daqi mirdn

2020/12/24

مردن پرسێکی قووڵی فەلسەفییە

سۆران ئازاد
“مەرگ بە ڕاهێژانەوە وەربگرە، و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ببەوە. ئەگەر لە دەرگەکەتی دا، ئەوە بکە کە پێشبینینەکراوە: لێگەڕێ با بێتە ژوورەوە. ئەگەر هەوڵی دا بتترسێنێ، بەجێی مەهێڵە، بە دەمیەوە پێبکەنە، قبووڵی بکە. داخۆ پێویستە مەرگ بە تۆ پێبکەنێ، ڕێزێکی بێئەندازەی بۆ پیشان بدە. چونکە مەرگ بەو چەشنە نیکڕەفتارییە ڕانەهاتووە، بە دڵنیاییەوە ئەوە مەرگ دادەزنێنی.”
(مردن لەپێناو ئایدیاکاندا)، لە نووسینی (کۆستیکا براداتان) و وەرگێڕانی (نەبەز سەمەد)، یەکێکە لەو پەرتووکە جوان و پڕ بایەخانەی، کە لەبارەی مەرگەوە خوێندوومنەتەوە. مردن پرسێکی قووڵی فەلسەفییە، کە بە قووڵی کاریگەری لەسەر ژیانی تاکەکەس دروست دەکات، تەنانەت بووەتە چەکێک بۆ داگیرکردنی ئازادییەکانی تاکەکەس. لەو پەرتووکەدا، ئەوەمان پێشان دەدرێت، کە فەیلەسووفان لە ئاست مەرگدا دەستەپاچە نین، بەڵکوو خاوەن هێزن بەرانبەر بە مەرگ؛ نەک لێی ناترسن، بەڵکوو مردن دەکەن بە کەرەستەیەک بۆ ژیانێکی پڕ ڕەزامەندی و واتادار. ئەو پەرتووکە بۆ هەموو جۆری خوێنەرانە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت مردن بکەن بە پڕۆژەیەکی داهێنەرانە بۆ ژیان و ئازادییەکانیان. (براداتان) لەوەدا بەختی هەیە، کە وەرگێڕێکی کوردیزان و شارەزا لە فەلسەفە ئەو بەرهەمەی بۆ وەرگێڕاوە. بەڕاستی ئەو پەرتووکە هیی ئەوە نییە پەراوێز بخرێت.
تەنیا دوو سەرنجی لاوەکی لەسەر وەرگێڕانە کوردییەکە.
یەکەم، دەبووایە سەرچاوەکان وەک خۆی دابندرایانەوە مادام بۆ نووسینی پەرتووکە بە کار هاتوون.
دووەم: وشەی ‘دەسەڵات’، کە زیاتر لە میدیای کوردی و لای ئەو ئەو نووسەر و وەرگێڕانە بە کار دێت کە شارەزای زمانی کوردی نین، هەڵەیە و بۆ قوڕسایی ئەو پڕۆژە فەلسەفەیە، گرنگە، کە دەستەواژە دروستەکە بەکار هاتبا، کە ‘دەستەڵات’ە.
(مردن لەپێناو ئایدیاکاندا) لە لایەن وەشانخانەی ‘نووسیار’ لە ساڵی 2020 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.