە یەکێکە لە بنەماکانی ئەم رۆمانە و بێ ئەم زمانە نەدەکرا رۆمانەکە سەرکەوتوو بێت!

ئەو بەرزەک و دۆزەخ و ئەشکەنجەیەی بەم زمانە دەربڕینی لێ دەکرێت، سەداسەد بەرزەک و دۆزەخێکی مرۆییە و مرۆڤ خۆی دەستی لە دامەزراندن و گەورەکردن و فراوانکردنیدا هەیە. کار و ئاکارەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، شێواز و ناوەڕۆکی جیهانی ئەوێی بۆ دادەمەزرێنن، ئەوەی لە جیهانی ماددیدا پاک بێت، لەوێ لەگەڵ پاکان دەبێت، ئەوەی خراپ بێت، لەگەڵ خراپەکاران سزا دەدرێت.

تێگەیشتنی نێو ئەم رۆمانە، بۆ دۆزەخ و بەهەشت، بە زمانێکی (خەیاڵی زانستی) هەمان ئەو تێگەیشتنەیە کە لە نەزمی زمانی (ئیشراقی)دا هەیە، کە نەزمێکی خۆرهەڵاتی و کوردییە. لێرەدا ئەوەی لە زمانی رۆمانی (مرۆڤی هەرزان)دا گرینگە، ئەو نەزمەیە کە تێکەڵ بە گێرانەوەکانی خۆرهەڵات دەبێت و دەتوانێت رەمز و هێماکانی ئەو زمانە تێکەڵ بە خەیاڵی زانستی بکات و جارێکی دیکە چالاکی بکاتەوە. بۆ من ئەم نەزم و رێگەی زمانی ئەم خەیاڵە گرینگە، کە لێرەدا دەتوانێت هێماکانی پێشین و ئێستای گۆران سەباح پێکەوە ببەستێتەوە. زمان ئەگەر تەنیا پێوەندی نێوان دال و مەدلوول بێت، ئەوا لە سنووری خۆیدا دەوەستێت و ناتوانێت واتای نوێتر بە ئێمە ببەخشێت، بەڵام ئەو زمانەی لە رێی نەزمی رەسەنی خۆیدا، دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر واتا بنەڕەتییەکانی خۆی، ئەوا لە واتای وشە و واژە دەردەچێت و بە واتای واتا دەگات، لێرەدا ئەو زمانەی (گۆران سەباح) ئەو تەئویلە پەیدا دەکات، کە زمان دەباتەوە سەر ‌هێما، زمان بە هێما دەکات، واتا زمانی ئەم رۆمانە نە خەیاڵییە و نە زانستییە، بەڵکو زمانی هێمایە، من مەبەستم لە واژە و زاراوەکان نییە وەک رێزمان و رێنووس و گۆکردنی، بەڵکو ئەو هێمایەیە بۆ نموونە (گەردوونی پاکیزەکان) دەمانداتێ، کە لێرەدا وشەی گەردوون و پاکیزە، هەردوو واتای خۆیان بە جێدێڵن و دەبنە ئاماژە و هێما بۆ جیهانێکی تر، کە لایەنێکی نەبیندراوی واتای زمانمان دەداتێ.

٤

گرێژەنەی رۆمانەکە

بابەتی سەرەکی رۆمانەکە، بابەتێکی ئەنتۆلۆژی و ئەخلاقییە. (نەمانی واتا) لە سەردەمێکدا کە جیهان لە ماددە و کەرەستەگەلی ئەلیکترۆنی نقووم بووە، بە دەربڕینێکی تر تەکنیک بەسەر کۆمەڵگە و مرۆڤ و جیهاندا زاڵە، ژیانی مرۆڤ لەژێر هەڕەشەی (بێ واتا)ییدا لە نێو دەچێت. هێزەکانی دین و سیاسەت و فەلسەفە و زانستەکانی مرۆیی و ئەدەب و هونەر تەواو لەکار کەوتوون و ناتوانن واتایەک لە ژیان و جیهان و ئیمانی مرۆڤ بگێڕنەوە، بۆیە مرۆڤەکان بە کۆمەڵ کۆتایی بە ئەزموونی بوونیان لە جیهاندا رادەگەیەنن.  خۆکوشتن ئەو بێ واتایییە ئاشکرا دەکات کە کۆتایی ئەزموونی روحی و جەستەیی مرۆڤە لە بووندا.

