كتێبێك بۆ مێژووی هایكوی كوردی له داهاتوودا
رێزان حه‌سه‌ن
هایكو، كه سه‌ره‌تا پێی گوتراوه (هۆككو) فۆرمێكی شیعری ژاپۆنییه، كه به واتای (شیعری ده‌ستپێك) دێت. دوای چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر وشه‌كه‌دا، دواجار له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیری ژاپۆنی (ماساۆكا شیكی) له ساڵی 1892 وشه‌كه به (هایكو) چه‌سپا. جێگیربوو، كه به مانای (منداڵی خۆڵه‌مێش) دێت.
له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ژاپۆن به رووی ئه‌مریكا و ئه‌وروپادا و به‌تایبه‌تیش دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به رووی جیهاندا. ئه‌م فۆرمه له شیعری كورت به‌خێرایی گه‌شه‌ی كرد و په‌ڕییه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و دواتریش به‌دنیادا بڵاوبووه‌وه.
وه‌ك هه‌موو گه‌لانی تر، ئه‌دیب و شاعیرانی كوردیش له‌م بواره‌دا نووسیویانه و (10) ساڵه كه به‌جددی كار له‌سه‌ر نووسینی هایكو و بنیادنانی هایكوی كوردی ده‌كه‌ن. له پاش هه‌وڵی چه‌ندین نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند كتێب له ده‌قی هایكو و وتار و نووسین له‌مه‌ڕ هایكو. ئه‌مڕۆ نووسینی هایكو زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه و شاعیری زۆرمان هه‌یه به نووسینی ئه‌م فۆرمه له شیعره‌وه سه‌رقاڵن، كه په‌یجی (یانه‌ی هایكوی كوردی) یش رۆڵێكی كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌م به‌ره‌وپێشه‌وه چوونه‌دا. به‌ڵام شاعیر و هایكیست (سه‌ردار حه‌مید نۆڕێ) كه له ریزی پێشڕه‌وانی یانه‌ی هایكوی كوردییدایه. هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌وپێش بردن و ناساندن و راهاتن له‌سه‌ر نووسینی ئه‌م فۆرمه‌ی شیعر جێگای پێ‌زانین و سه‌رنجلێدانه. كه تا ئه‌و جێیه‌ی من ئاگادارم چه‌ند ساڵێكه به هایكو به‌شداری له فێستیڤاڵی گه‌لاوێژدا ده‌كات، ته‌نها له‌به‌ر خاتری پێش چاوخستنی لیژنه و ناساندنی هایكو.
كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق
دیارترین ههوڵهكانشی له‌مه‌ڕ هایكو بڵاوكردنه‌وه‌ی دیوانه هایكویهكه به ناوی (كه‌وتنه خواره‌وه‌ی مه‌راق). كه (600) هایكو له‌خۆده‌گرێت و دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر سێ كتێبدا.
كتێبی یه‌كه‌م: پژمینی گوڵ.
هایكو سروشتییه‌كانی ده‌گرێته‌وه. جا له ده‌قێكدا ده‌ڵێت: (له باوه‌شیدایه، به‌شه‌و مانگ و به رۆژ خۆر ) هه‌واڵی دیارده‌یه‌كی سروشتی ئاشكرا به‌یان ده‌كات، به زمانێكی ئه‌ده‌بیانه. ئه‌ما ئامانجی ئه‌مه له دێڕی سێیه‌مدا به‌یان ده‌كات. كاتێ به رسته‌یه‌كی پرسیار كۆتایی به ده‌قه‌كه‌ی دێنێ و ده‌ڵێت: (ئایا به‌خته‌وه‌ره ئاسمان؟) به‌م دێڕه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌بێ و ناتوانێت خۆی له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه بكێشێته‌وه. به ویستی خۆی بێ یان بێ ویست تووشی رامان و بیركردنه‌وه ده‌بێت له‌وه‌ی ئایا وه‌كو نووسه‌ر گوتی ئاسمان به‌خته‌وه‌ره به بوونی مانگ و خۆر؟! به‌ڵام خۆ ئاسمان گیانی تێدا نییه تا بپرسین هه‌ستی چۆنه به بوونی مانگ و خۆر له باوه‌شیدا. ئه‌ی باشه نووسه‌ر به چ مه‌به‌ستێك ئه‌م هایكویهی نووسیوه؟!
