دەسپێکێک بۆ ڕۆمانی خەیاڵی زانستی
فەرهاد حەسەن
دوێنێ لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بوومەوە.
ماوەیەک لەمەو پێش سایتێکی ئەمریکی داوای لە نوسەران کرد ،چیرۆکێک لەسەر پێشبینی بۆ کەش و هەوا هەتا ساڵی( 2200 )بنووسن .
ئەوەی لە گۆگڵ بۆی گەڕام تەنها چەند چاوپێکەوتنێکی ئەم نوسەرەبوو لەسەر نوسینی خەیاڵی زانستی . ئەو کات زانیم کتێبخانەی کوردی چەند هەژار و دەستکورتە لەو بارەوە و نوسەری کورد چەند بێ موبالات و بێ ئاگایانە ئاوڕی لەم بوارە نەداوەتەوە ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک . یەکێک لەوانە بەپێچەوانەی دنیاوە ئێمە سەرەتا چیرۆک مان نووسی لەسەدەی هەژدە و نۆزدەدا لەڕێگەی عەرەبی شەمۆ و دوواتر جەمال سائیب و ڕەحیمی قازی و ئیبراهیم ئەحمەدەوە ،بەڵام ئەوروپا سەرەتا بە ڕۆمان دەسیان پێکرد .
ڕۆمان چوونکە ژانرێکی نوێبوو لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا هاتە ئارەوە . بەنیسبەت کوردەوە نەکرا هەموو جۆرەکانی ئەزموونبکرێت و بنوسرێتەوە .ئەوەشی کرا هەتا ئێستا لەبازنەی ڕۆمانی کۆمەڵایەتی و ڕۆمانسی و سۆزداری و مێژوویی و بایۆگرافی زیاتر پەلی نەهاوێشت . لەکاتێکدا لە ئەوروپا دەیان جۆر ڕۆمان دەنوسرا وەک لە بەریتانیا پتر ڕۆمانە پۆلیسی و سەر کێشیەکان و لە ڕوسیا بە ڕێبەرایەتی دیستۆڤسکی ڕۆمانە سایکۆلۆژیەکانی وەک تاوان و سزا دەهاتنە بوون و لەلایەن نوسەرانی وەک فلۆبیر و ستاندال و جیمس جۆیس و ڤیرجینا ۆڵف لەسەر شێوازی تەکنیکی مۆنۆلۆگ و شەپۆلی هۆش ڕوداوەکانیان بنیات دەنا.
پاشان چەندین ڕۆمان و ڕەوتی نوێی نوسین سەریان هەڵدا لەوانە ڕۆمانی نامەیی ،یاخوود ڕۆمانی فەلسەفی وەک جیهانی سۆفیایی یۆستاین گاردەر ….هەتا دووای .
ڕۆمانی خەیاڵی زانستی خۆشبەحتانە لەلایەن -گۆران سەباح- ەوە کەلێنێکی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕکەردەوەو ناوی خۆی خزاندە لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەبیاتی کوردییەوە .
ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕوو داو پێشهاتی هەشتاساڵی ئایندە بنیات نراوە ، و نوسەر جگە لە داهێنان و ناونانی چەندین ئامێری خەیاڵی زانستی ، زمانێکی نوێشی لەگەڵیدا بەکار هێناوە .
ڕۆمانەکە لەچەند بەشێکی زنجیرەی پێکدێت و باس لە نەخۆشیەک دەکات لە بێمانایی ژیان و بێ قەناعەتیەوە سەر چاوە دەگرێت و مرۆڤ بەرەو هەڵدێر و خۆکوژی دەبات.
سەنتەری ڕووداوەکان شاری هەولێرە و نوسەر لەڕێگەی گێڕەرەوە گەشتێکی خەیاڵی زانستی ئەنجامدەدات و هەندێک جار تەکنیک وادەخوازیت بگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 2040،2050،… ئێمە هێشتا لەخۆمان پرسیووە کۆتایی مرۆڤ دەگاتەکوێ ؟ ئایندەی زەوی ،
گەرمبوونی زەوی ،پیسبوونی ژینگە ، پێشکەوتنە مەزنەکانی مرۆڤایەتی لەبارەی تەکنەلۆجیایی نوێ و گەڕان بەدووای هەسارەکان دۆزینەوەی ژیانی نوێ ؟
هێشتا لەخۆت پرسیوە پاش سەدساڵیتر ئایندەی مرۆڤ دەگاتە چ ئاستێکی پێشکەوتن یاخوود وێران بوون ؟
زەوی کۆنە، ڕەنگە ئێمە پەتای ئیسپانیمان بیر نەیەتەوە ،بەڵام وا تۆمار کراوە ملیۆنان خەڵکی کوشت . نەخۆشیە درێژخایەنەکان ،قەڵەوی،جگەرە،کحول دووکەڵ،پاشەڕۆ ،دەرمانە مێروو کوژەکان … ئەمانە هەموویان هۆکاری مەترسین لەسەر ژیانی مرۆڤ و زەوی.
بەهیوام ئێوەش ئەم کتێبە بخوێنەوە. وەک خۆم چێژم لەشێوازی گێڕانەوەی بینی . ڕەنگەبۆ خوێنەر چەند پەڕەیەکی سەرەتا ئەستەم بێت ،لەبەر ئەوەی تۆپی بکوژ، ئارگ ،پۆهمان و ناوهێناو بەکار هێنانی چەن ناوێکی خەیاڵی یان زانستی نامۆبێت .پاش هەڵدانەوەی چەند پەڕەیک ڕادێیت لەسەر دیمەنەکان و بگرە گەشتی ڕۆحی چەند کەساتیەک بەتایبەت میتاڵ ،یاخوود شووشە، هەرگیز لەبیر ناچێتەوە .ئێمە ڕەنگە تەنها لەڕێگەی فیلمەکانی خەیاڵی زانستی لەسەر کات و زەمەن و هەسارەکان و جیهانی نوێ شارەزای ئەو ژانرەیین ،بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دەڕۆیتە ئاستێکیتری تێگەشتنەوە لەمەڕ ژانری خەیاڵی زانستی.هادیگەر دێڕێکی هەیە دەڵێت “پێویستە لە ڕووداوەکانی مێژووەوە ئێستامان بخوێنینەوە”بەڵام لەم ژانرەدا لە داهاتووەوە ئێستا دەگێڕیتەوە.
سەلیقە و شارەزایی نوسەر لە تێکەڵکردنی میتالۆژیا و زانستدایە . گەشتکردن بە جیهانی مردوواندا و گەڕانەوە لێی .