(مرۆڤ وێڵە بە دوای ئارەزووەکانی. ئارەزووی نزم و کاتی. کاتێ ئارەزووەکانی بەتاڵ دەکاتەوە، بێزاری دڵی داگیر دەکات. بێزاری دەیبەزێنێت، بۆیە ڕکی لە ژیان دەبێتەوە، ئەم ڕکە دوا جار وای لێ دەکات خۆی لە ناو ببات. وێڵبوون بە دوای ئارەزووی هەرزان بەهای مرۆڤ دەکاتە سفر، پاکیزەیی و مانای ژیان رووت دەکاتەوە. مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێزە دەبێ کۆنتڕۆڵی خود بکات). ل ١٩٦

لە بازنەی خەیاڵی زانستیدا، بۆ ئەوەی واتایەک بە ژیان بدەینەوە و ئەزموونی بوونمان بە جوانی و شانازی پڕ بکەینەوە، دەبێت لەگەڵ ئارەزووە نزمەکان شەڕ بکەین و ئارەزووی مەزن لە ئامێز بگرین، چاکە بکەین و خۆکوشتنیش چارە نییە. ئەمەش لە رێی کۆنترۆلکردنی خودەوە دەبێت، واتا (خود) بەو وزەیەی تێیدایە، ببێتە گێڕەڕەوەی چیرۆکی نوێی مرۆڤی نوێ، مرۆڤێک لە نێو ئەو بازنەیەدا (خەیاڵ و زانست) ئاوێتەی یەکدی بکات و بە هێزی (خۆشەویستی) بە چاکەی رەها و ئارەزووی بەرز بگات.

٥

تەکنیک بیر ناکاتەوە

سەرەتای رۆمانەکە بەمە دەست پێدەکات، کە ژیان و مردن، یان ئەزموونی بوونی مرۆڤ گەیشتۆتە دۆخێکی زۆر تراژیدی و کۆمیدی، کە پرسیار دەربارەی مردن و خۆکوشتن دەکرێت، پێوەندی مرۆڤ بە تەکنیک وتوێژێک دروست دەکات، کە واتایەکی کۆمیدی بە کۆی ژیان ببەخشێت، کە تەرمی بەڕێوەبەری خانووبەرە دەکەوێتە سەر تۆپەکەی (سامی سێڵ)، دەپرسێت: (بۆ؟) تۆپی بکوژ داوا لە سامی سێڵ دەکات پێناسەی (بۆ)ی بۆ بکات. وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی تەکنیک بیر ناکاتەوە و لە (بۆ) ناگات، تەکنیک پرسیار ناکات، چونکە بیر ناکاتەوە، تەکنیک مردن و ژیان بە کۆمیدیا دەکات. (سامی چاوی هەر لەسەر زەوییە، لە دەیان لاشە و جۆگەلەی خوێن دەنۆڕێت، تژی لە هەوای پیس، زەوی ناناسرێتەوە) بڕوانە ل ٧

لە ئاییندەی نزیکدا، لە کاتێکدا کە ئامێر بە سەر ژیاندا زاڵ دەبێت، ئامێرەکان هەموو خزمەتەکانی مرۆڤ رادەپەڕێنن، بەڵام هێشتا ناتوانن وەڵامی پرسیاری چارەنووسی مرۆڤ بدەنەوە، ناتوانن لە بارەی ژیان و مردنەوە قسە بکەن، چونکە تەکنیک نازانێت، ژیان و مردن ناناسێت، ناتوانێت ئەزموونی ئەم ناوانە بکات، (تەکنۆ سەری دەچەمێنێتەوە و دەڵێت: “مرۆڤ باشتر دەزانێت”.)ل ١٧