ئایا ته‌نها ویستویه‌تی دۆخێكی سروشتی به‌یان بكات؟ یان ویستویه‌تی ته‌عبیر له هه‌ستی دایكێك بكات به بوونی منداڵه‌كانی (كوڕ و كچه‌كانی؟) یان هه‌ستی عاشقێك به بوونی مه‌عشوقه‌كه‌ی و مناڵێك له مه‌عشوقه‌كه‌ی؟ یانیش هه‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندێك به بوونی ئه‌و شته مادی و مه‌عنه‌وییانه‌ی ویستوونی و چه‌ندان پرسیار و ئه‌گه‌ری دیكه كه له ئه‌نجامی رامانی زۆر و قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌هزری خوێنه‌ردا دێن.
په‌روێز هوما
له نموونه‌یه‌كی دیكه‌دا شاعیر و هایكیست (په‌روێز هوما) دیارده‌ی ده‌ركه‌وتنی مانگ به ره‌نگێكی سوورباو له پشتی په‌ڵه هه‌ورێكه‌وه به وێنه شیعرییه‌كی جوان له فۆرمی هایكودا به‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت:
له پشت هه‌ورێكه‌وه
مانگ ـ
به شه‌رمێكه‌وه حه‌مام ده‌كات.
جا ره‌نگه سووره‌كه‌ی به شه‌رمنی كیژۆڵه‌یه‌ك و جوان ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به پاك و جوان ده‌ركه‌وتنی دوای حه‌مامكردن ده‌شوبهێنێ. و له هایكوی دواتریدا جلی بووكێك له‌به‌ری مانگ ده‌كات، كه جوانی و شادی ده‌ركه‌وتنی نه‌شئه‌یه‌كی وا به ئه‌ستێره‌كان ده‌به‌خشێت، كه هه‌موویان به رووناكی رووی ئه‌و ده‌بریسكێنه‌وه و بۆی دێنه سه‌ما.
له‌به‌ر شایی مانگ
گه‌له ئه‌ستێره ـ
ده‌ستیان گرتووه.
له‌م جۆره ده‌قانه‌دا توانایی نووسه‌ر له نووسینی هایكۆدا و كاریگه‌ری هایكو له ئه‌ده‌بدا به‌دیار ده‌كه‌وێت.
كتێبی دووه‌م: عاشقێك میزه‌ڵان ده‌فرۆشێت.
هایكو مرۆییه‌كان ده‌گرێته‌وه. وه‌كو ئه‌م هایكویهی كه ده‌ڵێت:
عاشقێك میزه‌ڵان ده‌فرۆشێ
به فوتێكراوی لێیدهكڕم.
ده‌بمه هه‌ڵگری حه‌سره‌ته‌كانی!
ئه‌مه ته‌عبیر له دۆخی گه‌نجێك ده‌كات بۆ گه‌یشتن به یاره‌كه‌ی و پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ری هه‌وڵی پێكه‌وه‌نانی پاره ده‌دات به فرۆشتنی میزه‌ڵان، كه وه‌كو هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئاوه به‌ده‌رزی. به‌ڵام ئه‌و مانوبوونه كوڕه‌ی عاشق ناوه‌ستێنێ و كۆڵ نادات له پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ی. كاتێك نووسه‌ر ده‌ڵێت:(بهفو تێكراوی لێی ده‌كڕم) به‌نیازه هاوكاری مادی و مه‌عنه‌وی كوڕه گه‌نجه‌كه بكات. به‌زمانی حاڵ پێی بڵێ له‌و حه‌سره‌تانه‌ی تۆ ده‌گه‌م كه له ناخت‌دا په‌نگیان خواردووه، ده‌ستی مانوبوونت ده‌گوشم و رێزی ئه‌و كۆڵنهدانهت ده‌گرم.
هه‌مان ده‌ق له لێكدانه‌وه‌یه‌كی تردا ته‌عبیر له ژیانی گه‌نجێكی هه‌ژاره. له كاتێكدا كوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندێكی له ته‌مه‌نی ئه‌ودا له خۆشگوزه‌رانی و رابواردندا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ و هه‌ر شتێكی بوێت به ئاسانی بۆی فه‌راهه‌مه. گه‌نجه هه‌ژاره‌كانیش له حه‌سره‌تی گه‌یشتن به ساده‌ترین خهونیاندان. له‌باری سێیه‌مدا، ته‌عبیر له گه‌نجێكی هه‌ژار ده‌كات، كه ناتوانێت یان ده‌ترسێت له‌وه‌ی كه نه‌توانێت بگات به كچه مه‌عشوقه‌كه‌ی. له‌به‌ر خۆپه‌رستی و پاره په‌رستی كچه یان خانه‌واده‌كه‌ی، كه چاویان له ده‌وڵه‌مه‌ندی كوڕه‌كه‌یه. یان ته‌ڵه‌ب و داواكاری زۆریان هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ریاندا.
ته‌ڵعه‌ت تاهیر
هه‌روه‌ها شاعیر (ته‌ڵعه‌ت تاهیر) له كورته شیعرێكی هاوشێوه‌دا ده‌ڵێت:
دانه دانه فووی له میزهڵانهكان ده‌كرد و
به په‌تێكه‌وه له مه‌چه‌كی خۆی ده‌به‌ست
میزهڵانێكم بۆ كچه‌كه‌م لێ كڕیوو
له دڵی خۆمدا گوتم
حاجی به‌س تۆ له‌م وڵاته هه‌ناسه‌ت به خه‌سار نه‌چوو.
له‌م ده‌قه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ی هایكۆی (عاشقێك میزه‌ڵان ده‌فرۆشێت) گوزارشت له دۆخی هه‌ژاری پیره مێردێك ده‌كردێت و نووسه‌ر له‌گه‌ڵ دڵته‌نگ بوونی بۆ ره‌نجی پیاوه میزهڵانفرۆشهكه، بیری بۆ ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران مرۆڤی دی ده‌روات كه له دۆخێكی سه‌ختدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن. هه‌ر به‌م هۆیه‌ش نه‌فره‌ت له وڵات و كاربه‌ده‌ستانی ده‌كات كه هه‌موو میله‌تیان هه‌ناسه سارد كردووه.
ده‌كرێ بڵێین ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان به‌گشتی و هایكوش به تایبه‌تی، ئه‌فراندنه‌وه‌ی پڕ واتا و سه‌ر له‌نوێی ساته ئاسایی و ساكاره‌كانی رۆژانه‌یه و بۆ خستنه به‌رباسی رووداو و دیارده جوان و ناشیرینهكانه له فۆرمێكی ئه‌ده‌بیدا، كه خوێندنه‌وه‌ی هه‌م چێژ به‌خوێنه‌ر ببه‌خشێت و هه‌م سه‌رنجی راكێشێ بۆ رامان و بیر لێكردنه‌وه.
كتێبی سێیه‌م: ههنگێكم له‌كاتی پێوه‌دان!
كه كۆمه‌ڵێك هایكوی ئیرۆتیك و پۆڕنۆگرافی شێوه داپۆشراوه. ده‌كرێ بڵێین ئه‌مه ده‌بێته ده‌ستپێكێكی جددی له ئه‌ده‌بیاتی كوردی و به تایبه‌ت له هایكوی كوردیدا.