بەڵام مرۆڤەکان زۆربەیان (خوێنسارد و خاڵی لە سۆز، رۆبۆتئاسان، سامی بیر دەکاتەوە: بۆچی ئەم مرۆڤانە خۆیان ناکوژن؟ بە ورتەیەک وەڵامی خۆی دەداتەوە: “چونکە ژیانیان خۆش دەوێت”)ل ١٢لەم رۆمانەدا ئاییندەی مرۆڤ خوێنساردی و بە رۆبۆتبوونە، مرۆڤ بە تەنیا ئەزموونی ژیان دەکات و بیری دەچێتەوە کە هەبێت، (ژیان) و (بوون) وەک دوو واژە بە چەمک دەکات و وامان لێ دەکات بیر بکەینەوە، ئایا ژیانمان خۆش بوێت واتای چییە؟ خۆشویستنی ژیان چەند پێوەندی بە بوونمانەوە هەیە؟ لەمە دەگەین کە ئەزموونی ژیانکردنی ئاییندەمان، ئەزموونی بوون نییە! واتا نووسەر هێلێک لە نێوان (ژیان) و (بوون) دەکێشێت و دەڵێت، ئەو پڕۆژەیەی تەکنیک بۆ ژیانی پێشبەر دەکات، واتای بوون بە مرۆڤ نابەخشێت، تەکنیک چونکە بیر ناکاتەوە، ناتوانێت ببێتە هێزێکی غەیبانی دەستەڵاتدار و بیرکردنەوەی مرۆڤ بجووڵێنێتەوە و زیندووی بکات تا بوون بناسێت، بە پێچەوانەوە، ئەم تەکنیکە مرۆڤ بە رۆبۆت دەکات و لە بوونی دەردێنێت و دەیداتە دەست ئامێرێکی بێ بیرکردنەوە، بێ سۆز. نووسەر لە لاپەڕە (٤٠) دا بە جوانی و راستەوخۆ ئەو بیرۆکەیە، جیاوازی ژیان و بوون لەسەر زمانی کوڕێک دەردەبڕێت کە خۆی دەکوژێت: (وجوودم هەیە بەس نەژیاوم و ناژیم) ل٤٠

٦

مرۆڤی چارەسەرکار

ئەو مرۆڤەی باشتر دەزانێت، مرۆڤی سیاسەت و دین و زانست و ئابووری نییە، ئەم جۆرە مرۆڤانە لەنێو گێڕانەوەکانی خۆیاندا ئاسێ ماون و ناتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: (مرۆڤ بۆچی خۆیان دەکوژن؟) (گۆران سەباح) زیرەکانە وتووێژێک لە نێوان باڵیۆزی ئیسرائیل و ئیمام حەکیمی ئێرانی و تەکنۆی رۆبۆت ساز دەکات. دواتریش (بێرنی لۆمۆ) ی توێژەر لە هەستەکانی مرۆڤ، هەروەها (بانک)ی دەستەڵاتدار دێنێتە نێو رووداوەکانی رۆمانەکە. رۆماننووس وەک ئەوەی سیاسەت و دین و زانست و پارە، وەک تەکنیک گەیشتبنە قۆناغێک کە چیتر نەتوانن بیر بکەنەوە و وەڵامدەرەوەی پرسیارگەلی چارەننووسسازی مرۆڤی ئێستا و ئاییندە بن نیشان دەدات! (قسەم نەما) ل ١٧ هەروەها لە سەر زمانی (شووشە) فەلسەفە و دەروونزانی بەمە تاوانبار دەکات کە : (مرۆڤیان بەرەو پەرپووتیی ئەخلاق و پووچگەرایی برد). هەروەها لە ئاماژەیەکی دیکەدا، هونەریش بێ هێز نیشان دەدات لە رێی خۆکوشتنی برایەکەی کە دەیویست ببێ بە (پیکاسۆ)ی سەردەمیی ئەی ئای، (بڕوانە ل ٤٠). ئەوەی چارەسەری پێیە مرۆڤێکە ناوی شووشەیە، کچێکی هەولێرییە، (چاو و لووت و روومەت و چەنەی خواروخێچە. لای راستی دەموچاوی بە لای چەپیدا چووە، چاوی راستی گەورەترە لە چەپەی) ل ٤١ گومانی تێدا نییە، نووسەر ئەم روخسارەی وەک هێمایەک داناوە بۆ (شووشە) کە چارەسەری خۆکوشتنی مرۆڤی پێیە، روخسارێکی شێواو باس لە (واتا) دەکات بۆ چارەسەرکردنی خراپترین دۆخی مرۆڤایەتی. ئەمە هێمایەکە راستەوخۆ پێمان دەڵێت، لەم سەردەمی شێوازگەری و جوانکاری و شێوازگۆڕین و رەفتارگۆڕین و هەرزانبوونی مرۆڤدا، ئەوەی رزگارمان دەکات، واتا و ناوەڕۆکە، هێزی ئیرادەی مرۆڤێکی ئازاد و گرانە، کەسێک خەونی گەورە و واتای گەورەی بوونی کەشف کردووە و بە پاکی ئەزموونی بوونی خۆی لەم جیهانەدا دەکات.