جا من به‌های به‌رزی نووسینی شیعر یان هایكوی ئیرۆتیك و پۆڕنۆ له‌وه‌دا ده‌بینم كه لایه‌نی جوانی ئه‌م دۆخه له وێنه‌ی شیعریدا ده‌خاته به‌ردیدی خوێنه‌ر، له‌كاتێكدا هه‌میشه بۆ مه‌رامی نه‌گریسی كه‌مینه‌یه‌ك، به‌شێك له پیاوانی سیاسی و ئایینی، به چاوێكی ناپه‌سه‌ند و به دیدێكی نه‌شیاو ئه‌م پێویستیه‌ی مرۆڤایه‌تی له كۆمه‌ڵگادا به‌رباس ده‌ده‌ن!
له‌م كاته‌دا شاعیر له رێگه‌ی نووسینه‌كانیه‌وه ئه‌ركی وشیار كردنه‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات و وا له خوێنه‌ر ده‌كات به بیركردنه‌وه و روانینی خۆیدا له هه‌مبه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه بچێته‌وه، كه پیرۆزترین په‌یوه‌ندی نێوان دوو ره‌گه‌ز به‌گشتی و نێر و مێیی مرۆڤه به تایبه‌تی.
و (4) تانكا و(2) هایبوون له‌م دیوانه‌دا هه‌یه، كه ئه‌وانیش له رووی فۆرمی شیعرییه‌وه به ده‌سته خوشكی هایكو ناو ده‌برێن. شاعیر له‌م به‌رهه‌مه‌یدا هاوشانی هایكوكانی، خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتگیر بۆ فۆرمی هایكو ده‌كات. هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه له‌نێو ئه‌ده‌بی ژاپۆنی و چۆنیه‌تی په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌نێو ئه‌ده‌بی گه‌لاندا و تا ده‌گاته ئه‌مڕۆ له نێو ئه‌ده‌بی كوردی خۆماندا هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌رباس و روونكردنه‌وه‌یان ده‌خات. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌یه كه به‌نده وه‌ك خوێنه‌رێكی ورد و به ئه‌زموون وای ده‌بینم كه (كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مه‌راق) كتێبێكه بۆ پته‌وكردنی جێ پێی هایكوی كوردی ئه‌مڕۆ و سه‌رچاوه‌یه‌كی باشیشه بۆ مێژووی هایكۆ له داهاتوودا. هه‌ر وه‌ك تا ئه‌و جێیه‌ی من ئاگادارم كتێبه‌كه پێشوازییه‌كی باشی لێكراوه، هه‌م له لایه‌ن خوێنه‌ران و هه‌میش له‌لایه‌ن توێژه‌ران و ره‌خنه‌گرانه‌وه، لێره و له‌وێ بابه‌تی جیا جیای له‌سه‌ر ده‌نووسرێت.
ئه‌مه له كاتێكدا خوێنه‌ران و شیعر دۆست گه‌لێكیش هه‌ن شیعری مۆدێرنه به‌گشتی و هایكو به‌تایبه‌تی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، كه گوایه ریتمی شیعریان تێكداوه و ئاوازی شیعریان شێواندووه. ئه‌مما من ئه‌م ره‌ت كردنه‌وه‌یه بۆ كه‌م ئه‌زموونی و سه‌رنج نه‌دان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه. چونكه هه‌ر وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌دا باسی لێوه كراوه، هایكو هه‌رگیز له یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌یدا خۆ به‌ده‌سته‌وه نادات، به زۆریش به رسته‌ی ناته‌واو ده‌نووسرێت و باقێكهی بۆ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر جێده‌هێڵرێت. به‌ڵام ئه‌و لێدوان و روون كردنه‌وانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هاتووه له‌مه‌ڕ هایكو و ده‌سته خوشكه‌كانی (سینریو ـ تانكا ـ هایبوون) و ئه‌و شاعیر و نووسه‌ره كوردانه‌ی له‌م بواره‌دا هه‌وڵی زۆریان داوه و پێنووسه‌كانیان به‌گه‌ڕ خستووه تا ئه‌ده‌بی كوردی به‌م فۆرمه نوێیه‌ی شیعر ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه پێویسته چیتر دان به‌وه‌دا بنێرت كه شان به‌شانی هایكوی گه‌لانی دنیا كوردیش هایكوی هه‌یه.