٧

مردن ئەزموونی زیندووەکانە!

لە سەردەمێکدا، کە زانست و تەکنیک لەم پەڕی هێز و دەستەڵاتی خۆیدایە، فەلسەفە و دەروونناسی و زمان و هەموو زانستگەلی تر مرۆڤایەتیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام خەرمانی ئەم زانستە، هەقیقەتیان پەردەپۆش کردووە و ناهێڵن مرۆڤ خۆی لە نێو ئەم مرۆڤایەتییەدا حزووری هەبێت!

پڕۆژەکەی شووشە بۆ راگرتنی ئەم سەرشێتییە، ئەمەیە کە حزوور بۆ مرۆڤ پەیدا بکاتەوە، لە نێو مرۆڤایەتییەکدا کە بە تەواوی مرۆڤی لە واتا  و هەقیقەت پەردەپۆش کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ دەبێت ئەزموونی مردن بکات و بێتەوە باسی ئەم ئەزموونە بکات تا خەڵکی بەرەو بوون بگێڕنەوە.

شووشە دەیەوێت مردن بکاتە دەرگەی رزگارکردنی مرۆڤایەتی لەم گەردوونەدا تا بە ئازادی بەرەو گەردوونەکانی تر بچێت. ئەم ئەزموونە ئەزموونێکی بەرزی سۆفیگەری و فەلسەفییە، چونکە ئەوەی لەم جیهانە دەردەچێت، زیندووەکانن نەوەک مردووەکان! مردن لەم ئەزموونەدا هیچ پێوەندی بە تەواوبوونی ژیانی بایۆلۆژی مرۆڤەوە نییە، چونکە لە ئەزموونی سۆفیدا، ژیانی بایۆلۆژی لە ژیانێکی تر جیابۆتەوە، کە ژیانێکی جەوهەرییە و سەرچاوەی ژیانی بایۆلۆژییە، بوونە. بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم جیهانەدا دەربچێت، دەبێت لەم ژیانە بایۆلۆژییەدا ئازاد بێت، واتا لە پێناو دوای مردن ئازاد بێت، واتە ئەم ژیانە ببێتە دەرگەیەک بۆ پەڕینەوە بۆ ژیانێکی تر، ئەوەی دەتوانێت ئەم گواستنەوەیە جێبەجێ بکات، مرۆڤە گرانەکانن، نەوەک هەرزانەکان، چونکە ئەم گواستنەوەیە لەم ژیانە بایۆلۆژییە بۆ ژیانی جەوهەری تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کە لەپێناو دوای ژیان ئازادن!

بۆیە ئەوانەی خۆیان دەکوژن، ئەوانەی خراپەکارن، ناتوانن ئازاد ببن و ئەم جیهانە بەجێبێڵن. ئەوەی بەجێی دێڵێت و بە دوورگە و جیهانەکانی تر دەگات، بە ژیانێکی تر دەگات، کەسێکە وەک شووشە بێگەرد و رەوان و شەفاف و پاک. ئەوانەی بە واتای بوون و مردن و ئازادی و پاکی گەیشتوون دەتوانن بپەڕنەوە. بۆیە مردن دەبێتە ئەزموونی کەسە زیندووەکان!

٨

رۆمانی (مرۆڤی هەرزان) کۆمەڵێ بابەتی جواروجۆری تری سیاسی و کۆمەلایەتی و رۆشەنبیری و فەلسەفی لە خۆی دەگرێت و بە خوێندنەوەی مرۆڤ دەتوانێت پتر لە بینینی نووسەر بۆ بوون و ئەزموونکردنی بوون بگات. شێوازی نووسینەکەی رەوان و سرکە، مرۆڤ دەتوانێت بەیەک نەفەس بێ وەستان بیخوێنێتەوە، تەکنیک و کەسەکان و دەربڕین و دایلۆگ و شێواز و ناوەڕۆکی کارئەکتەرەکان لە جێی خۆیانن، هونەریانە نووسراوە و لە هەموومان پیرۆز بێت.

مرۆڤی هەرزان. گۆران سەباح. لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار، چاپی یەکەم ٢٠٢١